”باران و مرۆڤ، مرۆڤ و باران“…. حەسەن مارف

0

باران و مرۆڤ، مرۆڤ و باران“

حەسەن مارف

 

خۆت بدەرە بەر باران

مەترسە و

لە ژێر تنۆکەکانی بارانا ڕاوەستە..!

کە هەور دێت،

ئێمە لێی دەڕوانین،

ئەترسین باران ببارێت.

کە باران ئەبارێت،

چەترەکانمان هەڵدەدەین و

لەمبەری شەقامەکەوە بەڕاکردن،

بەرەوە ئەوبەری شەقامەکە ڕادەکەین.

لە هاتنی هەورێکی سکپڕ بە باران

شپرزە دەبین،

ناوچەوانمان دەدەین بەیەکدا،

دەڵێین؛

ئەمڕۆ ئاوهەوا ناخۆشە..!!

لە باران بڕاندا،

نوێژە بەبارانە دەکەین.

کەچی لەودیو پەنجەرەکەمانەوە بە پەستییەوە

دەڕوانینە بارانی حەوشەکەمان..!!

ئای ئەو بەیانییەی

کە لەخەو هەڵدەستین چەند پەستین،

کە دەبینین باران دەبارێت..!!

خۆت بدەرە بەر باران

بە هەموو سینە و دڵت پێبکەنە..

گەر باران نەبارێت،

وشکە ساڵی باوەش دەکات

بە زەوی و

درەختەکان و

شەقام و کۆلان و

دەغڵودان و

پێدەشت و دۆڵ و

گرد وچیاکان.

کە باران بڕان بوو،

وشک هەڵدێ

شەقار شەقار دەبێت زەوی،

جوتیار بێ بەرهەم و

قەدپاڵی چیاکان زەردهەڵدەگەڕێن.

کە باران تۆرا،

برسێتی شاتاوڵ دێنێ بۆ منداڵان،

ئاسمان مات مات

هەمووی بۆنی مەرگ دەگرێت.

کاتێک باران دڵۆپ دڵۆپ دێتەخوارێ

باکم نییە.. با هەموو شپرزەبن..!!

دڵی من وەک تنۆکەکانی باران

شادی پێدا دادەچۆڕێت،

تۆش دەتوانیت

کاتێک کە باران دەبارێت

بیرت لەلای پێکەنین بێت

لە ژێر بارانا سەما بکە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.