فەرمانبەرانی گرێبەست مافی سەرەتایی خۆیانە گرێبەستەکانیان بکرێتە هەمیشەیی…

0

فەرمانبەرانی گرێبەست مافی سەرەتایی خۆیانە گرێبەستەکانیان بکرێتە هەمیشەیی…

لە کوردستاندا بەدەیان هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە زۆربەی ئەو فەرمانبەرانە چەندین ساڵە خەریکی دەوام و خزمەتکردنن، کەچی گرێبەستەکانیان بۆ ناکرێت بەهەمیشەیی. بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێدەربەستی دەسەڵات و حکومەت!! کە ئاوڕ لە کار و بەرهەم و خزمەتیان ناداتەوە و دوای چەندین ساڵ هێشتا گرێبەستەکانیان کاتییە، ژمارەیەکی زۆر لەو فەرمانبەرانە بەرواری ٢٧ تەموز لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان وەرێخست.

ئەوە یەکەمین جار نییە، کرێکاران و فەرمانبەران و گرێبەست کاتی لە پێناو کردنی گرێبەستەکانیان بە هەمیشەیی دەست دەدەنە کۆبونەوەو خۆپیشاندان، بەڵکو دەیان جاری تر کۆبونەتەوە، نامەی ناڕەزایەتیان نووسیووە، خۆپیشاندانیان کردووە، کەچی بێ وەڵام هێڵراونەتەوەو گرێبەستەکانیان وەکو خۆی ماوەتەوە.

ژمارەیەکی زۆر لەو فەرمانبەرانە زیاتر لە ١٥ ساڵە خەریکی خزمەتکردنن، کەچی هێشتا گرێبەستەکانیان کاتییە و دانەمەزرێنراون و لە مافەکانیان بێبەش کراون.

کرێکاران و فەرمانبەرانی گرێبەست، مافێکی ڕەوای خۆیانە دوای ماوەیەک لە گرێبەستی کاتی، گرێبەستەکانیان بۆ بکرێتە هەمیشەیی و لە ماف و خزمەتەکانیان بەهرەمەند بن. لە هیچ گۆشەیەکی ئەم دنیایە نییە، کرێکارێک، فەرمانبەرێک… چەندین ساڵ بکات، بەڵام گرێبەستەکەی بۆ نەکرێت بە هەمیشەیی. ئەم حاڵەتە تەنها لە ژێر سایەی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بزوتنەوەی کوردایەتیدا هەیە، کەسێک ١٠ ساڵ و ١٥ ساڵ کاربکات، بەڵام دانەمەزرێت و مامەڵەی گرێبەستی کاتی لەگەڵ بکرێت. کۆمپانیا و دامەزراوەکانی ژێر سایەی دەسەڵاتی هەرێم بۆیە خۆیان لە دامەزراندنی ئەو فەرمانبەرانە دەدزنەوە، تا خۆیان لە مافەکانیان بدزنەوە.

کرێکاران و فەرمانبەرانی گرێبەست، بۆ ئەوەی بتوانن داوای ڕەوای خۆیان دابسەپێنن، پێویستە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانیان، فراوانتر بکەنەوە، سەراسەری بکەنەوە، دەست بۆ ئاستی بەرز لە رێکخراوبوون ببەن و گوشارەکانیان زیاتر بکەن، هاوکات داوا لە هاوپیشەکانیان لە شوێنی کارەکانیان بکەن پشتیوانیان بکەن.

وە نابێ کرێکاران و فەرمانبەرانی گرێبەست، لە خەباتیاندا بۆ مافی رەوای خۆیان بەتەنها بمێننەوە… کرێکاران و فەرمانبەرانی گرێبەست پێویستیان بە هاوپشتی و هاوکاری هەیە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.