بەرێز ئومەر ئەمین وەڵام بە پرسی ڕۆژی ژمارە دەداتەوە.. دەربارەی کۆبونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەشێک لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران… پرسی ڕۆژ:

0

بەرێز ئومەر ئەمین وەڵام بە پرسی ڕۆژی ژمارە دەداتەوە..

دەربارەی کۆبونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەشێک لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران…

پرسی ڕۆژ:

 ٢٠ی حوزەیران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەشیک لە ڕۆژنامەنووسانی دەزگا جیاوازەكانی هەرێم ئەنجامدا. لە وتارێكی درێژی خۆیدا قسەی لەسەر زۆر ڕەوشی وەك (ئازادی بیروڕاو، ڕۆژنامەنووسی و قەیرانە جۆراوجۆرەكانی كوردستان) دا كرد.

لە چوارچێوەی قسەكانی سەرۆك وەزیران و ڕۆژنامەنووسەكان و تەواوی كۆبوونەوەكەدا، ئێوە ناوەرۆك و هۆكار و ئەنجام و شێوەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ دەتوانن پەیامی پشتی ئەو كۆبوونەوەیە دەستنیشان بكەن؟ تا چەندە هەر یەكە لە  مەسرور بارزانی و ڕۆژنامەنووسەكان توانیان پەیامی خۆیان بگەیەنن؟

ئۆمەر ئەمین کەسایەتی سیاسی بەمشێوەیە وەڵام پرسی ڕۆژی ئەم ژمارەیەی داینەوە؛

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەكەی مەسرور بارزانی لەگەڵ هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، كردەیەكی تازە نییە، بەڵكو لەڕابردوو چەندین جاری تریش ئەم جۆرە كۆنگرانە بۆ سەرۆكایەتیەكانی هەرێم وحكومەت وپەرلەمان و سەرۆك و مەكتەب سیاسیەكانی حیزبی دەسەڵاتدار سازكراوە.

هەربۆیە ئەگەر لەم دیاردەی چاوپێكەوتنانە وردبینەوە زیاتر دەچێتە ناو سەردەمی جۆرێك لەمیدیایی ناو سیستەمی لیبراڵیزم، تەنانەت پەیوەندی بە دیموكراتیشەوە نییە! بەڵكو زیاتر وەك نمایشێكی ناو دنیای نمایشكاری دیردەكان و شۆكانی لیبراڵیزم دەردەكەوێ، ئەوەی دەسەڵات دەیەوێ دروستكردنی مەساحەیەكی بەرتەسكە لە ڕای تاكە كەسی، كەدەیەوێ خۆی بخاتە جێگەی هەموو دەنگەكانی تر و پێمان بڵێ ئەوە دەنگەكەتانە لێرە دەدوێ، كە لە ڕاستیدا ئەوە دەنگە دووبارەو بێزارەكەی ناو یاریەكانی دەسەڵاتە، كە هەمیشە دەیەوێ تەزوە بێزاریی و توڕەییەكانی كۆمەڵگەی لێوە خاڵی بكاتەوە! یان بە دەربڕینێك پێمان بوترێ ئەوەی تۆ دەیڵێیت، یان ئەوەی خەڵكی بێبەش و نەدار و زوڵم لێكراو دەیەوێ بیڵێت، ئەوەتانێ لەڕێگەی ئەم چەند میدیا كاراوە وترا! لەكاتێكدا خەڵك و كۆمەڵگەی كوردستان زۆر لەوە واوەتریان بە دەسەڵات و حكومەتەكەی مەسرور بارزانی وتوە.

ئەم جۆرە لە نمایشی لیبراڵانەی دەسەڵات و میدیا، خۆی لەخۆیدا هیچ پەیوەندیەكی بە پرۆسیسێكی دیموكراتیشەوە نییە، ئەوەی لەوێ نیە ئەو جۆرە لەمیدیا و ڕۆژنامەوانانن كە خودی دەسەڵات ئامانجیەتی بێدەنگیان بكات، ناشیەوێ نەبیان ناسێنێت نە گوێشیان لێبگرێ، چونكە ئەوانە خاوەن دەنگی جوڵانەوەی دەرەوەی پرۆسەی سیستەمەكەی دەسەڵاتی مەسرور بارزانین. ڕەخنەگرو خاوەن دیدگایەكی بەئاگان لەپێشخستنی زهنیەت وداهێنانی مۆدێلی تری دەرەوەی ئەو مۆدێلە شكستخواردوەی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی و مولحەقەكانیان. ئەگەر باسێك لەئازادی و دیموكراتی هەبێ لەناو ئەو دیدارانەدا كە بۆ سەرۆكی حكومەت و بەرپرسەكان ساز دەكرێ، ئەوا حەقمانە بپرسین بۆ دەرگای ئەم دیدارانە ئاواڵا ناكەن؟

ئەم دیدارەی مەسرور بارزانی دەرئەنجامی شكست و قەیرانێكی قورسی دەسەڵاتی پارتی ویەكێتیە، سێ دەیەیە دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە ئیدارەیەكی خراپی ئەم هەرێمە دەكەن، كێشەكان و قەیرانەكان ڕۆژ دوای ڕۆژ لەهەڵكشان وگەورەبوندابووە، ئەمانە پەیوەنیان بە خەڵك و بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگەی كوردستانەوە نەبوە، دۆخی ئابووری وكۆمەڵایەتی وفەرهەنگی وهونەری وكەلتوری بەتەواوی توشی ئیفلیجی وداڕمان بوە، چینێكی سەرمایەداری ملیاردێر هەڵتۆقیوە وگەورەبووە، كە هەموو بەهاو نرخەكانی كۆمەڵگە لەخزمەتی چاوچنۆكی تایبەتی خۆیان بەكاردێنن. لەبەرامبەریشدا بەشی زۆری كۆمەڵگە بێبەش، و لەدۆخی نەبوونی وهەژاری ڕاگیراون.

ئەم بارودۆخە خراپە دەنگی لەكۆمەڵگە هەڵساندوە، ناڕەزایەتی چین وتوێژەكان بۆدابینكردنی پێداویستیەكانی ژیانیان لەپەرەسەندندایە، و خەڵك داخوازیەكانیان بێ وەڵام ماوەتەوەو كەس نییە جوابیان بداتەوە. لەلایەكی ترەوە بارودۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان و خەڵك ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو خراپترو ترسناكی دەروات، كوردستان لەسەر دەستی ئەم دەسەڵاتە بوەتە لانكەی دەزگا جاسوسیی و مرۆڤ كوژەكانی توركیاو ئێران، تیرۆری ئاشكرای كەسایەتی سیاسی و لایەنەكانی دژبەری ئەو دوو دەوڵەتە داگیركەرە، بوەتە كارێكی ڕۆتینی لای دەسەڵاتداران، بەتایبەت دەسەڵاتەكەی مەسرور بارزانی كە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ هاوكاریان دەكەن.

دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی وابەستەی سیاسەتەكانی دەوڵەتانی ناوچەكەن، خۆیان خاوەنی هیج ئیرادەیەكی سەربەخۆنین، هەربۆیە ئێستا كێشەكانیان هێندە قوڵبوەتەوە كە ناتوانن هەنگاو هەڵگرن.

هەربۆیە پەنا دێنن جارێكیتر بۆ ئەم جۆرە لەدیدارە، و ئامانجیان ئەوەیە لەڕێگەی ئەم میدیایانەوە بە خەڵكی كوردستان بڵێن ئەوەی هەیە، ئێمە لێی بێبەرین و دۆخەكە ترسەكەی بەوجۆرەیە كە (نیشتمانەكەمان!)پێویستی بە هەموومانەو دەبێ خۆشەویستی نیشتمان پێش هەرشتێكبێت!!

مەسرور بارزانی هەم پێویستی بە ستایش بوو، هەم پێویستی بەوە بوو كە قسەی خۆیی و پڕوپاگەندەكانی بەشێوەیەكی فراوانتر بگەیەنێ. چونكە وەك پێشتر باسمكرد؛ ئەم دەسەڵاتە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی مرۆڤی ئێمەیە، ئامانجیان كۆنتڕۆڵكردنی زهن و بیركردنەوەی كۆمەڵگەو خەڵكەكەیەتی، ڕەخنەكان هەمووی ڕۆتین بوون، ئەوانەی ڕۆژنامەنوسەكان وتیان، بەوانەشەوە كە خۆیان وەك ناڕازی و ڕەخنەگری تووند پیشاندا، هیچی نەبوو نەبیسترابێ!! ئەم دەسەڵاتە لەم جۆرە ڕەخنە بێ خاوەنانەی پێویستە، چونكە جوڵانەوەیەكی كۆمەڵایەتی ڕێكخراوی نییە، لەگەڵ زانی جوڵانەوەیەكی جەماوەری ڕێکخراو خەریكە شكڵ دەگرێ، دەیان سیناریۆی سەركوت و تەسفیەكردن دێننە ئاراوە بۆی.

هەربۆیە ئەوەی مەسرور بارزانی ئەنجامیدا لەو دیدارە، هەم ستایشی بوو، هەم پروپاگەندە بوو بۆ دۆخێك كە ئێستا دەهۆڵەكەی دەكوتن و دەیانەوێ قەیرانە قووڵەكانی خۆیانی پێ داپۆشن، (لەكێشە لەگەڵ بەغداد و داگیركردنی سەرچاوە سروشتیەكانی كوردستان و تێكدانی سەروەری هەرێم و نیشتمانی كوردان!!) كە ئەمە بێ لەو پڕوپاگەندە چەند بارە سواوەی كوردایەتی فاشیل هیچی تر نییە. لەكۆتایدا دەبێ ئەوەیان پێ بووترێ، ئەگەر ئەوەندە بەتەنگ كوردستان و خاكەكەیەوەن بۆ ئیرادەی ئەوەتان نییە بە دەوڵەتی توركیا بڵێن بۆ سەروەریی ئەم كوردستانە پێشێل دەكەن؟! یان ئەوەیە ئەم نیشتمانەی ئێوە ناوی دەهێنن بێ لەسەرچاوەیەكی باش بۆ كەڵەكەی سەرمایە و دەسەڵاتی خۆتان بەسەریدا هیچی تر نییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.