“ئافرەت و دەربازبوون لە كۆت و بەندی نەریتەكۆمەڵایەتییەكان ” … نوسینی/ دکتۆر ڤیان سلێمان

0

“ئافرەت و دەربازبوون لە كۆت و بەندی نەریتەكۆمەڵایەتییەكان “

نوسینی/ دکتۆر ڤیان سلێمان

 

داب و نەریتەکان بریتین لەو باوەڕ و ڕێوڕەسمانەی کە هزر و تێڕوانینی مرۆڤەکان لە قۆناخ و سەردەمەکانی پێشووتر باوەڕیان پێیبووە و لە ژیانی ڕۆژانەیان پراکتیزەیان کردوون، بەوپێیەش بوونەتە بەشێک لە باوەڕی کۆمەڵایەتی و کولتوری کۆمەڵگە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستراونەتەوە و بوونەتە سەرچاوەی کردار و ڕەفتار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤیان ئاڕاستە کردووە.

لە باسکردنی ئەم بابەتە تەنها مەبەستم لەو داب و نەریت بەها کۆمەڵایەتییانەیە، کە بوونەتە هۆکاری گرفت و دەردەسەری و سەدان ڕووداوی دڵتەزێن، واتە مەبەستم لە چەمکی داب و نەریت بەشێوەیەکی گشتی نییە، چونکە داب و نەریت لایەنی ئەرێنی هەم نەرێنی هەیە، مەبەستم ئەو نەریت و یاسا کۆمەڵایەتییانەیە کە لە خودی مرۆڤ زیاتر پیرۆزکراون و هەندێ جاریش ژیانی مرۆڤ بە تایبەت ئافرەت کراوە بە قوربانی پاراستنیان، یان بەهۆکاری ئەو داب و نەریتانە ئافرەت لە مافی بەشداریکردن لە ژیانی گشتی بێبەش کراوە، یان بەپشتبەستن بەو نەریتانە هەندێک کار و پیشە بۆ ڕەگەزێک قبوڵ دەکرێ و بۆ ڕەگەزێکی دیکە قبوڵ ناکرێ یاخود دەبێتە جێی سەرنج و ڕێگریشی بۆ دروست دەکرێ.

ناچارکردنی ئافرەت بە پابەندبوون بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان یان چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە لە ئافرەت و سەرنج خستنەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەتەکانی و گەمارۆدانی لەنێو کۆمەڵێک چەمکی لە شێوەی ڕەفتاری گونجاو بە ئافرەت، نەکەی یان نابێ و شەرم و عەیبە و دەرنەچوون لە نەریتی باو، ئەو چوارچێوانەن کە لەژێر ناوی ئادابی گشتی و ترادیسیونی باو ئافرەتیان کۆت و بەند کردووە و ڕێگاکانی دەرکەوتن و سەرکەوتنیان لێگرتووە، چەندین ساڵ و دەیە و سەدەیە ئافرەت لەژێر ناو وبەپاساو و بۆ پابەندی بەو نەریتانە بەند دەکرێ و لێیدەدرێ و دەکوژرێ و ناچار بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن دەکرێ. هێزی ئەم نەریتانە بەشێوەیەک کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕی کۆمەڵگە هەیە و بەشێوەیەک دەستیان پێوەگیراوە و پیرۆزکراون کە لە سەرووی هەموو پیرۆزییەکانی دیکەی کۆمەڵگە دانراون، تەنانەت ئایینیش.

سیستەمێکی کۆمەڵایەتی باوکسالاری خزمایەتی پەیوەندی خوێن باڵادەستی ئەقڵی خیڵ و هەژموونی پیاو لە خێزاندا، تا ئێستەش لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانین.

دەتوانم بڵێم زۆرینەی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە ئافرەت دەکرێن تەنانەت تاوانەکانی کوشتنیش پاڵنەری سەرەکییان ئادابی گشتی و نەریتی باوە، خۆشەویستی شەرمە و شکاندنی نەریتەکانە. سکاڵاکردن لە پیاو دەرچوونە لە ئادابی گشتی. چوونە بازاڕی کار بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەكان یەکسانیش نەبێت، بەڵام ئافرەت لە هەموو سێکتەرەکانی کار و کایەکانی ژیان و پنتێکی کۆمەڵایەتیدا بوونی هەیە، دیارە چەندین فاکتەر ڕۆڵیان لەو گۆڕانکاریانەدا هەیە، لە هۆکارەکانی جیهانگیری و گۆڕانکارییەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵام بیرمان نەچێت داینەمۆی گۆڕانکارییەکان خودی ئافرەت و قوربانیدانیەتی بۆ ئازادی و ماف و ئەرکی یەکسان. شکاندنی تابوەکان و بەزاندنی شورای کولتور و تەلبەندی داب و نەریتە، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە ئافرەت سەرمەشقی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانە، ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر بەها و باوەڕ و چەمکەکان هاتووە و تاڕادەیەک تێگەیشتنی کۆمەڵگەی ئێمەی بۆ زۆرێک لەو بەها و باوەڕانەدا هێناوە و زۆرێک لەو نەریتانەی شکاندووە کە ساڵانی پێش بەوشێوەیەی ئێستا نەبوون، لە هەمووی گرنگتر گۆڕانکاری بەسەر هەژموونی پیاوسالاری لە خێزاندا، بەرزبوونەوەی ڕێژەی سکاڵاکان و بێدەنگنەبوونی ئافرەت لە ئاست ستەم و ڕازی نەبوون بە نایەکسانی، چوونەدەرەوەی ئافرەت بۆ بازاڕی کار و سێکتەرەکانی دیکەی ژیان، هەرئەوەش واتە ئازادی ئافرەت و بەشداری یەکسانی لە کۆی کایەکانی دەسەڵات و بوارەکانی ژیان گەرەنتی دیموکراسی و گواستنەوەمانە بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو.

Leave A Reply

Your email address will not be published.