دیاری چالاک: ھیچ جیاوازیەک نییە لەنێوان زۆنی زەرد و سەوزدا بۆ ستەم و زۆرداری کردن بەرامبەر بە دەنگی بوێر و ئازاد… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز دیاری چالاک؛ چالاکوانی شارستانی سەبارەت بە١٢هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و پرسی ئازادی بیروڕا لە کوردستان.

0

دیاری چالاک: ھیچ جیاوازیەک نییە لەنێوان زۆنی زەرد و سەوزدا بۆ ستەم و زۆرداری کردن بەرامبەر بە دەنگی بوێر و ئازاد…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز دیاری چالاک؛ چالاکوانی شارستانی سەبارەت بە١٢هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و پرسی ئازادی بیروڕا لە کوردستان.

بۆپێشەوە: دوای ئەوەی یەكێتی دانی نا بەوەی كە پارتی تۆمەتبارە بە تیرۆری سەردەشت عوسمان، پێویست نییە دادوەرانی ئازادیخواز و سەربەخۆ، ئەم كەیسە لە دادگا بجوڵێننەوە؟ پێویست نییە رۆژنامەنووسان و نووسەرانی و بەرەی ئازادیخوازی كۆمەڵگە، بە گوڕو تینێكی تازەوە گوشار بهێنن بۆ پارتی و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم تا چارەنووسی كەیسی سەردەشت و سەرجەم كەیسەكانی تری تیرۆری سیاسی و رۆژنامەنووسان، بۆ خەڵكی كوردستان روونبكەنەوە؟

دیاری چالاک: داد و بێداد

ئەم یادە بۆخۆی سەدبارە جەختکردنەوەیە لەسەر نەبوونی داد و دادگەرایی لەکۆی پرۆسەی حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان، گەر دادگاکان لەکات و شوێنی خۆیاندا چالاکبونایە و سەربە ئەم لایەن و ئەولایەن نەبوونایە ئێستا ئێمە لەبری داکۆکی لەمافی زەوتکراو و تیرۆری سەردەشتدا بنووسین، لەیەکێ لەبوارەکاندا لێکۆڵینەوەو شیکاریمان دەکرد بۆ بەرەوپێش چوونی ژیاری خەڵکی کوردستان….!

بۆپێشەوە: سەردەشت عوسمان بەدوای وتارە تەنزئامێزەكەی بەناوی” من عاشقی كچەكەی بارزانیم” كە دیمەنی نابەرابەری كۆمەڵگەی چینایەتی دەخاتە ڕوو، سەرەتا تووشی هەڕەشە و پاشان تیرۆر دەكرێت، كەواتە كەیسەكە دیارە و نەخشە دارێژەرانیشی ئاشكران… كەچی دادگا و داواكاری گشتی هیچ رۆڵێك ناگێڕن… ئەمە چۆن لێك دەدەنەوە؟

دیاری چالاک: لەکۆی پرۆسەی سیاسی حکومەتی ھەرێم لەساڵی ١٩٩٢ وە و لەکاتێکدا کە لەشاخیش بوون تیرۆری دەنگی ناڕازی و دەنگی ئازاد بەشێکی دانەبڕاوبووە لە سیاسەتکردنیان بۆ بەردەوامی دان بە مانەوەو پاراستنی پێگەی کەسی چەند کەسایەتیەکی دیاریکراو…. وە لەدوای ڕاپەڕین و درووستبوونی حکومەتی ھەرێمەوە ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردن و سیاسەتکردن لەناو ھزرێکی تەسکی خێلەکی و ھۆزو عەشرەتەکاندا بەردەوامی ھەبووە و لەبرەویشدا بووە و ڕۆژبە ڕۆژ ستەم و تیرۆر ڕوبەڕووی نوزەیەک لەدەنگی ئازاد بۆتەوە و سەرکوتکراوە جا لەھەرکوێیەکی ئەم ھەرێمەوە بوبێت، ئەوەی جێی سەرنج و بایەخە کە ئەم ھەموو خوێنڕشتن و زیندان و ستەمکردنە نەک دەنگی ئازادی پێ کپ نەکرا، بەڵکو دەنگە ئازادەکان بە گڕوتینی زیاترەوە سەریان ھەڵدەدا و لەکاروانی خەباتتدا دژی ستەم بەردەوام بوون و دەشبن.

ھیچ جیاوازیەک نییە لەنێوان زۆنی زەرد و سەوزدا بۆ ستەم و زۆرداری کردن بەرامبەر بە دەنگی بوێر و ئازاد.

وەک چالاکوانێک گومانم ھەیە ڕۆژێک دابێ لەژێرسایەی ئەم حیزبە خێڵەکیانەدا دادودادگەری بێتە ئاراوە و ماف بپارێزێ…!!

وەک ئاشکرایە کە بیرو ئەندێشەی خێڵەکی ھێندە تەسک و تروسکە توانای بینینی سەری لوتی خۆی نییە، خۆئەگەر بکەونە ژێر فشارەوە ئەوە دەبنە ماری بریندارو بەھەرچوارلادا ژەھر بڵاودەکەنەوە، لەگەڵ سێبەری خۆیاندا بەشەڕدێن و ھەموو ھێزو توانایان بەکاردەھێنن لەپێناوی مانەوەو بەردەوامی خۆیان و ھیچ کاتێک ئامادەنین دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتەبن کە ڕۆژێک لەڕۆژان خەڵک پێی بەخشیون لەپێناو خزمەتکردنی وڵاتتدا.

بەداخەوە کە ئێمە گەورەترین و لەبارترین دۆخمان لەدەستدا بۆ بونیادنانی ھەرێمێکی نموونەیی لەڕووی حوکمڕانی و داد و ئازادی و یەکسانیەوە، ئەم دۆخەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین ھەروا بەئاسانی چارەسەر ناکرێ و بەم زوانە چاوەڕێی گۆڕانکاری لێناکرێ، چوونکە بارودۆخی ناوچەکە ھێندە ئاڵۆز و پەشێوە و ھەرھەمووشی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندایە کە ناتوانن بۆ یەک چرکەسات دەنگێکی ئازاد گوێ لێبگرن، ئەوەی کە دەکرێ تەنیا بەرز ڕاگرتنی گیان بەخشینی سەدانی وەک سەردەشتە کە وەک سمبولێک بۆ دەنگی دلێر و ئازاو نەبەز، بۆ گیانفیدایی و بەرەنگاری و یاخیبوون بەردەوام ببێتە ھێز و توانا بۆ ئایندە ھەرچەندە دوریشبێ ….!

ئازادی خوازەکانی دوێنێ کۆیلەکانی ئەمڕۆن…! شۆڕشگێڕە دێرینەکان سەرکوتکەری ئەمڕۆن..

چ سامناکە بوون لەگەڵیان.

من ئازادی ڕا دەربڕینم ناوێ….!

ئازادی دوای ڕا دەربڕینم دەوێ…!

سوپاس بۆ ئێوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.