بەندی عەلی: پێداگری موقتەدا سەدر لەسەر تەشكیلی حكومەتی زۆرینە لەخۆڕا نییە، و من پێموایە نیشانەی نزیك بوونەوەی ئەو تەییارەیە لە ئەمریكاو سیاسەتی ئەمریكی دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز بەندی عەلی نووسەرو یاریدەدەری توێژەر لەزانكۆی سلێمانی سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عیراق.

0

بەندی عەلی: پێداگری موقتەدا سەدر لەسەر تەشكیلی حكومەتی زۆرینە لەخۆڕا نییە، و من پێموایە نیشانەی نزیك بوونەوەی ئەو تەییارەیە لە ئەمریكاو سیاسەتی ئەمریكی

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز بەندی عەلی نووسەرو یاریدەدەری توێژەر لەزانكۆی سلێمانی سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عیراق.

بۆپێشەوە: وا زیاتر لە ٦ مانگە هەڵبژاردنی پیش وەختەی عێراق كراوە، كەچی تا ئێستا نەك حكومەت پێك نەهاتووە، نیشانەیەكیش نابینرێت كە بەم زوانە حكومەت پێك بێت…. هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

بەندی عەلی: سەبارەت بە پێكنەهێنانی حكومەتی نوێی عیراقی، ئاشكرایە لەئەمڕۆی عێراقدا ململانێی پێكهاتە سیاسیەكان لەچەند بازنەیەكی جیاجیادا دەخولێتەوە لەنێوان (سونە و سونە) و (شیعەو شیعە) و (كوردو كورد) لەلایەك، و نێوان ئەم سێ پێكهاتەیەش لەلایەكی ترەوە. بێگومان ڕێكەوتن ئاسان نییە، و كاریگەریی دەوڵەتەكانی ئیقلیمیش هێندەی تر ئەم كارەی گرانتر كردووە. لەكاتێكدا پاشكۆیی ئابووری و سیاسی ئەم دەوڵەتانە بۆ دووبەرەی جیهانیی سەرمایەداری دژ بەیەك، ئەوەندەی تر گەیشتن بەڕێكەوتن گران دەكات.

 بۆپێشەوە: لە پرسی پێكهینانی حكومەت و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، چۆن “ناو ماڵی شیعی” وێران و ریزەكانیان لێكترازاون، ئاواش نێوان پارتی و یەكێتی، تادێت گرژییەكانیان زۆتر دەبێت، سەرچاوەی ئەم هەموو نارێكی بەریەكەوتنە چییە؟

بەندی عەلی: دیارە ململانێ لەسەر پۆستە سیادییەكان ڕەنگدانەوەی ململانێی سەرەی خاڵی یەكەمە، وەك چۆن ئەحزابی كوردی هەریەك پاشكۆی دەوڵەتێكی ئیقلیمی و بیانین، بەهەمان شێوە شیعەكانیش وان و بڕیاری سیاسی هێندەی لەژێر دەستی ئەو دەوڵەتە ئیقلیمیانەدایە، هێندە بەدەست پێكهاتە سیاسیەكان خۆیان نییە. پاشان ئاشكراشە كەسەرچاوەی ئەم كێشمەكێشانە دەسەڵات و بەرژەوەندیی جیاوازی لایەنەكانە.

بۆپێشەوە: لەهەڵبژاردنەكاندا لایەنە شیعەكانی سەر بە ئێران پاشەكشەیان كرد، و باس لەوە دەكرێت ئەو لایەنانە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، ئایا ئەمە چ كاریگەریەكی لەسەر حكومەتی داهاتوو، و شەقامی عێراقی دەبێت؟

بەندی عەلی: لایەنە شیعیەكانی سەر بەئێران كەماوەیەكی زۆر خاوەن دەسەڵات بوون لەعێراقدا، و خەڵك و وڵاتیان توشی جۆرەها قەیرانی ئابووری و ئەمنی و ئیداری و سیاسی كرد، ئیدی جێی متمانەی دەنگدەران نەمان.. پێدەچی دەنگدەری عیراقی بەنیاز بێ ئەزموونی متمانەدان بە باڵەكەی تری شیعە بكات بەناچاری.

بۆپێشەوە: موقەتەدا سەدر پێداگری لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زوربە دەكات و دەیەوێت كۆتایی بە حكومەتی تەوافوقی بهێنێت، چۆن دەڕواننە ئەو پێداگرییەی موقتەدا سەدر؟ لە ئێستادا هەمان پێداگری دەکات یان نا؟

بەندی عەلی: پێداگری موقتەدا سەدر لەسەر تەشكیلی حكومەتی زۆرینە لەخۆڕا نییە، و من پێموایە نیشانەی نزیك بوونەوەی ئەو تەییارەیە لە ئەمریكاو سیاسەتی ئەمریكی. وەلێ سەركەوتنی سەدر بەسەر ئەوانی سەر بەئێرانن بەكارێكی ئاسان نابینم، بەتایببەتی لەمیانەی كێشەی زۆری نێوان ئەمریكاو ئێراندا. بەو پێیەش زیاتر لەئەگەرێك لەئارا دا دەبینم؛ كەیەكێكیان ئەگەر شەڕی ناوخۆیە .

بۆپێشەوە: جێگەو ڕێگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانی كوردستان بەتایبەت (پارتی و یەكێتی) لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبینن؟

بەندی عەلی: جێگەو ڕێگەی یەكێتی و پارتی لەحكومەتی نوێدا بەندە بەیەكلابوونەوەی كێشەی سەرەكیی باڵە جیاكانی شیعەوە… بەپێی ئەوەی هەریەك لەم دوو حیزبە كوردیە، چارەنووسی سیاسی خۆی گیركردووە بە باڵێكی شیعەوە. كە لەئەگەری دروستبوونی هاوسەنگی و ڕێكەوتنی شیعە، ئەمانیش ناچار دەكات بەڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان خۆیان.

بۆپێشەوە: خەڵكی عێراق و كوردستان لە هەلومەرجێكی سەخت و ناخۆشدان، خواستی نان و كار و خزمەتگوزارییەكان، خواستی زوربەی هەرەزۆری خەڵكی عێراقە… تا چەندە لاتان وایە حكومەتی داهاتوو دەتوانێت وەڵام بەو خواستە سەرەتاییانەی هاوڵاتیان بداتەوە؟

بەندی عەلی: سەبارەت بەپرسی تا چەند وەڵامدانەوەی حكومەتی نوێ بە داواكارییەكان خەڵك، ئەمەش پەیوەستە بە ئاستی چونە پێشەوەی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك، و پێم وانییە حكومەتی تازە خۆبەخۆ گوێ بەقەیرانەكانی خەڵكی بدات.

بۆپێشەوە: عێراق سیستەمی پەرلەمانییە، لە سیستەمی پەرلەمانیشدا سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفاتی و رەمزییە و دەسەڵاتی سنوردارە… هۆکاری ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چییە؟ پێتوانیە ململانێکانی نێوانیانە لە کوردستان دەیگوازنەوە عێراق؟

بەندی عەلی: سەبارەت بەپرسی سەرۆك كۆماریش كە پۆستێكی تەشریفاتییە، زیاتر  وەك كێشەی یەكێتی و پارتی دەبینری ئەمڕۆ وەلێ بەڕای من ئەم كێشەیە تەنها وەك جل هەڵگرێكەو یەكێتی و پارتی كێشەكانی تری خۆیانی پێدا هەڵدەواسن، لەڕووی كێشەی بەرژەوەندی ئابووری و قۆرخی دەسەڵات.

کارنامەی سەرۆک کۆمار لە دوای لە ١٨ ساڵی رابردوودا، چ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی کوردستان بووە؟

بەندی عەلی: سەبارەت بە دەستكەوتەكانی سەرۆك كۆماری كوردی بۆ خەڵكی كوردستانیش. داڕمانی حاڵی ژیان و ڕوشاندنی كەرامەتی خەڵكی بۆ موچەو سنوورداركردنی ئازادییەكان و هەڕەشەی بەردەوامی حەشدی شەعبی لەسەر كوردستان، شایەتی ئەوە دەدەن كە كورد ئەوپۆستە هیچی بۆ نەكردووەو بڕواناكەم لەئایندەشدا هیچی بۆ بكات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.