پرسی رۆژ بەرێز یوسف عوسمان عەزیز/چاودێری سیاسی، وەڵامی پرسی رۆژی ئەم ژمارەیەی داوەتەوە…

0

پرسی رۆژ

بەرێز یوسف عوسمان عەزیز/چاودێری سیاسی، وەڵامی پرسی رۆژی ئەم ژمارەیەی داوەتەوە…

پرسی ڕۆژ/ ڕۆژی ٢٠ی تەموز ٢٠٢٢ لە هێرشێکی تازەی ڕژێمی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لەناوچەیەکی گەشتیاری لە شاری دهۆک. لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا ٩کەس ژیانیان لەدەستدا و پتر لە ٢٠ کەس بریندار بوون. هێرشەکانی ئەمجارەیان ناڕەزایەتی شەقامی عێراقی و کوردستانی و تەنانەت دنیایی لێکەوتەوە، و بەخۆپیشاندان لە شارەکانی بەغدا و سلێمانی لەبەرامبەر ئەو هێرشەی تورکیا خەڵک هاتە دەنگ.

لە شاری هەولێریش خەڵکی ئازادیخواز بۆ داکۆکیکردن لەو خەڵکە مەدەنیەی هەموو دەمێک دەبنە قوربانی خۆپیشاندان ڕێکخرا، بەڵام هێزە ئەمنیەکانی هەولێر ڕێگریانکرد لە خۆپیشاندانەکە و ٥ کەسیشیان دەستگیرکرد، و بەرپرسانی ئەو شارە تۆمەتیشیان بۆخۆپیشاندەران هەڵبەست.

بەڕێزتان ئەو ڕێگریکردنە لە ناڕەزایەتی دەربرین لەو کارە دژ بەئینسانیەی ڕژێمی تورکیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستان و بەتایبەتیش دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرەد چۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا ئەوە یەکەمجارە کە رێدەگیرێت لە ناڕەزایەتی دەربڕین؟ ئایا ئەو رێگریکردنە خوێندنەوەی دیکەی لێدەکرێت یان نا؟کێ قازانج لەو ڕێگریکردنە دەکات؟

بەڕێز یوسف عوسمان (چاودێری سیاسی) وەڵامی ئەم پرسەی بەمجۆرە دایەوە؛

شاری هەولێر وەک هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان لەمێژووەوە هەموو دەمێ پێشەنگی بەگژداچوونەوەی داگیرکاریە دێروکەکانی ناوچەکەن و خۆڕاگربوونە.

لەدەمی بەناو شۆڕشی ئەیلوول دەبینین هەموو دەمێ هێزی دەشتی هەولێرو سەفین لە هێزە دەستوەشێنەکانی ئەوسەردەمە بوونە لەدژی داگیرکاری، بەهەمان شێوەی دواتری ساڵی ١٩٧٥ هەتا سەرەتای ڕاپەڕین هەمان هێزی گورچک بڕ لەسەردەستی کوڕانی هەولێر سراوتە دوژمن.

لەڕاپەڕینیش هەر کوڕەکانی سەیداوە و سێتاقانو بەستەپیازە و کوران و خانەقا و تەعجیل… بەیەکجاری ئاسەواری دوژمنیان لەو شارە سڕیوەتەوە.

دواتر لەو سی ساڵەی لەکۆی دەستدرێژیەکانی تری داعش و هێرش و تۆپ بارانەکانی سوپای تورکیای داگیرکار ئەگەر لەپێشەوەی سەنگەرەکانی بەرگری نەبووبێ؟ ئەوا هەموو دەمێ بەڕووی ئەو دەسەڵاتە وەستایتەوە کەبوویتە سوپەری داگیرکاری ناوچەکە. هیچ جارێکیش بێ باجی گرتن و لێدان دەستبەرداری ئەو مافە سەرەتاییانە و داکۆکی بەرژەوەندی گشتی نەبووینەوە.

بەهەمان ڕیتمی جاران ئەوجارەش لەدەرەنجامی دوا هێرشی تۆپباران کردنەکەی ئەو دواییەی سوپای تورک کەقوربانی زۆری گەشتیاری خەڵکی باشورو ناوەڕاستی عێراقی لێکەوتەوە کە لەبۆ گەشت و ڕزگار بوون لەو گەرما تاقەتپڕوکێنەی هاوین ڕوویان کردبووە سەیرانگاکانی کوردستان.

ئێمە پێمان وایە ئەو دەستدرێژیە تاوانکاریە چەند سەرەیە.

سەرەتا سەرنج ڕاکێشانی گەشتیاری عێراق و کوردستانە بۆ ناو تورکیا، کە دەبینین بەهای دیناری عێراقی وەک دراوێکی ئەستورە لەچاو کەوتنی لیرەی بانقەنۆتی تورکی، و لەهەمان کات بەو هێرشە دەیانەوێت بیسەلمێنن کە کوردستان دەڤەرێکی ترسناکە بۆ ژیان و گەشت کردن!

دواتر لەهەمان کات دەیانویست ئەو تۆمەتە بخەنە پاڵ گەریلاکانی شۆڕشی ئازادی، و بە تیرۆریست بیان ناسێنن کە بەگشتی بە فەرمی و نافەرمی لەجادەی عێراقی و کوردستان ڕەت کرایەوە.

ئەوە بوو ئێمەی خەڵکی شار وەک سەرجەم شارەکانی دی کوردستان لەکاتێکی دیاری کراو و شوێنێکی بەئاشکرای دیاری کراو هەوڵی گردبوونەوەماندا لەبۆ پرۆتێستکردنی ئەوکارە تاوانە دوور لە مرۆڤایەتیەی دەوڵەتی تورک کە تاوانی جەنگی بەرامبەر گەشتیاری مەدەنی ئەنجامیدا.

بەڵام ئێمە ژمارەمان لەدەوری پەنجا کەسی سڤیلی دکتۆر و پارێزەر و خوێندەوار و شاعیر و نووسەری شار و چالاکی مەدەنی گەنجی کچ و کوڕ بووین.

لە بەرامبەر زیاتر لە سێ سەد کەسی جل لەبەری سەربازی ئاسایش و پۆلیس و دژەتێرۆرو؟! نزیکەی چل سەیاری سەر بەهێزەکانی ناوەخۆ و ئاسایشی شاراوەی تری بە جلی مەدەنی بەتووندی ڕێگریان لێمانکردو بەرەنگارمان بوونەوە.

هەموو سەرە ڕێگاکانی چوونە ناو پارکی شانەدەریان لێگرتبووین کە مەبەستی ئێمە گردبوونەوەی بەردەم پارکەکە بوو بەلای پارکی منارە.

ئیتر بە بیانووی ئەوەی دەست لەپشتمان بە هێز و پارتێکی تری دژی هەرێمی کوردستان و نەبوونی مۆڵەت. کە پێویستیمان پێی نەبوو، چونکە هی ئێمە تەنیا گردبوونەوە بوو نەک خۆپێشاندان.

لەدەرەنجام پێنج لە هاوڕێکانمان گیران. سێ کەسیان بەربوون لەئەنجامی فشاری زۆری خەڵک و سۆشیال میدیاو کەسانی تری لایەنەکانی وەک یەکێتی لە مەڵبەندی هەولێرێ .

بەڵام تا ئێستای ئامادەکردنی ئەو نووسینە دووان لە هاوڕێکانمان هەر گیراون و دەست بەسەر مۆبایلە کەسیەکانیاندا گیراوە.

ئەوەی مایەی سەرنج و تیاڕامانە، ئێوارەی دواتر کۆمەڵێک گەنجی تری عارەب لەناو جەرگەی شاری هەولێر لەناو پارکی نافورەکان بێ مۆلەت ناڕەزاییان لە دژی ئەو تاوانکاریەی دەوڵەتی تورک دەربڕی. پۆلیس و ئاسایش هاریکاریان بوو!

یوسف عوسمان عەزیز/چاودێری سیاسی

٢٠٢٢/٧/٢٧ هەولێر

Leave A Reply

Your email address will not be published.