کامەران لەتیف: نەک تەنها پێویستە مناڵان بە یاسا مافەکانیان پارێزراو بێت، بەڵکو پێویستە کار لەسەر ئاستی فکری و تێڕوانین و هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە بکرێت بۆ بەرەوپێشچوون و جێگیرکردنی مافەکانی مناڵان… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ کامەران لطیف بەڕێوبەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵانی کوردستان، سەبارەت بە رۆژی جیهانی مناڵان و دۆخی مناڵانی کوردستان

0

کامەران لەتیف: نەک تەنها پێویستە مناڵان بە یاسا مافەکانیان پارێزراو بێت، بەڵکو پێویستە کار لەسەر ئاستی فکری و تێڕوانین و هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە بکرێت بۆ بەرەوپێشچوون و جێگیرکردنی مافەکانی مناڵان…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ کامەران لطیف بەڕێوبەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵانی کوردستان، سەبارەت بە رۆژی جیهانی مناڵان و دۆخی مناڵانی کوردستان

بۆپێشەوە: مناڵان بێبەشترین توێژی کۆمەڵگەن، وە ئەوان توانای بەرگری لە خۆیان و بەدەستهێنانی مافەکانیان خۆیانیان نییە، چۆن دەکرێت مافەکانی مناڵان زامن بکرێت؟؟

کامەران لەتیف: بەداخەوە مناڵان لە کوردستان و زۆرێک لە وڵاتانی دنیا بێبەشترین و مەحرومترین توێژی کۆمەڵگەن، بەهۆی ئەوەی کە کاری تاقەت پروکێنیان پێدەکرێت و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لە خوێندن بێبەش دەکرێن، ‌بۆ مەرامی سیاسی و ئاینی و سەربازی بەکار دەهێنرێن، بێبەشن لە دەیان خزمەتگوزاریی و بواری تەندروستی و یاریی و تەرفیهی ….هتد، چونکە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و مافەکانیان بە دەستبهێنن …بۆ زامنکردنی مافەکانیان پێویستە بە یاساو دەستورێکی پێشکەوتوو مافەکانیان پارێزراو بێت، کەس جورئەتی ئەوە نەکات کە مافەکانی مناڵان پێشێل بکات. لە بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک کەسی ئەنجام دەر ڕووبە ڕووی یاسا بکرێتەوە. هەروەها نەک تەنها پێویستە مناڵان بە یاسا مافەکانیان پارێزراو بێت، بەڵکو پێویستە کار لەسەر ئاستی فکری و تێڕوانین و هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە بکرێت بۆ بەرەوپێشچوون و جێگیرکردنی مافەکانی مناڵان، هەروەها مەیدانێکی تر ئەوەیە کە فەلسەفەی پەروەردە و خوێندن لەسەر بنەمای ئینسانی بێت و گەڕانەوە بۆ ئازادی فکرو داهێنان بێت، پێویستە هەموو ئەم مافانە لای هەموو کەس زۆر ڕۆشن بێت، جگە لەوەی حکومەت پارێزەری مافەکانی مناڵان بێت هاوکات ڕێکخراوەکانی مناڵانیش چاودێرو ڕەقیبێکی وردی دام و دەزگاکانی حکومەت بن … بۆ زیاتر زامنکردنی مافەکانی مناڵان ئەرکی حکومەتە کە لە ڕووی ئابوورییەوە ئەرکی خێزانەکان کەم بکاتەوە بێکاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکات کە هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی مناڵان لە نێو خێزانەکان دادەنێت.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە توندوتیژی بەرامبەر مناڵان ؟؟

کامەران لەتیف: توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە یەکێکە لە خراپترین خەسڵەتەکان کە ڕووبە ڕووی مناڵان دەبێتەوە، هەروەها خراپترین کاریگەری لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی مناڵەکە دروست دەکات بۆ دواڕۆژی. توندوتیژی زادەی کۆمەڵێک کارو کردەوەی لە پێشینەیە کە خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ئەگەر تەماشای کۆمەڵگەی کوردستان بکەین ڕۆژانە گوێبیستی دەیان ڕووداوی ناخۆش و دڵ تەزێن و چەندین شێوازی توندوتیژی دەبنەوە. لەم ڕووداوانە بەشێکی زۆری ڕووبە ڕووی مناڵان دەبێتەوە …لە نێو خێزانەکان لە ناوەندەکانی خوێندن، لە کۆمەڵگە بە گشتی، ئامارەکانی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە توندوتیژییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندان بەهۆی نائارامی و شەڕو شۆڕو ئاوارە بوون و تێکچوونی باری ئابووری و بێکاری و هەژاری و دەیان و سەدان هۆکاری تر. لەم نێوەشدا بەداخەوە مناڵان لە هەموو کات قوربانی یەکەمن و دەبنە سووتەمەنی کێشە و ململانێکان …

 بۆپێشەوە: لە زۆرێک لەو وڵاتانەی نائارامی شەڕ و بەرامبەرکێی تیایە، مناڵان نەک لە دۆخێکی خراپدان، بەڵکو لە جەنگ وململانێکاندا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، چۆن دەڕواننە ئەو هەلومەرجەی مناڵان ؟؟

کامەران لەتیف: بەڵێ هەمیشە لە جەنگەکاندا خەڵکی بەش مەینەت و بێچەک دەبنە قوربانی لە ناویشیاندا توێژی مناڵان گەورەترین قوربانین. هەروەک بینیمان لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش مناڵان نەک بوونە قوربانی کوشت وکوشتارو ئاوارەیی و دەربەدەری جەنگەکانیان، بگرە داعش مناڵانی وەک بەشێکی گرنکی هێزەکەی خۆی بەکاریهێناون و ڕاهێنانی پێکردوون لە چۆنێتی کوشتن و کاری تەقینەوەو دەیان کاری تیرۆرستی تر … هەڵبەتە مناڵان لە جیهاندا لە زۆربەی جەنگ وکوشتارگەکاندا بەشدارییان پێدەکرێت بە شێوەی زۆرەملێیی .. کە ئەمەش ناحەقی و گەورەترین پێشێلکارییە بەرامبەر مناڵان و مافەکانیان … بەداخەوە مناڵان گۆش ئەکرێن بە دەیان بیرکردنەوەی قێزەون و دژە ئینسانی و نەتەوە پەرستی و بیرکردنەوەی جیهادی و کاری تەقینەوەو تیرۆرستیان پێ ئەنجام دەدرێت. مناڵان دەبێت پارێزراوبن لە جەنگەکان و نابێت تێکەڵ بە ئایدۆلۆژی و بیری توندڕەوی بکرێن، دەبێت لە هەموو هەلومەرجێکدا مناڵان بە دووربن لەو جەنگە خوێناویانەو پارێزراوبن لە ململانێ نێو خۆیی و نێو دەوڵەتییەکان.

بۆپێشەوە: لە ڕوانگەی ئێوە یان لە باری زانستیەوە بە کێ دەوترێت مناڵ، تا چ تەمەنێک دەوترێت مناڵ ؟؟

کامەران لەتیف: نەک لە ڕوانگەی منەوە، بەڵکو لە ڕووی زانستییەوە مناڵ هەر لە سکی دایکییەوە لە شەش هەفتەی یەکەمەوە وەک مناڵێکی تەواو تەماشای دەکرێت و پێویستە مامەڵەی ئینسانێکی ئاسایی لەگەڵ بکرێت، پاشان تاکو تەمەنی هەژدە ساڵ تەواو دەکات بە مناڵ هەژمار دەکرێت .. هەر لە دووگیانی دایکەوە پێویستە لە ژێر چاودێری وردی تەندروستی دا بێت هەم دایکەکە هەم مناڵەکە … وە پێویستە حکومەت لە سەرجەم بوارەکانی تر گرنگی بدات بە دایکی دووگیان وەک باری دەروونی، کۆمەڵایەتی، وەرزشی ….. هەرچەندە لە هەندێ وڵات لە شانزە ساڵی هەندێ بەرپرسیارێتی ئەدەن بە مناڵ، بەڵام بە پێی ستانداری نێو دەوڵەتی و لە ڕووی زانستییەوە مناڵ پێویستە هەژدەساڵ تەواو بکات پاشان وردە وردە بەرپرسیارێتی پێبدرێت.

بۆپێشەوە: کێ بەرپرسە لە پەروەردەی مناڵ، دایک وباوک یان دەوڵەت ؟؟؟

کامەران لەتیف: پەروەردەی مناڵ یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین بوار کە پێویستە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ گەورە بوونی مناڵەکە گرنگی پێبدرێت و گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەم ئەرکە گرنگە دەوڵەت لێ بەرپرسە هەروەها لە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی پەروەردە، چونکە بەخێوکردن و پەروەردەی مناڵ ئەرکێکی کۆمەڵایەتی هەمە چەشنە. وە پێویستە خوێندن و پەروەردە ئیلزامی بێت تاکو قۆناغی بنەڕەتی تەواو دەکرێت، پەروەردەی مناڵ ئاڕاستەو ئایندەی وڵات دیاری دەکات، هەروەها ڕادەی پێشکەوتوویی هەر کۆمەڵگەیەک بەندە بە ڕەفتار مامەڵەی ئەو کۆمەڵگەیە لەگەڵ مناڵاندا، مناڵان یەکەمن وە لە پێشترن لە هەموو بەرژەوەندییەکی سیاسی، ئابووری ،ئاینی، کۆمەڵایەتی …هتد

بۆ پێشەوە: هەلومەرجی نەخوازراوی ئابووری ئێستاو بێ مووچەیی چ کاریگەری لە سەر مناڵان هەیە ؟؟

کامەران لەتیف: هەلومەرجی ئێستای کوردستان لە ڕووی ئابووری سیاسییەوە لە خراپترین هەلومەرجدایە بە تایبەتی بێ مووچەیی، چونکە کوردستان مووچەخۆرێکی زۆری هەیە، کاتێک حکومەت بە شەست حەفتا ڕۆژ مووچەیەک دابەش بکات یان نیو مووچە بدات، بە دڵنییاییەوە کاریگەری لەسەر ژیانی خێزانەکان و تاک بە تاکی کۆمەڵگە دروست دەکات بەتایبەتی ژیانی مناڵان کە قوربانی یەکەمن… وەختێک کارمەندێک یا مامۆستایەک مووچەکەی دوادەکەوێت بە دڵنییاییەوە کاریگەری دەروونی، کۆمەڵایەتی، توندوتیژی لەناو خێزانەکاندا زیاد دەکات، لەم نێوەشدا مناڵان زۆرترین پشکی توندوتیژییان بەر دەکەوێت. بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان خستۆتە بینەقاقای خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی ژیانی مووچەخۆرانیان بە بارمتەگرتووە، ئەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا توێژی مووچەخۆران زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و بایکۆتیان ئەنجامداوە کە ئەمەش کاریگەی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبووە، زۆرێک لە خێزانەکان هەڵوەشاونەتەوە توندوتیژییەکان زۆر زیادی کردووە ئاماری کوشن و دزیکردن و سواڵکردن دەیان دیاردەی قێزەونی تر زیادی کردووە و هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم لێ بەرپرسە ….

Leave A Reply

Your email address will not be published.