لە دوور ڕا… نووسینی: ئارام حەسەن

0

لە دوور ڕا…

نووسینی: ئارام حەسەن

بە گۆچان و باڵا و ڕیشە سپیەکەی دەناسرایەوە، پیرەمێردێکی چوارشانەی بەژن ڕێک و ڕێکپۆش، بەهۆی ئازایەتی و چاونەترسی و دەوڵەمەندیی خۆیەوە، سڵی لە هیچ شتێک نەدەکردەوە، قەت نەبوە بەبێ دەمانچەی چواردەخۆر یان بڕنەو بکەوێتە بەرچاوان، نۆ کوڕی گەورەی لێهاتووی هەبوو بەردەوام خزمەتیان دەکرد، بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە و دەوروبەر تابڵێی ڕێزیان لێدەگرت و خۆشیاندەویست، بەشێکیش ترس ناچاری کردبوون ڕێزی بگرن و سەردانی بکەن، لە هەموو کایە کۆمەڵایەتیەکانی شارباژێڕ بە تایبەت بناری شاخی لەرێ، پرسوڕا و بەشداریان پێدەکرد، ڕۆژانە مریشکێکی کوڵاوی دەخوارد، زۆریش حەزی له ئاوی مریشک بوو، لە باوەشی داربەڕوە بەساڵاچوەکەی نزیک بانیژەی دیوەخان، هەرزاڵێکی دروست کردبوو بۆ پشووی عەسرانە و خەوی شەوانی هاوین، دیوەخانێکی هێندە گەورە و فراوانی هەبوو، کە نزیکەی شەست کەسی لەخۆدەگرت، هەمیشە جمەی دەهات لەو ڕێبوار و هەژار و پێشمەرگانەی ڕێیان دەکەوتە ناوچەکە، نان و چایان دەخوارد و هەر لەوێش دەخەوتن، ڕۆژێک بەدەم تەماشاکردنی گوڵینگەی تەزبێحە قەزوانەکەیەوە، بە یەکێک لە کوڕەکانی گوت:

ــ “من لەم دنیا گەورە و گرانە، لە هیچ شتێ ناترسم دوو شت نەبێ”

ــ “لە چی و چی باوکە گیان؟”

ــ “مەلا و لۆتی”

ــــــــــــــــــــــــــ

٭هەرزاڵ: لە نێوان پەلوپۆی داربەڕوو، دارمازوو، دارەبەن، یان هەر دارێکی پتەو، به چیلکە و پووش و داری وشک دروست دەکرێت، سەکۆیەکی بەرزە، کە زیاتر بە هێڵانەیەکی گەورە دەچێ لە باوەشی دارەکەدا، پەیژەی پێوە دەنرێت بۆ سەرکەوتن، لە کۆندا زۆر بەکارهاتوە، هەم بۆ خۆپارێزی لە مارومرۆ و دووپشک و…هەمیش بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش و جوان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.