مانگرتنی کرێکارانی هێڵەکانی شەمەندەفەر… لە هەفتەی داهاتوودا نمایشێکی گەورەی هێزی ڕاستەقینەی تەواوی کرێکارانە لە بەریتانیا…

0

مانگرتنی کرێکارانی هێڵەکانی شەمەندەفەر… لە هەفتەی داهاتوودا نمایشێکی گەورەی هێزی ڕاستەقینەی تەواوی کرێکارانە لە بەریتانیا…

دوا بەدوای مانگرتنە گەورەکەی ٦ ی حوزەیرانی ئەمساڵ و پیشاندانی ئیرادەو هێزی کرێکارانی هێڵەکانی شەمەندەفەری ژێر زەوی لەندەن کرێکارانی هێڵەکانی شەمەندەفەر و ئەندامانی یەکیەتیە کرێکاریەکانی ”ئێم ئاڕ تی” بریاریاندا کە بەهێزێکی زۆر گەورەتر لە پێشوو بێنە مەیدانەوە. ئەمجارە ٥٠،٠٠٠ لە ئەندامانی ئەم یەکیەتیە کرێکارییە ماندەگرن و شوێنی کاریان بەجێدێڵن. بڕیارە لە رۆژانی ٢١ و ٢٣ و ٢٥ ی حوزەیران مانگرتنی خۆیان ئەنجامبدەن و هێزی خۆیان پیشانی حکومەتی بۆرژوایی لە بەریتانیا بدەن تا داواکانیان جێبەجێبکرێ و ئامادەبن و دەست هەڵگرن لە پلانەکانیان لە دەرکردن و بێکارکردنی کرێکاران. کرێکاران و شۆفێرانی قیتارەکان و پاسەوانانی پلاتفۆرمەکان داوای مامەڵەیەکی دادپەروەرانەتر دەکەن بەوەی لە کارەکانیان دەرنەکرێن و هەقدەستەکانیان زیاد بکات لەبەرامبەر چوونە سەرەوەی ئیجگار زۆری خەرج ومەسرەفی ژیان وگوزەران. ئەم مانگرتنە مانگرتنێکی گەورەی سەراسەریە کە زیاتر لە ٤٠ شار دەگرێتەوە لە ئینگلتەرە و وەیڵز و سکۆتلەندا هەروەها قیتارەکانی ژێر زەوی لەندەن ڕادەگیردرێ. هەندێ شار بەتەواوی هێڵەکانی شەمەندەفەریان پەکیان دەکەوێ. دەیان هەزار کرێکاری هێڵەکانی شەمەندەفەر شوێنەکانی کارکردنیان بەجێدێڵن و ماندەگرن لە گەورەترین بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لە بەریتانیا. ناوچەکانی وەک: دۆرسێت و گلۆستەرشە و لانکەشە و هامپشە و یۆرکشە ئەم مانگرتنانە دەیگرێتەوە، هەروەها شارەکانی وەک: پۆرتسمۆث و بلاکپووڵ و هاڵ و بۆرنمۆث وستۆک ئۆن ترێنت و شروزبری و ساندرلاند یش. وەیڵز بەتەواوەتی لە هێڵی شەمەندەفەر دادەبڕێ هەروەها سکۆتلەندا. بەڕێوبەرانی هێڵەکانی شەمەندەفەر دەیانەوێ ١٥٠٠ تا ٢٠٠٠ کرێکار لەسەرکار لابەرن کەئەمەش کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر ژیان وگوزەرانی ئەو کرێکارانە بەتایبەتی ئەوانەی کە تەمەنیان لەسەرووی ٦٠ ساڵەوەیە. بەرێوبەرانی ئەم هێڵانە بیانووەکانیان ئەوەیە کە ڕووبەڕووی باروڕەوشێکی دارایی گەورە بوونەتەوە و لە کاتی کۆڤیدەکەوە (پەتای کۆرۆناوە) خەڵکانێکی ئیجگار کەمتر قیتارەکان بەکاردێنن. بۆرژوازی پەنادەباتە بەر شێواندنی ڕاستیەکان و شاردنەوەیان هەروەها جووڵاندنی هەست و نەستی خەڵک بەوەی کە مانگرتنەکان کاریگەری دەبێ بۆسەر تاقیکردنەوەکانی خوێندکارەکان و نەگەیشتنی کرێکاران و کارمەندان بۆسەرکارەکانیان. لەڕاستیدا ناڕازایبوونی بۆرژوازی بەم مانگرتنانە لە دلسۆزیەوە نییە بۆ خوێندکاران و کرێکاران و کارمەندان بەڵکو لە بیری بەرژەوەندیەکانی سەرمایە و سەرمایەداریدایە. بژی بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکارانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لە بەریتانیا…

سالار حەمەسەعید ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.