دانەوەی پاشەکەوتی موچە لە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە..

0

دانەوەی پاشەکەوتی موچە لە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە..

لەو ماوانەی دواییدا چ وتەبێژی حکومەت و چ رێباز حەملانی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دارایی و ئابوری، ڕایان گەیاند کە گێرانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆران لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندی و بەغدادایەو دەسەڵاتی هەرێم لێی بەرپرس نییە. وتەبێژی حکومەت نەناردنی موچە لە بەغدا وەکو پاساو بۆ خۆدزینەوە لە گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان و رێباز حەملانیش بە پاساوی ئەوەی هەرێمی کوردستان سەر بە حکومەتی عێراقە، دەیانەوێت پاساو بۆ حکومەت!! و دەسەڵات بهێنەوە کە شانی خۆی لە دانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان خاڵی بکاتەوە.

پاساوەکانی هەردوو پیاوی حزب، هێندە پوچ و بێ ناوەڕۆکن، کە نەک ناتوانێت کەس فریوبدات، بەڵکو گەمژەیی بێ سنوری هەردووکیان و هەموو ئەوانە دەخاتە روو کە کاوێژی ئەو فریوکارییە دەکەنەوە…

هەموو کەسێک دەزانێت، موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە جغرافیایی کوردستاندا دەژین و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و بۆ کۆمپانیاکانی و ناوەندەکانی هەرێم کاردەکەن و بەرهەمی کارەکەشیان دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتی هەرێم و کۆمپانیاکانی، کەوایە ئەوە دەسەڵاتی هەرێمە کە بەرپرسە لە دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییەکان و وەڵامدانەوە بەخواستی هاوڵاتیان.

ئەگەر دەسەڵاتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییەکان هەر چاوەروانی بەغدا بێت، پارەی بۆ بنێرێت، ئەی دەسەڵاتی هەرێم چ کارەیە؟ ئەگەر دەسەڵاتی هەرێم هەر کاری دابەشکردنی موچەی بەغدا بێت، واتە رۆڵی دەڵاڵی دەگێرێت… ئەگەر بەغدا بەرپرسە لە دابینکردنی موچە، ئەی بۆچی نارەحەت دەبن کاتێک موچەخۆرانی هەرێم داوا دەکەن بەغدا راستەوخۆ موچەیان بداتێ؟

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ئەگەر خۆی بەبەشێک لە عێراق دەزانێت و فیدرالیزمی قبوڵە، ئەوا بۆ ئەوەی بەغدا بودجە و شایستە داراییەکانی بۆ بنێرێت، پێویستە داهاتەکانی نەوتی و نانەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکات، ئەوکاتە بەغدا بە بەرپرس لە دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییەکان بزانێت.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەیەوێت شانی خۆی لە دانەوەی موچە بەزۆر پاشەکەوتکراوەکان بدزێتەوەو هاوکاتیش نارەزایەتی جەماوەری بۆ خواستی ئەو موچەیە لێبڕاوانەیان، لەسەر دەسەڵاتی هەرێم بگوازێتەوە بەرووی بەغدادا. ئەوە لە کاتێکدایە خۆیانن خەریکی سات و سەودان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا و خۆیان ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ باوەشی بەغدا لەسەرو ئیرادەو بریاری ئازادانەی خەڵک بڕیار لێداوە… کەچی کاتێک لەگەڵ بەغدا لەسەر پۆست و بودجە و دەکەونە کێشەوە لەگەڵ یەکتری، دەیانەوێت خەڵکی کوردستان باجی سیاسەت و ساتو سەودای ئەوان بدات.

خەڵکی کوردستان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی نەدەست لەو مافەیان هەڵدەگرن کە گێرانەوە موچە پاشەکەوتکراوەکەیانە و نە دەتوانرێت ئەو خواستە رەوایەشیان لێ زەوتبکرێت کە دەسەڵاتی هەرێم بەرپرسە لە دانەوەیدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.