باسێکی کورت لەسەر مێژووی بزووتنەوەی چارتیستی بەریتانی نووسین و ئامادەکردنی: توانا محمد نوری

0

 باسێکی کورت لەسەر مێژووی بزووتنەوەی چارتیستی بەریتانی

نووسین و ئامادەکردنی: توانا محمد نوری

نزیکەی ١٨٦ ساڵ لەمەوپێش و لە حوزەیرانی ١٨٣٦ چارتیزم وەکو بزووتنەوەیەکی ریفۆرمیستی چینی کرێکاری بەریتانی سەریهەڵدا. چالاکترین ماوەی ئەم بزوتنەوەیە دەکەوێتە نێوان ساڵانی ١٨٣٨ بۆ ١٨٤٨. ئامانجی چارتییەکان بەدەستهێنانی هەندێ مافی سیاسی بوو. لە ساڵی ١٨٣٢ مافی دەنگدان درا بە چینی مامناوەندی خاوەن موڵک لە بەریتانیا, بەڵام خەڵکێکی زۆر داوای چاکسازی سیاسی زیاتریان دەکرد. لە ساڵی ١٨٣٨ ‘پەیمانی خەڵک’ لەلایەن کۆمەڵەی پیاوانی ئیشکەری لەندەن(LWMA) * بە سەرۆکایەتی ولیام لۆڤێت و فرانسیس پلەیسWilliam  Lovett و Francis Place، بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەندامانی تری کۆمەڵەکە پەسەندكرا.

چارتییەکان شەش ئامانجی سەرەکییان هەبوو:

دەنگدان بۆ هەموو پیاوان (سەروو تەمەنی ٢١ ساڵ).

دەنگدان بە نهێنی بێت.

نابێ موڵکداری مەرجی بە ئەندام بوون بێت لە پەرلەمان.

مووچە بۆ پەرلەمانتاران دابینبکرێت.

بازنەی هەڵبژاردنەکان قەبارەی یەکسان بن.

هەڵبژاردنی ساڵانە نەک ٥ ساڵ جارێک بۆ پەرلەمان.

لە حوزەیرانی ١٨٣٩، چارتییەکان داواکارییەکیان پێشکەش بە پەرلەمان کرد و زیاتر لە ١,٢٥٠ ملیۆن ئیمزای لەسەر بوو. داواکەیان لەلایەن پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە و ئەمە بووە هۆی پشێوی، بەڵام بە خێرایی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە تێکشکێنرا و سەرکوتکرا. لە مانگی ئایاری ١٨٤٢ دووبارە داواکارییەکی تر کە لە لەلایەن زیاتر لە سێ ملیۆن کەسەوە واژۆ کرابوو پێشکەشی پەرلەمان کرا، بەڵام دیسان ڕەتکرایەوە و بووە هۆی پشێوی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەر. لە نیسانی ١٨٤٨ سێهەم و کۆتا داواکاریان پێشکەش کرد. لەم کاتەدا کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە پارکی Kennington Common لە باشووری لەندەن لەلایەن ڕابەرانی جوڵانەوەی چارتییەوە ڕێکخرا. کاریگەرترین ڕابەریان (Feargus O’Connor) فێرگس ئۆکۆنەر سەرنوسەری هەفتەنامەی The Northern Star” ‘ستاری باکوور’ بوو. ئەم هەفتەنامەیە گرنگی بە کاروبار و داواکانی چارتییەکان ئەدا.

ئۆکۆنەر ناسراو بوو بەوەی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە ڕادیکاڵەکان هەیە کە داکۆکییان لە چاکسازی ڕیشەیی، بە هەر ڕێگایەک بێ، لەوانەش توندوتیژی، دەکرد. دەسەڵاتداران ترسیان لەو گردبونەوەیە هەبوو وەهێزی سەربازییان خستبووە ئامادەباشی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو. داواکاری سێیەمیش ڕەتکرایەوە بەڵام نائارامی چاوەڕوانکراو ڕووی نەدا.

هەندێک لە نەیارانی بزووتنەوەکە ترسی ئەوەیان هەبوو کە چارتییەکان تەنیا خوازیاری گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمان نیین، بەڵکو ئەیانوت بەتەمان شۆڕشێک هەڵبگیرسێنن و تیایدا کۆمەڵگە سەرەوخوار بکەنەوە. هەروەها پێیان وابوو چارتییەکان دەیانەوێ شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بهەژێنن چونکە ٥٠٠٠ خۆپیشاندەر لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٨٣٩ بەرەو شارۆچکەی Newport لە Monmouth shire  بەڕێکەوتن و هەوڵیان دا کۆنترۆڵی شارۆچکەکە بکەن. ئەم جوڵەیە لەلایەن سێ چارتیستی ناسراو (John Frost, William Jones and Zephaniah Williams) (جۆن فرۆست، ویلیام جۆنس و زیفانیا ویلیامس) ڕابەری دەکران، لە دەرەوەی هۆتێلی وێستگەیت لەو شوێنەی کە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ژمارەیەک لە خەڵکی ناڕازیان دەستبەسەرکردبوو، گردبوونەوە. هێزەکانی پاراستنی هۆتێلەکە تەقەیان کرد و بەلایەنی کەمەوە ٢٢ کەسیان کوشت و ڕاپەڕینەکە بە شێوەیەکی کتوپڕ تەواوبوو. شاری Preston لە ناوچەی Lancashire شانۆی ناڕەزایەتی و پشێوی بوو لە ساڵی١٨٤٢.

پشتگیری لە چارتیزم لە کاتی خاوبوونەوەی ئابووری و برسێتیدا گەیشتە لوتکە. لە شارۆچکە Stockport نزیک شاری Manchester بەهۆی بێکاری و برسێتی کرێکاران ناڕەزایەتییان دەردەبڕی. کرێکاران خۆپیشاندانیان دژی کەمکردنی کرێی ڕۆژانە ئەکرد، دەیانویست “ڕۆژانەیەکی دادپەروەرانە بۆ کاری رۆژێکی دادپەروەرانە” بچەسپێنن. زنجیرەیەک لە مانگرتن لە لانکشایەر، یۆرکشایەر، میدلاند (باکووری ئینگلتەرە) و هەندێ شاری سکۆتلەندا لە هاوینی١٨٤٢دا ڕوویدا. كرێكاران كارگەكانیان دائەخست و دژی کەمکردنەوەی کرێی ڕۆژانەی کرێكاران مانگرتنیان ڕائەگەیاند. پشتگیری لە چارتیزمیش لەم کاتەدا زۆر بەهێز بوو. هەرچەندە جوڵانەوەی چارتیستی بە بێ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگات کۆتاییهات، بەڵام ترس لە پشێوی مەدەنی مایەوە.

سەرباری هەوڵێکی زۆری سەرکردەی چارتییەکان بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی بزووتنەوەکە، بەڵام بزوتنەوەکە بەرەو خامۆشی ڕۆیشت و پوکایەوە.  هەرچۆنێک بێت، چارتییەکان میراتێکیان بەجێهێشت. لە ساڵانی ١٨٥٠ کاندا ئەندامانی پەرلەمان ڕازی بوون بەوەی چاکسازی زیاتر پێویستە و چاکسازی زیاتر لە ساڵی ١٨٦٧ و ١٨٨٤ پەسەندکرا. تا ساڵی ١٩١٨، پێنج لە شەش داواکارییەکەی چارتییەکان بەدەستهاتبوون، تەنیا ئەو مەرجەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمان هەموو ساڵێک ئەنجام بدرێت تا ئێستاش جێبەجێ نەکراوە.

دەرەنجام

ڕەگوڕیشەی بزوتنەوەی چارتییەکان لە نێو کرێکاراندا بووە، هەڵقوڵاوی ناڕەزایەتی و ئازاری کرێکاران بووە. ڕۆژنامەکەیان باسی مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکاران دژی کەمکردنی کرێی ڕۆژانەی کرێکاران و دەركردن و بێكاركردنی كرێكارانی تیابووە، بەڵام بزوتنەوەکە وەهمی بەشداریکردن و چاکسازی لە شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەماندا هەبووە. ھێزی كۆكردۆتەوە بۆ چاکسازی لە سەرخانی سیاسی کۆمەڵگە و بەتایبەتیش پەرلەمان. بزوتنەوەیەكی ڕیفۆرمیست بووە. ئەگەرچی لێرەو لەوێ كرێكاران ویستویانە، پێموایە لەدەرەوەی ویستی ڕێكخراو، سەربەخۆیانە ھەنگاو بنێن، بەڵام سەركەوتونەبوون، چونكە چینەکە نوێ بووە و ئاسۆی چینەكەش ڕۆشن نەبووە ڕابەرانی بزوتنەوەکەش کەسانی ڕیفۆرمیست بوون.

* کۆمەڵەی پیاوانی ئیشکەری لەندەن (LWMA) رێکخراوێک بوو لە ساڵی ١٨٣٦ دامەزرا. یەکێک بوون لەدامەزرێنەرانی چارتیزم و پەیوەندیان بە سۆسیالیزمی ئۆوین و بزووتنەوەی فێرکردن گشتی هەبوو.

سەرچاوەکان:

  1. www.nationalarchives.gov.uk/education/politics
  2. www.parliament.uk/about/living-heritage/transformingsociety/electionsvoting/chartists/overview/chartistmovement

٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.