ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگهی مەدەنی و توندوتیژی دژی ئافرەتان ” … نوسینی/ هەژێن لوقمان
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگهی مەدەنی و توندوتیژی دژی ئافرەتان “
نوسینی/ هەژێن لوقمان
سەرەتا با بزانین توندوتیژی چییە، توندوتیژی کردارێکی نا مرۆڤانەیە و دەستەواژەیەکە زۆر واتا لە خۆ دەگرێت.
توندوتیژی ئازاردانی جەستەیی و دەروونی بەرامبەرە کە لە ئەنجامی تەقینەوەی دەروونی تاک ڕوودەدات، ئەمەش هۆکار گەلێکی هەیە وەک تۆڵەسەندنەوە- توڕەیی – هەبوونی گرێی دەروونی و هاندانی بۆ بوون بە کەسێکی توندوتیژ. جۆرەکانی توندوتیژی جۆری زۆره بۆ نموونه وهك توندوتیژی جەستەیی – توندوتیژی دەروونی – توندوتیژی سێکسی توندوتیژی جەستەیی واته ئازاردانی جەستەیی کەسێک جا بە هەر هۆکارێک بێت .
توندوتیژی دەروونی واته زۆرکردن لە کەسێک بۆ ئەوەی کارێک بکات یان مافخواردنی کەسی بەرامبەر بە هەر بەهانەیەک کە ئەمەش زیاتر لە خێزاندا بەدی دەکرێت .
توندوتیژی سێکسی واتا دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کەسێک بەبێ ویستی خۆی، کەسێک جا ئەگەر خێزانت بێت یاخوود کەسێکی تر .
وەک دەزانین توندوتیژی دژی ئافرەتان دیاردەیەکی دیارە لە جیهاندا و لە کۆمەڵگهی ئێمەدا دیاردەکە ڕووی لە زیادبوون کردوە، و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ماندووبوونی دەروونی تاک، و نا هۆشیاری تاک، و بە شوودانی پێش وەخت و دروستبوونی کێشە خێزانیەکان و زاڵبوونی کلتوری پیاوسالاری.
ئامانجی ڕێكخراوە فیمینیستەکان چەسپاندنی یەکسانی جێندەرییه لە کۆمەڵگهدا واته جیاوازی نەکردن لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ، پێشێل نەکردنی مافی ئافرەتان و نەهێشتنی کلتوری پیاوسالاری و یەکسانی تاک لە کۆمەڵگهدا، پشتگیریکردنی ئافرەتان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگهیەکی سەقامگیر و هەبوونی خێزانی بەختەوهر بەبێ توندوتیژی و بەبێ لێکترازان .
ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگهی مەدەنی لە نههێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان چییه؟ ئەرکە سەرەکیەکانی ڕێکخراوەکان ئەوەیە، کە زانیاری تەواویان لەسەر کەلتور و ئاین و بارودۆخ و ژیانی ئافرەتان هەبێت لە کۆمەڵگهدا لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکانیان بن، وە لە کاتی هەر کێشەیەکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەر ڕێگایەک هەیە بیگرنە بەر بەبێ درێغیکردن، و بەرگری تەواو لەو ئافرەتانە بکەن کە دووچاری کێشە بوون یان بەرەو ڕووی هەڕەشە بونەتەوە، و خێزانەکان هۆشیار بکەنەوە کە پەروەردەیەکی تەندروست و بێ جیاوازی بە منداڵەکانیان ببەخشن بۆئەوەی تاکێکی دوور لە توندوتیژی بنێرنە ناو کۆمەڵگه، دروستکردنی خۆشەویستی و ئاشتەوایی لە نێوان خێزانەکان هاندانیان بۆ دروستكردنی ژیانێکی دوور لە کێشە و بهردەوامبوون لە پشتگیریکردنی ئافرەتان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، و بەردەوام بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ کۆمەڵگه بۆ ئەوەی دوور بن لە توندوتیژی و چەسپاندنی یەکسانی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی ڕەگەز.