فەزیلە لە«هەرێمەکانی ترس»دا … نوسینی شەماڵ بارەوانی – بەشی سێهەم وکۆتایی…
فەزیلە لە«هەرێمەکانی ترس»دا
نوسینی شەماڵ بارەوانی
بەشی سێهەم وکۆتایی…
پێمان دەڵێ مرۆڤ لەسەرووی هەموو شتێکەوەیەو دەبێ وەک سۆفیستاییەکان مرۆڤبوون بکەین بە پێوەرو، بە پیرۆزی سەیری مرۆڤ بکەین. ناکرێت جیاوازییەکان بسڕینەوە و بە ناوی بەهەشتی ئەو دیو و ئایینەوە، دۆزەخ بۆ ئەو دیوەی ژیانی خەڵکەوە سازدەین و خۆمان لە خەڵک بکەین بە شمشێر و نوێنەر و سێبەری خوداوەند و هاوشێوەی دڕندە و هۆڤییەک بەربینە گیانی کەڕامەت و ئازادی و ژیانی خەڵک و بە ناوی ئاسمانەوە، خەڵکی لەسەر زەوی بکوژین و ژیان بسووتێنین و دنیا وێران و خاکی ئەوانی تر داگیربکەین.
خوداوەند نایەوێت کەس لە پێناو ئەودا خوێنی بێتە ڕژاندن. خوداوەند ناخوازێت لە پێناو ئەودا جوانییەکانی ژیان ناشیرین بکەن و ئاوەدانی بوون وێران بکەن.
وەلێ ئەفسوس ئەو بوونەوەرانەی لە هەموو بەهایەکی مرۆڤ بوون و مۆڕاڵێکی بەرزو جوان داچۆڕاون و بوون بە هۆڤییەکی ڕقاوی و تاریک بین و فاشیست، هەرگیز لە مرۆڤ بوون و ویژدان و زمانی دیالۆک و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان و جیاوازییەکان تێناگەن.
ئەو فاشیستانەی باوەڕیان بە هێزی شمشێر و ئەقیدەی سەربڕین و فیقهی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ و مەزهەبی ئەتکردنی ژن هەیە و هەرێمە ئارامەکانی ژیانیان پڕکردووە لە ڕقی مەزهەبی و دەمارگیری ئایینی و تابوو و ترس و تیرۆر و تۆقاندن.
ئەو فاشسیتانەی تەمی مەزهەب و تاریکایی ئایدیۆلۆژیا، بەری چاوی گرتوون و کوێری کردوون لە ئاست بینینی مرۆڤایەتی. ئەو فاشییانەی خۆیان بە مرۆڤی باڵاو سوپێرمان و حەقیقەتێکی ڕەهای سەروو گومان و کۆتا قسە و دوایین تێکست و تەفسیر دەزانن.
ئەو فاشیستانەی دنیا بەسەر ڕەنگی ڕەش وسپی دابەش دەکەن و خۆیان بە سپی و دەرەوەی سنوری پانتایی دیدە تاریک و تەسکەکەی خۆیانیش بەڕەش پێناسە دەکەن.
ئەو فاشیستە فیکر کوێرانەی جگە لەو دوو ڕەنگە، هیچ ڕەنگێکیترو ئاڕاستەیەکیتر نابینن و ئایدیۆلۆجیاو مەزهەبەکەیان لە ئاست بینینی مرۆڤایەتی و ڕەنگەکان و جیاوازییەکان کوێری کردوون و ناتوانن دەیان و سەتان جیاوازیترو و هەموو ڕەنگ و ئاڕاستەکانی تر ببینین.
ئەو فاشیستانەی زۆر تۆتالیتار و تاک ڕەهەندو پۆپۆلیستن و باوەڕیان بە پلۆڕالیزم و فرەیی نییە و تەنها لە خۆیان و بیرە تاریکەکەیان زیاتر ئامادەنین کەسیتر و دیدیتر ببینن و قبوڵ کەن و دانی پیا بنێن.
ئەو فاشسیتانەی هەرچی کەسێک بە مێشکە ژەنگاوییەکەی ئەوان بیرنەکاتەوەو بە چاویلکە ڕەش و تاریکەکەی ئەوان نەبینێت و بە پێیەکانی ئەوان هەنگاو بۆ دواوە نەنێت و بە پێی یاسا بەردین و ئایدیۆلۆژییا هۆڤانەکەی ئەوان نەجوڵێتەوە، ئەوە کافرو بێ بڕوایەو ڕشتنی خوێنی ڕەواو ئەرکێکی پیرۆزە. ئەو فاشیستانەی دنیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەکەن، بەرەیەک خۆت و هەرچی لە گەڵتدابێ، ئەوە بەرەی ڕێگای ڕاستی و دۆستی حەقیقەت و وەلی خوداوەند و فیرقەی ناجیە و تیپی بەهەشتن. بەرەکەی تریش دۆستانی ئەهریمەن و دووژمنێکی سەرلێ شێواو و کافرگەلێکی بێ ڕەوشت و دانیشتوانی دۆزەخن!
ئەو فاشسیتانەی بە خەیاڵی خۆیان هەموو ڕاستییەک لای خۆیانە و هەرخۆشیان دەستیان لە کلیلی دەرگای بەهەشت گیربووەو بەهەشتیش هەر لەسەر ناوی خۆیان و باوک و باپیرانیان تاپۆکراوە و خەڵکانی تریش هەمووی لەسەر هەڵەن و ئەهلی ئەسفەلولسافیلین و نیشتەنی قوڵایی دۆڵەکانی دۆزەخن.
ئەو فاشیستانەی خۆیان پێ پاکترین و چاکترینە و هەموو ئەوانەی تری دەرەوەی بازنەی بیرکردنەوە تاریکەکەی خۆیان ئاژەڵ و گڵاو پیسن و نابێ کچیان بدەیتێ و خواردنیان بخۆیت و جەژنە پیرۆزانە و سڵاویان لێ بکەیت و تێکەڵاویان بکەیت.
ئەو فاشیستانەی خۆشەویستی ئەوانی تر بەحەڕام و لادان لە ئایین و ڕق لێبوونەوەشیان بە ئەرکێکی پیرۆز دەزانن!