لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردوی رێگای ئازادی و سۆسیالیزم… هاوڕێیان ئەرسەلان مەولود“ ئاراس“ و نەزیز عومەر“ ئارام“ دا

0

لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردوی رێگای ئازادی و سۆسیالیزم… هاوڕێیان ئەرسەلان مەولود“ ئاراس“ و نەزیز عومەر“ ئارام“ دا

 * ئەرسەلان مەولود ناسراو بە( ئاراس) لە دایکبووی شاری(کۆیە)یە. ساڵی ١٩٦٦ لەو شارە چاوی بەدنیای چەوسانەوە هەڵێناوە. هەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە کۆیە تەواو کردووە. پاشان لەساڵی ١٩٨٩ بەشی پێوەریار(مساحە)ی پەیمانگای بەغدا تەواو دەکات. ساڵی ١٩٨٤ بەهۆی نەچوونی بۆ مەشقی جەیشی شەعبی لە پەیمانگا دەردەکرێت (فەسڵ). پاش دوو ساڵ بە لێبووردنی گشتی بۆ خوێندکارانی دەرکراو، دەگەڕێتەوە پەیمانگا و خوێندن تەواو دەکات. لە قەیرانی شەڕی یەکەمی کەنداو سەرباز دەبێت، بەڵام پێش دەستپێکردنی شەڕ وەک هەزاران سەربازی دیکە ڕیزەکانی سوپا بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات و لە هەولێر بە خۆحەشاردانەوە خۆی دەپارێزێت. لە کاتی دەسپێکردنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١بەهۆی تەجروبەی سەربازی بەشداری چالاکانەی دەبێت لە شەڕی ڕزگارکردنی هەولێر لە گەڕەکی خۆیان لە خانووەکانی کارگەی نەسیج. هەر لەو کاتەدا بە شورای کرێکاران و ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست ئاشنایی پەیدا دەکات و دەبێتە یەکێک لە هەڵسوڕاوە بەرچاوەکانی ئەو بزووتنەوەیە. بەتایبەتی بەشی چاپەمەنی و سەربازی کە پسپۆری و شارەزایی هەبوو تێیدا.

پاشان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی بەعس بۆ گرتنەوەی شاری هەولێر سەرپەرشتی هێزێکی چەکداری شوراکان دەکات لە گەڕەکی حی عەسکەری و کوران. پاش دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بەرەی کوردستانی و ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە ناو شار و لەگەڵ ڕەوتی کۆمۆنیست درێژە بە چالاکی سیاسی دەدات و بەشداری زوربەی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری هەولێر دەکات.

سەرلە ئێوارەی ڕۆژی ١٧ی تەمووز ١٩٩١ بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری پلان بۆداڕێژراوی لە پێشینە، شەپۆلی جەماوەر بەرەو بەردەرکی سەرا و بینای پارێزگای هەولێر شەپۆلی دەدا، بەشیعاری (هێزی داگیرکەر لە کوردستان بچێتە دەر)، لەگەڵ دەیان ئاڵای سور.

پاش ئەوەی ڕێگریەکانی بەرەی کوردستانی بە سەرپەرشتی (ڕێباز، بەرپرسی سەربازی ی.ن.ک لەهەولێر) شکستی هێنا. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی بەعس لەبەردەرکی سەرا ڕوویدا و جەماوەر لە ماوەیەکی کورتدا توانیان دەستبگرن بەسەر سەرا و سجنەکەیدا.

لەو خۆپیشاندانەدا هاوڕی ئاراس لە بەشی پێشەوەی خۆپیشاندانە دەبێت و کە بەرەو سەرای هەولێر دەڕۆن و لەگەڵ دەسپێکردنی تەقە و شەڕ لەگەڵ زانای موهەندیس دەپێکرێن دەچنە کاروانی گیانبەختکردوان رێبوارانی رێگای ئازادی و خۆشگوزەرانی و سۆسیالیزم و دنیایەکی باشتر. دوای گیان لەدەستدانیان قارەمانانی کوردایەتی!! و چەکدارەکانی بەرە بەدیاری کراویش (ڕێباز) کە بەرپرسێکی(ی.ن.ک) بووم بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ تەرمی ئاراس دەست بەسەردەکەن بۆ ئەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک کپ بکەنەوە.

شایانی باسە لە ٢٦ ساڵیادی هاوڕی ئاراسدا، کاوان قادری هونەرمەند نەخشەی پەیکەری هاوڕێ ئاراسی کێشاوە.

* هاورێ نەزیز عومەر ناسراو بە “ئارام” لە ساڵی ١٩٦٤ لە دێی کواشی سەر بە ناحیەی سمێل، لە باوەشی خێزانێکی کریکاریدا، چاوی بە دنیای زاڵمانەی سەرمایەداری هەڵهێناوە… لە ساڵی ١٩٩٠ دا کۆلیژی کشتوکاڵی لەشاری موسڵ تەواو کردووە، هاوڕی ئارام کە زۆر زوو هەست بە زوڵم و نابەراری و چەوساندنەوە دەکات، تیکەڵی کاری سیاسی دەبێت و دەست دەداتە هەوڵ و تێکۆشان…لەو راستایەدایە وەکو هەڵسوراوێکی کۆمۆنیست دەناسرێت و لەناو زانکۆی موسڵدا و دەبێتە سیمایەکی خۆشەویستی رەتکردنەوەی ستەم و نابەرابەری… لەساڵی ١٩٨٨دا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی تریدا، ئەلقەی “هاوپشتی کرێکاریی” پیکدەهێنن و ساڵیک دواتر واتە لە ساڵی ١٩٨٩دا، خۆی و ئەلقەکەیان بە رەوتی کۆمۆنیستەوە پەیوەست دەبن… رەوتی کۆمۆنیست یەکێک دەبێت لە رێکخراوە کۆمۆنیستەکانی ئەو کاتە… بە پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، هاوڕی ئارام دەبێتە یەکێک لە کادرە چالاک و خەباتگێرەکانی ئەو حزبە لە بادیناندا و سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی ناوچەکە و
تێکۆشەریكی دژی دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاوی ناسیونالیزمی کورد و پارتی… هەروەها هاوڕی ئارام دەبێتە یەکێک لە هەڵسوراوانی بزوتنەوەی دژی تاڵانی و گرانی و بیكاریی و هەر بۆیە دواتر دەبێتە یەکێک لە رابەرانی یەکێتی بێکاران…

هاورێ ئارام، چ وەکو کادرێکی خۆشەویست و جێ متمانەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و چ وەکو هەلسوراو و رابەرێکی یەکێتی بیكاران…رۆڵی زۆر بەرجەستە دەگێرێت لە هوشیارکردنەوەی و ریکخستنی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا و دەبێتە یەکێک لە روخسارە ناسراو خۆشەویست و تێکۆشەرەکەی بادینان و ناوچەکەی… رۆڵ و نەخشی هاوڕی ئارام… ئارامی لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەبرێت و بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن پاشەکشەی پێ بکەن و ناچار بەدەست هەڵگرتن لە هەڵسورانی کۆمۆنیستی بکەن… پارتی جگە لە هەرەشەو چاوسوکردنەوە چەندجار بانگی دەکەن و دەزگای ئاسایش چەندین هەوڵی تر دەخەنە گەر تا ناچاری بکەن واز لە چالاکی و هەڵسورانی خۆی بهێنێت… پێداگری هاوڕی ئارام لەسەر رێبازەکەو و بروای پتەوی بە دنیایەکی باشتر، نەک ئامادەی پاشەکشە نابێت، بەڵکو بەگوڕو تینێکی بەردەوام و هیوا بەخشەوە درێژە بە هەڵسورانی خۆی دەدات… تا بەرواری ٢٥/٨/١٩٩٣ لەلایەن باندیكی ئینسان کوژی ئازادی کوژەوە، دەرفێنرێت و پاش شکنجەدانی ترسنۆکانەو وەحشیانە، تەرمەکە دەسوتێنن و پاش سێ رۆژ لە بەرواری ٢٨/٨/١٩٩٣ تەرمەکەی لە نزیک شاری سمێل دەدۆزرێتەوە…

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.