ئافرەت و  هێزی کار…        نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

0

ئافرەت و  هێزی کار…

نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

لەجیهانی ئەمرۆدا سێکتەرە جیاوازەکان توانیویانە ھەریەکەیان بەپێی زەرووییەتی کۆمەڵگە و جیهان رۆڵی سەرەکی ببینن. یەکێک لەو سێکتەرانە کەراستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی تاک هەیە و لەئاستی جیهانیشدا بۆتە فاکتەری دەست بەسەرداگرتنی جیهان، سێکتەری ئابوورییە.

لەکۆمەڵگەدا، ھەردوو رەگەز ھەوڵی بەدەستھێنانی سەرچاوەیەکی ئابووری باش ئەدەن یاخود دەبنە سەرچاوەی ئابوری بۆ کۆمەڵگەش، پرسی جەوھەری لەم نێوەندەدا ئەوەیە ژنان و ئافرەتان تا چەند توانیویانە ببنە سەرمایەدارێکی بەتوانا یاخود ھەرنەبێت ببنە خاوەن سەرچاوەیەکی ئابوری سەربەخۆ.

روانینی کۆمەڵگە بۆ ئاستی بەرھەم ھێنان و توانا جەستەییەکانی ژنان گۆڕانی بەسەردا ھاتوە، ئێستا ئافرەت خۆی خاوەن کارە و بۆتە سەرچاوەی بژێوی بۆ کەسانی دیکەش بەھەردوو رەگەزەوە، لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیاکان ھەوڵ ئەدەن ھێزی ئافره‌تان بخەنە گەر لەبەر پابەندبونیان بەکات و بەردەوامبونیان لەکارەکەیان، ھەرچەندە ئەم خاڵە مشتومڕی زیاتر ھەڵدەگرێت بەتایبەت لەرووی کرێی کارکردنەوە کە بەراورد بە رەگەزی نێر جیاوازترە، بەڵام لەھەموو ئەگەرەکاندا بەھرەو سەلیقەی ئافرەتان ھۆکاری بەرجەستەکردنی ژینگەیەکی ئابوری باشترە بۆ کۆمپانیاکان و پاراستنی سەرمایەکانیان.

دەکرێت ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین کە فاکتەری پاراستن و بەردەوامی ھیزی ئابووری ئافرەتانە:

١. پێداگیری و بەردەوامبوون لەسەرکەوتن، دەبێتە چەقی بەرەوپێشکەوتن و پاشکەوتکردنی باشتر.

٢. یەکسانی موچە و کرێی کار ھاندەرێکی ئەرێنیە بۆ ھەردوولا، ھەم بۆ دەستی کاری ئافرەتان و لەلایەکی دیکەش بۆ خاوەن کار و کۆمپانیاکان.

٣.هەوڵدان بۆ بوون بەلیدەر لەنێوەندی کارەکەدا، بەپێی توێژینەوەیەک لە ٣% ژنان لەھەوڵی بون بەلیدەر دەدەن لەکاردا، ئەم بێ ئامانج و خواستی نەبونی بە لیدەر دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ژنان ھەمیشە لەکارکردندا لەخوار پیاوانەوە بن و جێبەجێکەری فەرمانەکانیان بن.

٤. بەرجەستەکردنی کلتوری داھێنان و برەودان بەتوانا مرۆیی و جەستەییەکان.

٥.تێکشکان و خوڵقاندنی کلتوری گرنگیدان بە توانای ئافرەتان لەبواری ئابوریدا، ئەم خاڵە لەزۆر کۆمەڵگەدا بەرچاو دەکەوێت کە ھێزی کاری ژنان بەھەند وەرناگیرێت، لەبەرامبەر ئەم بیرکردنەوەیەدا دەبێت ژنان زیاتر گرنگی بەتوانا مرۆیی و جەستەییەکانی خۆیان بدەن، بۆئەوەی کۆمەڵگە سود لەھێزی کاریان وەربگرێت.

٦.زاڵبون بەسەر کۆسپ و رێگرییەکاندا، تەنانەت ئەگەر لەسەخترین کاردا بوو دەبێت بۆ سەرکەوتن و بەردەوام بون لەکارەکەی ھەوڵی فێربون و گەشەپێدانی خۆی بدات بۆئەوەی قۆناغە سەختەکان تێپەرێنێت نو لانی کەم ببێتە خاوەن ئابووری سەربەخۆ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.