جۆرێکی دیکە لە توندوتیژی… نووسینی: رۆزا دڵشاد مەریوانی

0

جۆرێکی دیکە لە توندوتیژی…

نووسینی: رۆزا دڵشاد مەریوانی

بەردەوام لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان دەوترێت و هەڵمەت و چالاکی لە هەموو دونیایدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە رێکدەخرێت، نەک تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بەڵکو بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان لەو حاڵەتە تاوەکو چیتر بەرامبەر ئەو جۆرە تاوانانە بێدەنگ نەبن و بەرەنگاری ببنەوە و پارێزگاری لە خۆیان بکەن، ڕەنگە وابزانرێت دیاریکردنی پیاوێکی توندوتیژ ئاسان نەبێت و سەرەتا لەماوەی یەکترناسین و دەزگیرانداریدا نەتوانرێت هەست بەوە بکرێت ئایا ئەو پیاوە توندوتیژە یان نا، بەڵام ئەگەر کچێک کەمێک هۆشیار بێت و حەزو خۆشەویستی کوێری نەکردبێت تاڕادەیەکی زۆر دەتوانێت بزانێت ئەو کوڕە لە داهاتوودا دەبێتە پیاوێکی توندوتیژ یان نا، چونکە زۆر ئاماژە هەیە ئەگەر وردبیت دەتوانیت بزانیت ئەوە بەرەو کوێ دەتبات.

دیارترین هۆکار

دیارترینیان دڵ پیسییە کە شتێکە دەگمەنە بتوانرێت بشارێتەوە و وەکو حاڵەتێکی دەروونی وایە کەسەکە ناتوانێت ئەو دڵپیسییەی خۆی بشارێتەوە، بەڵام رەنگە لەبەرئەوەی کچ لەو قۆناغەدا دونیا وەکو دەوترێت بە پەمەیی دەبینێت وابزانێت ئەوە ئیرەبردنێکی ئاساییە و لەبەرئەوەی خۆشیی دەوێت وادەکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر دڵپیسی بێت و لەسەر جلوبەرگێک یان کەسێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەستبدات و ببێت بەکەسێکی تر و بەشێوەیەکی ناشیرین بەرامبەرت رەفتار بکات و قسەی نەشیاو بکات بزانە ئەوە دڵپیسییە، رەنگە بوترێت دڵپیسیی پەیوەندی چییە بە توندوتیژییەوە؟ بەڵێ پەیوەندی هەیە، چونکە دڵپیسیی پاڵنەرێکە لە پاڵنەرەکان تاوەکو کەسەکە جیاواز لە سروشتی ئاسایی مرۆڤێک رەفتار بکات و رەنگە دواجار بیکاتە کەسێکی توندوتیژ.

هەروەها ئاماژەی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بزانیت ئەو کەسە لە داهاتوودا دەبێتە کەسێکی توندوتیژ جا مێرد بێت یان خۆشەویست، کاتێک لە سادەترین ناکۆکیدا ئەوەی پێیدەوترێت توندوتیژی بە زمان لەگەڵتدا بەکاربێنێت وەکو قسەی نەشیاو و جنێودان کەسێک بەو شێوەیە بێت بەدووری مەزانە لە ساتێک لە ساتەکاندا لەگەڵ بەکارهێنانی جنێودا بکەوێتە لێدانیشت، چونکە زۆربەی زۆری حاڵەتەکانی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەرکراوە سەرەتا پیاوەکە بە جنێو و ‌قسەی ناشیرین دەستیپێکردووە و لە کۆتاییدا بووە بە توندوتیژیی جەستەیی.

لاقەکردن وەکو توندوتیژی

زۆر هۆکاری دیکە هەیە پیاو دەکاتە کەسێکی توندوتیژ وەکو ناتەواوی باری دەروونی یان ئاڵوودەبوون بەهەر شتێکەوە بێت، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم کە بە جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژیی دادەنرێت ئەویش دەستدرێژیی سێکسی یان لاقەکردنە لەلایەن مێردەوە، رەنگە زۆر کەس ئەوە بە توندوتیژی نەزانن بەو پێیەی مادام مێردێتی مافی خۆیەتی کەی بیەوێت و چۆن بیەوێت بە زۆریش بێت ژنەکەی حەزە سێکسییەکانی تێر بکات، بەڵام ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە و ئەم مەسەلەیە لە دونیادا نوێیە و ساڵانێکی زۆری ویستووە تاوەکو لاقەکردنی ژن لەلایەن مێردەوە وەکو تاوان و توندوتیژی جەستەیی پێناسە بکرێت و ئەوەتا لە ساڵی 2019 دا تەنیا 150 دەوڵەت لاقەکردن لەلایەن مێردەوە بە تاوان دادەنێن و یاسایان بۆ داناوە تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا سزاکەی دەگاتە بەندکردنی هەتاهەتایی وەکو وڵاتانی بەریتانیا و کۆریای باشور و مۆڵدۆڤا..هتد لە بەریتانیا بۆ یەکەمجار ئەو حاڵەتە بە تاوان ناسێنرا دوای ئەوەی ژنێک داوای لاقەکردنی دژی مێردەکەی بەرزکردەوە و کەیسەکەی ناونرا کەیسی (R VS R) ئەو ژنە لە ساڵی 1991 دا داواکەی بەرزکردەوە و دوای ساڵێک لە بەردەوامبوون لە داواکە و بەرزکردنەوەی بۆ دادگای پێداچوونەوە دادوەرەکان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی لاقەکردن لە چوارچێوەی ژن و مێردایەتیدا پاساو نییە بۆ ئەو تاوانە و بە تاوان لە قەڵەمدرا و بەو شێوەیە بەهەموو لایەنەکانییەوە یاساکە هەموارکرا کە مەرج نییە ئەو دوو کەسە بە یاسا ژن و مێرد بن، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە وەکو ژن و مێرد پەیوەندییان پێکەوە هەیە و لەماڵێکدا دەژین و هەر کردارێکی سێکسی بە زۆر و بەبێ رەزامەندی ژنەکە رووبدات بە تاوان دادەنرێت و پیاوەکە سزا دەدرێت.

یاسایەک نییە بۆ ئەو تاوانە

لەماوەی پێشوودا یەکێک لەو وڵاتانەی دووبارە گفتووگۆی لەبارەی ئەم بابەتەوە تێدا وروژا کە ئایا تاوانە یان نا ئەویش میسر بوو، دوای ئەوەی چەندین شایەت لەنێویاندا هونەرمەند و هەندێ کەسایەتی ناسراو بوون باسیان لەوە کردووە کە دووچاری توندوتیژی و لاقەکردن لەلایەن مێردەکانیانەوە بوونەتەوە، راستە لە زۆر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لاقەکردن یان توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان دانراوە و یاسای بۆ هەموارکراوە، بەڵام تا ئێستا یاسایەک نییە لاقەکردنی ژن لەلایەن مێردەوە بە تاوان دابنرێت بەو پێیەی وای دادەنێن ئەوە شتێکی ئاساییە و مادام مێردێتی مافی خۆیەتی ئەوەی بیەوێت بەدەستی بێنێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوانەی یاساکان هەموار دەکەن زیاتر پیاون هەروەها تا ئێستا بە گشتی تێنەگەیشتوون لەوەی ژن وەکو پیاو مرۆڤە و لە پلە دوودا دانەنرێت و ئەویش بۆی هەیە لەو مەسەلە تایبەتییانەدا رای هەبێت، کە بە رای من ئەو مەسەلەیە یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی ژیانی ژن و مێردایەتی و روودانی ئەو حاڵەتە چەوساندنەوەی ژنە و بێگومان جۆرێکە لە جۆرەکانی توندوتیژیی دژی ژنان و مەترسییەکەشی لەوەدایە زۆربەی حاڵەتەکان بێدەنگی لێدەکەن یان رەنگە ئەو ژنانەی وایان لێ بەسەردێت وابزانن ئەوە ئاساییە و مافێکە لە مافەکانی پیاو.

بە راستی من نازانم ئایا لێرە وەکو هەرێمی کوردستان تا ئێستا یاسایەک هەیە مێرد لەسەر لاقەکردنی ژنەکەی سزا بدرێت؟ ئەگەر نییە بێگومان ئەرکی هەمووانە چ میدیاکاران و چ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵبدرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان بەوەی چیتر بێدەنگ نەبن و ئەوە شتێکی ئاسایی نییە و نابێت بەزۆر ئەو کردارەی پێبکرێت، هەروەها چەسپاندنی ئەو حاڵەتە وەکو تاوان لە یاسادا و دانانی سزای گونجاو بۆ تاوانباران.

Leave A Reply

Your email address will not be published.