کۆتایی گڵۆبالیزم ئایا جەنگی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکڕانیا چی بە ئابووری جیهان دەگەێنێت؟ نووسینی: ئادەم پۆسن وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

0

کۆتایی گڵۆبالیزم…. ئایا جەنگی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکڕانیا چی بە ئابووری جیهان دەگەێنێت؟

نووسینی: ئادەم پۆسن

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

لە سێ هەفتەی ڕابردوودا، ئابووری ڕووسیا بەهۆی گەمارۆکانەوە بەرەو داڕمان ڕۆیی. دەستبەجێ دوای ئەوەی کڕملین هێرشی کردە سەر ئۆکڕانیا، ڕۆژئاوا دەستیکرد بە دەست بەسەرداگرتنی سامانی هەرێ ئەودەوڵەمەندانەی کە لە، پۆتین، سەرۆکی ڕوسیاوە نزیکبوون، فڕینی فڕۆکەکانی ڕوسیایان بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا قەدەغەکرد، هەروەها ئابووری ڕوسیایان سنووردار کرد لە هاوردەکردنی تەکنۆلۆجی. لە هەمووی گرنگتر، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سامانی یەدەکی بانکی ناوەندی ڕوسیایان سڕکردو هەروەها نەک هەر ڕوسیایان دەرکرد لە سیستەمی بانکی نامەیی سویفت بۆ ئاڵوگۆڕو گواستنەوەو مامەڵە بە پارەوە، بەڵکو دامەزراوە بنچینەییەکانی دارایی نێودەوڵەتیش کە لە نێویاندا هەموو بانکەکانی دەرەوەو خەرجکردنی نێونەتەوەیی پارەشی گرتەوە. لە ئەنجامی ڕێکارەکانی ڕۆژئاوا لە دژی ڕوسیا بەهای ڕۆبڵ هاڕەی کرد، کورتهێنان لە تەواوی ئابووری ڕوسیادا دەستی پێکرد، ئیتر حکومەت لەوەدەچێت کە نەتوانێت قەرزەکانی بە دراوی بێگانە بداتەوە. قسەو بۆچوونی خەڵک و ترس لە لێدان بەهۆی گەمارۆکانەوە وای لە خاوەنکارە ڕۆژئاواییەکان کردووە کە بە کۆمەڵ ڕوسیا بەجێبهێڵن. بەو زوانە ڕوسیا وای لێدێت کە نەتوانێت پێویستیەکانی هەم بۆ بەرەنگاری و هەم بۆ بەکاربەرانیش بەرهەم بهێنێت. هۆیەکەشی هەرئەوە دەبێ کە پێکهاتە بنچینەییەکانی بۆ ئەو مەبەستە نامێنێت.

وەڵامی دێموکڕاتیانەی جیهان بۆ دوژمنکاریەکەی مۆسکۆ و هەروەها  تاوانەکانی جەنگ لە جێی خۆیدایە، هەم لە ڕووی ئەخلاقی و هەم لەبەر مەبنای ئاساییشی نەتەوەییشەوە. ئەمەیان گرنگترە لە چالاکی و توانای ئابووری. بەڵام ئەو کردەوانە ئەنجامی خراپیان دەبێ لە ڕووی ئابوریەوە کە لە ڕووخاندنی دارایی ڕوسیا زیاتر پەل داوێت و بەردەوامیش دەبێ و شتێکی باشیش نابێت بۆ ڕوسیا.

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دوو مەیل گڵۆباڵیزمیان لە بەرەودەوامی بەرەوپێش چوون پەکخستووە. یەکەمیان پۆپولیستەکان و نەتەوەچیەکان بوون کە گرفت و تەگەرەیان خستۆتە بەردەم ئازادی بازرگانی، وەبەرهێنان، کۆچبەران، هەروەها بڵاوکردنەوەی بیرۆکەو مەبەست بە تایبەتی لە ئەمریکادا. دووەمیان، بەرەنگاریەکانی چینە لەبەرامبەر یاسا ئابووریەکانی نێودەوڵەتیداو هەروەها ڕێکخستنی پلان و ئامادەکاری درێژماوە لە ئاسیادا لە لایەن چینەوە وای لە ڕۆژئاوا کرد کە ئەوانیش تەگەرە بخەنە بەردەم گەشەو فراوانبوونی ئابووری چین. جا بۆیە ئەو جەنگەی ئێستای ڕوسیا لەگەڵ ئۆکڕانیا ئەو داخورانەی گڵۆباڵیزم خراپتر دەکا. چەند هۆیەکیش لەوبارەوە لەگۆڕیدان. یەکەم: چین دەیەوەێت بەشێوەیەکی دیبلۆماسیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو داگیرکاریەی ڕوسیادا بکات بۆ ئۆکڕانیا. هەردووک سیستەمی دارایی و ئابووری ڕاستەقینەی چین بە وردی چاودێری گەمارۆکان دەکەن، چونکە دەترسن کە ئەگەربێت و هاوکاری دارایی ڕوسیا بکەن یان پێویستیەکانی پڕبکەنەوە ئەوا لە ڕووی ئابووریەوە تۆڵەیان لێدەکرێتەوە. ئیتر لەوە هەر گەڕێ کە چین بیەوێت ڕوسیا لە گەمارۆکان بێنێتەدەر. بۆیە چین کە ئەگەر بە تەواوی نەچێتە پاڵ گەمارۆکان بۆسەر ڕوسیا، ئەوا زیاتر گەشە بە سیاسەتی دژە چینی دەدرێت لە ڕۆژئاواداو لە کۆتاییشدا پەل دەکێشێت بۆ تێکدانی ئابووری چین. دووەمیش: وڵاتان دەترسن کە بکەونە ژێر حەزو ئارەزووەکانی هێزی ئابووری واشنتۆن دوای ئەوەی کە سەرسامی هێزی ڕواڵەتی ئەمریکا بوون. لە ئێستادا لەوانەیە کردەوە ئابووریەکانی ئەمریکا دادپەروەرانە بن، هەروەها ڕەنگە وردە خەتەرێکیش لەگۆڕێدا بێت بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە ئۆکڕانیا داگیر ناکەن کە ڕەنگە بخرێنە لا هەڵەکەی سیاسەتی ئەمریکا. بەڵام لە جاری دووەمدا لەوانەیە ئەمریکا زۆرتر بەرەو خۆپەرستی و گۆڕانیش بڕوات.

خاڵی کۆتایی ئەوەیە ئەوداڕمانەی کە گەمارۆکان بەسەر ئابووری ڕورسیادا دەیهێنن و ئەو بارگرانیەش کە ناوجەرگەی ئەوروپا تووشی دەبی ئەگەر ڕوسیا وەک پەرچە کردارێک لە بەرامبەر گەمارۆکان گازی سرووشتی و نەوت ببڕێ لێیان، لە وانەیە ئەو بارودۆخە وا لە حکومەتەکان بکات کە پشتبەخۆیان ببەستن و خۆیان بپچڕێنن لە تۆڕی ئابووری نێودەوڵەتی. جا سەیرەکە لەوەدایە کە ئەمە دەبێتە هۆی خۆ لەناوبردن. لاوازبوونی هەر ئێستای ئابووری ڕووسیا نیشانی دەدا کە چەندە سەختە بۆ دەوڵەتێک بە تەنیا مەداربکات بە بێ مامەڵەی ئابووری لەگەڵ دەوڵەتەکانی تر. سەرباری ئەوەش هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوریەوە بتوانێت سەربەخۆبێت وای لێدەکات کە زیاتر گەمارۆی بخرێنە سەر، چونکە ڕۆژئاوا نایەوێت بە هەمان ئەندازەی ڕوسیا لەو بارەوە ریسک بکات. بەڵام دیسان ئەوەش ناتوانێت زۆرێک لە حکومەتەکان بوەستێنێت لە پاشەکشەو خۆخزاندنە ناو قوژبنێکەوەو چاوەڕێی ئەوە بن کە خۆیان بپارێزن ئەویش بەوەی کە بێنەدەر لە ئابووری جیهانی و گڵۆباڵیزم. بە دڵنیاییەوە پسپۆڕان بۆ چەندین ساڵە باس لەو دابەشبوونانە دەکەن و هەروەها ئەو وڵاتە بچووکانەش کە هەوڵی خۆدوورخستنەوە دەدەن لە گڵۆباڵیزم سەرکەوتن بەدەست ناهێنن. بەڵام لە ئێستادا وا دێتە پێش چاو کە هەر بەڕاستی ئابووری جیهان بەرەو دابەشبوون دەڕوا بۆ سەر دوو لاو دوو بلۆک. یەکەمیان ڕووی لە چینەوەو دووەمیشیان ڕووی لە ئەمریکایە لەگەڵ زووربەی یەکیەتی ئەوروپا، بەڵام هەمووی نا. لێرەدا هەر کامێکیان هەوڵی ئەوە دەدا کە خۆی جیابکاتەوەو لە کۆتاییشدا هەوڵی لاوازکردنی ئەوەی تریان بدات. بۆیە دەرەنجامەکانی ئابووری جیهانی زۆر ترسناک دەبن. کەواتە پیویستە لەسەر سیاسەتمەدارانی جیهانی درک بەو ترسە بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن.

 دۆلار خۆی دەگرێت!

سەرباری هەموو ئەو قسانەی کە دەربارەی چەکی ئابووری دەکرێن، گەمارۆکانی سەر ڕوسیا کاریگەر بوون تەنها لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ئەو گەمارۆیانەیان خستنە سەر ڕوسیا سەرتاسەری و شێلگیرانەبوون. بۆ نموونە سڕکردنی یەدەکەی بانکی ناوەندی ڕوسیا ئەوکاتە کاریگەریی دەبێ کە ئەگەر زۆرایەتی سیستەمی دارایی جیهان هەمان کار بکەن. کەواتە ئەوە هاوپەیمانانن نەکو دارایی کە بووەتە جێگەی سەرنج. جا لەبەر ئەوەی هاوپەیمانە دژە ڕوسەکان کە پێکدێن لە هەموو دەزگا داراییە زەبەلاحەکان بێجگە لە بانکەکانی چین و هەروەها لەبەر ئەوەی بانکەکانی چینیش نایانەوێت لەو سیستەمە جیهانیە دووربخرێنەوە، کەواتە ئەو گەمارۆ ئابووریانە نابنە هۆی ئاڵوگۆڕی سەرەکی  لە سیستەمی دارایی و بانکی جیهانیدا.

ئەو ئابووریانەی کە لە لایەن واشنتۆنەوە هەست بە هەڕەشە دەکەن، ئەو هەڕەشەیە دەبێتە پاڵنەرێک بۆیان کە ئەو کەل و پەل و شتەی هەیانە بیگوێزنەوە  بۆ دەرەوەی ئەمریکا. لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم هەڵس و کەوتەی واشنتۆن لە بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەری هێزی دارایی، جا ئەگەر واشتنتۆن لەو کارەی بەردەوام بێت، ئەوا بۆی هەیە وا لە وڵاتانی تر بکات کە بەدوای جێگرەوەیەکی دۆلارو هەروەها بۆ دۆزینەوەی ڕێبازو سیستەمێکی تری ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی بگەڕێن. بۆیە لە ماوەیەکی درێژدا ئابووری دابەشبووی جیهان لە ژێر هەڕەشەی گەمارۆکاندا ڕووەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، وەک ئەوەی کە ڕوسیا نیشانی دەدا، ئەوەیە کە هەتا دەستبردنیش بۆ یورۆ یان یەنی چینی، یان هەتا زێریش بۆ مامەڵەی بازرگانی ڕەنگە هاوکاری دەوڵەتان نەکات کە ئەگەر بێت و بەشداربووەکانی تری بازار لە خۆیان بترسن کە لە بازاڕو سیستەمی دۆلار دووربخرێنەوە. لەبەر ئەوەی لایەنێکی تر نامێنێت کە ئەوان بتوانن شت و مەکەکانیانی پێ بفرۆشن. دراوی دیجیتاڵیش دەبێ بڕیاری خۆی بدات ئاخۆ دەچێتە پاڵ گەمارۆکانەوە یان نا. لە حاڵەتی چوونیدا بۆی هەیە بەکارهێنەرانی دراوی دیجیتاڵ لەدەست بدەن، چونکە ئەوان ئەو دیجیتاڵە وەک چارەسەرێک دەبینن. یان ئەوەتە دراوی دیجیتاڵی مڕاوەغە لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەکات و لەو حاڵەتەشدا لەوانەیە حکومەتەکان هەوڵی دوورخستنەوەی دراوی دیجیتاڵی بدەن یان بەرەو لاوازی بەرن.

دراوی چینی، لە هەوڵدایە کە ببێتە جێگرەوەی دۆلار هەتا ئەگەر بۆ نێو بلۆکی پەکینیش بێت. هەتا چین ڕێ لە خەڵک بگرێت بە ئازادانە سامانەکانیان لە سیستەمی بانکی ناوخۆیی بەرنەدەر، ئەوە سەرمایەگوزارو بانکەکانی ناوەند کە پەیڕەوی لەو سیستەمە دەکەن، کاریگەری هەڕەشەو گەمارۆکانی واشنتۆنیان  هەر لەسەر دەبێ. پەکین دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بە جۆرێک بکات کە بتوانرێت دراوی چینی بگۆڕڕێتەوە باشترە لەوەی بە توندی کۆنتڕۆڵ بکرێت. بەڵام ئەگەر ئەوەش ڕوویدا، لەوانەیە بەهای دراوی چینی بە خێرایی بێتەخوار بۆ ماوەیەکی باش هەروەک لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ ڕوویدا کاتێک کە چین بە شێوەیەکی کاتی حیسابی سەرمایەی خۆی کردەوە چونکا بە ملیاران لە خەڵکی کە پارەی پاشەکەوتیان لە ناو چیندا هەبوو بە ناچاری هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بیگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر بە مەبەستی سوودی زیاتر لە پاشەکەوتەکانیان. بە دڵنیاییەوە چین دەتوانێت بێتە جێگایەکی ئابووری و دراوی باش بۆ دەوڵەتانی بچووک و وڵاتانی داماوو لێقەوماو کە هیچ چارەیەکی تریان نییە. بەڵام ئەو هەوڵەی چینیش بە سوود ناشکێتەوە بۆی، بەڵکو لە کاتی قەیرانی یەکێک لەو دەوڵەتانە ئابووری و دارایی چینیش دەکەوێتە مەترسیەوە.

بەرەو لێک هەڵوەشان چوون!

داگیرکاری و گەمارۆکان نابنە هۆی گۆڕانکاری دارایی گەورە لە ئابووری جیهان. بەڵام گڵۆباڵیزم کە هەر ئێستا ڕووی لە داخورانە ئەو داخوارانە خێراتر دەکا و ئەمەش کاریگەریی ئاشکراو فراونتر دادەنێ. ئەگەر تێکەولێکەی ئابووری لە نێوان دەوڵەتاندا بەرەو لاوازی بڕوات ئەوا داهێنان و گەشەی ئابووریش ڕوو لە داکشان دەکا. کۆمپانیا و کارگە ناوخۆییەکان هێزێکی زیاتریان دەبێ و دەتوانن داوای پارێزبەندی بکەن. وە لە ئەنجامیشدا داهات و بەرهەمی کۆمپانیای خێزانیش بەرەو نزمی دەڕوا.

بۆ ئەوەی بزانیت ئەمە بۆ وایە، ورد بەرەوە تا بزانی سیستەمی ڕێکخراوی جووڵەی بازرگانی (سەپلای چەین) چی بەسەردێت. لە ئێستادا، سەرچاوەی لۆجستی و تێچوونی زوربەی کۆمپانیا پیشەسازیەکان و تاکفرۆشەکان پشت بە یەکێ یان کۆمەڵێک شوێن دەبەستێت. وەختی خۆی یەک لۆژیکی بەهێزی ئابووری هەبوو کە بەو ڕێبازە سیستەمی ڕێکخراوی جووڵەی بازرگانیی جیهانی پێکدەهات. ئەوان بەو کارە نەک هەر توانیان لە تێچوو کەم بکەنەوە و ئەویش بە هاندانی کۆمپانیاکان و کارگەکان ڕووەو تایبەتمەندی هەنگاو بنێن، بەڵکو ئەمە بووە هۆی زیادبوونی بەرهەم و خستنە بازاری ناوخۆوە. بەڵام بە تێفکرین لە بارودۆخی جیۆسیاسی و بابەتی ئەو پەتایە، لەوانەیە ئیتر ئەو بەها جیهانیانە هیچیتر ئەو گرنگیەیان نەمێنێ کە ریسک بکرێت بە پشتبەستن بە شوێنە خنکاوەکان. بە تایبەتی  کە ئەو شوێنانە لە ڕووی سیاسیەوە جیگیر نین یان ناتوانرێت پشتیان پێببەسترێت. کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان بە هاوکاری حکومەت دەتوانن دڵنیایی بدەن لە بەرامبەر کێشەو گرفتەکان ئەویش بە درووستکردنی سەپلای چەینی زیاتر لە شوێنی ئەمینتر و سەلامەت تر. ئەمەش وەک هەر کۆمپانیایەکی دڵنیایی وایە کە دڵنیایی پاراستن دەدات لە کاتی هەر زیان لێکەوتنێکدا. بەڵام ئەمە تێچوونێکی ڕاستەوخۆیەو نابێتە هۆی دەسکەوتی ئابووری دەستبەجێ.

لە هەمان کاتدا ئەگەر بێت و کۆمپانیاکانی چین و ئەمریکا لە بەرامبەر یەکتردا نەکەونە پێشبڕکێ یان لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە یەکێکێک لەو دوو بلۆکە، لەوانەیە بەرهەم ڕوو لە کەمی بکات و لەوانەشە بەکارهێنەران ئەو جۆرە باشە و فرەیەی کە ئێستا دەستیان دەکەوێت لە بەرهەم ئەو کات دەستیان نەکەوێت. جا کاتێک ئەو بەکارهێنەرە حکومەت خۆی دەبێت، ئەوە ئەو کات زۆر ڕێی تێدەچێت کە کۆمپانیا پارێزراوەکانی ناوخۆ تێوەگلێن لە فێڵکردن و گەندەڵی و بەفیڕۆدان، لەبەرئەوەی پێشبڕکێ بۆ کڕینی بۆندو کۆنتراکتەکانی دەوڵەت کەمتردەبێتەوە. هێنانەگۆڕێی نەتەوەچیەتی و ترس لە هەڕەشەکانی ئاساییشی نەتەوەیی، وادەکا ئەو جۆرە کۆمپانیایانە کە خۆیان نوغرۆی نیشتیمان پەروەری بکەن و تا ئەوپەڕیش بڕۆن هەتا دەگاتە بانک، چونکە پێیان وادەبێ کە بەوشێوەیە لە ڕووی سیاسیەوە هێندە گەورە دەبن کە نەکەون. ئیتر هۆیەک هەیەو دەبێ کە بۆچی کۆمپانیا داخراوەکان زیاتر گەندەڵی دەکەن.

جیهان گەشەسەندن و داهێنانی کەمتر بەخۆوە دەبینێت!

هەرلە ئێستاوە شیکەرەوان دەتوانن ئەوشتە بە واقیعی ببینن لەو ئیلتیزامات و قسە نیشتیمانپەروەریانەی کە لە لایەن جۆ بایدن و تڕەمپەوە  دەکران دەربارەی ئەو کارگەو کۆمپانیایانەی کە هی ئەمریکان و لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەم دەهێنن. دەیان گوت دەبێ بهێنرێنەوە بۆ… ناو ئەمریکاو جێگەکەی خۆیان. ئەوان ئاساییشی نیشتیمانی و شانازی پێوەکردنی بە کاردەهێنن بۆ پاساوی ئەو سیاسەتانەیان کە بریتیە لە فێڵکردن لە هەردووک دیفاعی نیشتیمانی و هەروەها لە سەروو ٨٥٪ی کرێکارانی ئەمریکا کە لە پیشەسازی قورسدا دانەمەزراوون. پەسند کردن و بەچاکتردانانی بەرهەمی ناوخۆیی لەبەرامبەر بازرگانی پێشکەوتووی ئەو دیو سنوور لە ڕووی خزمەتگووزاری و تۆڕەکانەوە شتێکی سەیروجێی گاڵتەیە کە پێت وابێ ئەوە خزمەتگوزاری و تۆڕەکانن کە بە ڕاستی ڕۆژئاوای بەسەر ڕوسیادا زاڵکردووە لە بابەتی سەپاندنی گەمارۆکاندا و هەر ئەوەشە کە وای لە چین کردووە کە نەتوانێ ڕوسیا ڕزگار بکات.

هەر بە هەمان شێوە، داخورانی گڵۆباڵیزم ئەنجامی خراپی دەبێت بۆسەر تەکنۆلۆجی. چونکە ئەگەر بێت و بەهرە زانستیەکان لە ڕووی جیهانیەوە لەگەڵ یەکتردا ئاڵوگۆڕی فکربکەن و هاوبەشی بکەن لە ڕەتکردنەوەی چەمکێکی زانستی یان  سەلماندنی، داهێنان خێراترو بەربڵاوتر دەبێت لە جیهاندا. بەڵام لێرەدا هۆیەکی سیاسی سەرنجڕاکێش هەیە کە دەوڵەتەکان هەوڵبدەن وە دڵنیا بن کە تەنها دەبێ هاوپەیمانەکانیان بتوانن دەستیان بە تەکنۆلۆجی ئەوان ڕابگات هەتا ئەگەر بێت و سنووردارکردنەکانیش پەیوەندیەکی گوماناوی بە سوپاوە هەبێت. چونکە ئەوەتە لە ڕێگەی سیخوڕیکردنی ئەلەکترۆنیانە ئاسانە کە کەسێک بتوانێت دەستی بە دیزایینێکی تەکنۆلۆجی ڕابگات. جا ئەمەش زۆر گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت کە ببێتە پاشەکشە لە داهێناندا.  هەروەک چۆن دەزگاو پەیمانگا زانستیەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمریکاو ڕۆژئاواش خۆیان بێبەش دەکەن لە خوێندکارو زانایانی چینی و ڕوسی.

داخورانێکی زۆر لە گڵۆباڵیزم کاریگەری خراپی لەسەر سوودی سەرمایە دەبێت لە ئابووری جیهانیدا و هەروەها بە هەمان شێوەش دەیبێت لەسەر هەر یەکێک لە لایەنەکانی تری ئابووریدا. ئیتر لێرە بەدواوە کۆت و بەندی تازە دادەنرێن لە هەر شوێنێک کە خەڵک بیانەوێت سەرمایەکانیان بخەنەگەڕو ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی فرەیی و ڕێژەش لە سوودو بەرهەمەکان. ترس و نەتەوەچیەتی لەوانەیە حەزو ئارەزوووی خەڵک زیاتر بەلای ئەوەدا بەرێ کە لە پێناوی سەلامەتی سەرمایەکانیان بێن لە نێو وڵاتی خۆیان ولەگەڵ حکومەتی خۆیان و یان لەگەڵ ئەو شوێنەی کە پشتی  بە ئاساییشی کەرتی گشتیەوەیە بخەنەکار.  هەروەها حکومەتەکانیش بابەتی ئاساییشی نەتەوەیی و بابەتی جێگیکردنی داهات و دارایی بەیەکەوە گرێدەدەن و هانی هاوڵاتیان دەدەن کە لە نێوخۆداو مامەڵە لەگەڵ نێوخۆدا بکەن بە تایبەتی لە کاتی جەنگەکاندا.

پەیوەندی کیشوەرییانە

بۆ یەکیەتی ئەوروپا دابەشبوونی گڵۆباڵیزم سوودێکی ئابووریانەی هەیە کە ناچاری دەکات لە ڕووی ئابووریەوە زیاتر یەکتر بگرێت و پشت بەخۆی ببەستێت. ئەوەتە لە کێشەی کۆچەبەرانی ئۆکڕانیادا کە بەرەو پۆلۆنیا و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕادەکەن، تەواوی یەکیەتی ئەوروپا بە یەکەوە شان دەدەنە بەر کێشەکەو سەرچاوەکانی داراییان بە هاوبەشی بەکاردێنن. بۆیە لە جیاتی ئەوەی خەرجیەکان لەسەر ئەرکی یەک دەوڵەت بێت، یەکیەتی ئەوروپا بە تێکڕایی ئەرکەکەی لە ڕووی دارایی و لۆجستیەوە دەگرێتە ئەستۆ. جا لەمەودوا لەوانەیە یەکیەتی ئەوروپا، یان زۆنی ئەوروپا، زۆر یاسای ئابووریانەی تریش لەو بارەوە دەربکات کە بۆی هەیە واوەتر بڕواو سوودی بۆ ئابووری جیهانیش هەبێ. بۆیە داگیرکاری ڕوسیا بۆ ئۆکڕانیا ئەوڕاستیە دەچەسپێنێت کە ئەمە جیهانێکە لە ڕووی ئابووریەوە نزمەو سەرمایەدارانیش پێویستیان بە شوێنێکی وا هەیە کە دڵنیا بن لە سەرمایەکەیان. لەو ڕوەوە ئەوروپا، یان زۆنی ئەوروپا، دەتوانێت هەستێ بەو ئەرکەو دڵنیایی بداتە خەڵک کە نەترسن لەوەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە زۆنی ئەوروپادا و ببینن کە شوێنێکی جیگیرە بۆیان.

یەکیەتی ئەوروپایەکی بەهێزتر هەلی تازە دەڕەخسێنێت بۆ گەشەسەندن. نزیکەی هەموو ئەندامێکی ئەوروپا کە ئەڵمانیا سەرپەرشتی دەکا بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکارەکەی ئولاف شۆلز، پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ زیادکردنی نەفەقە وخەرجی سێکتەری بەرگری و زیاتر کردنی بەشداری کەرتی گشتی لە سەرمایەگوزاری، ئەوەش وا دەکا کە کیشوەری ئەوروپا لەسەر پێی خۆی بوەستێ و کەمتر پێویستی بە سوتەمەنی سرووشتی ڕوسیا هەبێ. هەردووک لایەنی سەرمایەگوزاری تایبەتی و گشتی وا دەکا کە ئەوروپا هیچی تر چاوی لەدەستی ئەمریکاو چین نەبێت بۆ ئەوەی گەشەبکا؛ زیادکردنی پاڵنەرێکی تر بۆ ئابووری جیهان وا دەکا کە بەرزی و نزمی لە جووڵەی ئابووریدا ڕابگرێت و هەروەها جیهانیش لە بەرامبەر قەیرانە داراییەکاندا بە جێگیری ڕابگرێت. هەروەها گەشەکردنی خێرای ئابووری وا دەکا کە هەڵاوسان لە دارایی و قەرزەکانی دەرەوەدا ڕوونەدات هەروەک کە ڕوویدا کاتێک کە ئەڵمانیاو وڵاتەکانی تری ئەوروپا بەرهەمی زیاتریان ناردە دەرەوەو شکستیشیان لە ساغکردنەوەیدا هێنا.

ئەو دەستپێکانە یارمەتیدەر دەبێن بە تایبەتی بۆ خودی زۆنی ئەوروپا. یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی قەیرانی یورۆ یەک دەیە لێرەوپێش بریتیبووە لە تێکچوونی باڵانس لە نێو ئابووری ئەوروپادا کە بە هۆی سیاسەتی دەست پێوەگرتن وسک هەڵگووشینی ئەڵمانیاوە تووشی بووە. بە زیادبوونی داواکاری ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەندامانی ئەوروپا لەبەشی خواروو دەتوانن خۆیان ڕزگارکەن لە بەشێک لە قەرزەکانیان لە ڕێگەی زیادکردنی ناردنەدەرەوەی بەرهەمەکانیان لە جیاتی کەمکردنەوەی هەقدەست و زیادکردنی هێنانی بەرهەم لەدەرەوەڕا بۆ ئەوەی بتوانن ئەو پارەیەی لەسەریانە بیدەن. ئەمەش دەبێ ببێتە هۆی بەهێزکردنی توانای یورۆ کە بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، بە هەمانشێوە دەبێتە هۆی سەرنج ڕاکێشانی ئەندامی نوێی تر لە ڕۆژهەلاتی ئەوروپاو هەروەها بەڕێوەبەرانی یەدەک لە جیهاندا. یورۆیەک کە لەناوخۆدا کەمترتووشی گرفت ببێت هەر بەرزدەبێت و بەهاکەشی جیگیردەبێت. ئەمەش لەبەرامبەردا دڵەڕاوکێی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا کەم دەکاتەوە.

ڕاستییەکی تاڵ

بەداخەوە هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکڕانیا کەمتر هاوکارە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لە گەشەسەندان. ئەوەتە هەر لە ئێستاوە بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی خۆراک و وزە تەنگی بە هاوڵاتیانی وڵاتە هەژارەکان هەڵچنیوەو داروخانی ئابووری جیهانیش کە وا بەڕێوەیە خراپتر دەبێت. ئەگەر وڵاتانی کەمدەرامەت ناچاربکرێن کە دەبێ لایەک هەڵبژێرن کە هاوکاری لێ بەدەست بێنن و سەرمایەگوزاری لەگەڵدا بکەن ئەوا شانسی ئەوکارەیان لەگەڵ کەرتی تایبەتدا کەمتر دەبێ. ئەو کۆمپانیایانەی کە دەکەونە چواچێوەی ئەو وڵاتانەوە وایان لێدێت لە دەرەوەو لە ناوەوە  زۆرتر پشت بە حکومەت بەستن. جا ئەگەر بێت و ئەمریکا و وڵاتەکانیتر گەمارۆ زیاتر بەکاربێنن، ئەوا ئەو کۆمپانیایانە لەوانەیە کەمتر بتوان لەگەڵ ئەو ئابووریانەدا سەرمایەگوزاری بکەن. بۆیە کۆمپانیاکانی فرە ڕەگەز کە لە حاڵەتی دڵەڕاوکێدان دەیانەوێت لە ئەمریکا دووربکەونەوە، چونکە نایانەوێت لە گەڵ لایەکدا سەرمایەگوزاری بکەن کە ناڕوون بێت و نەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت.

جا هەرێ ناخۆشیەکەی ئەم جەنگە بەشێکی لەوەدایە کە لە سەردەمێکدا هەڵگیرسا کە جیهان بە شێوەیەکی یەکسان وەڵامی نەدایەوە بە کۆڤید-١٩ و هەروەها ئەو دەوڵاتانەی کە داهاتیان بەرزە بەشی پێویست لە ڤاکسینیان نەداو نەنارد بۆ وڵاتە کەم داهات و هەژارەکان. ئەو پشتگوێخستنە سیاسیەی وڵاتە زلهێزەکان لەبەرامبەر وڵاتانی هەژارو دواکەوتوودا لە ڕووی واقیعیەوە دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی ئابووری لە سەرئاستی جیهان. ئەوەش بەهانە دەداتە دەست سێکتەری تایبەتی کە سەرمایەگوزاری لەو وڵاتانەدا نەکات. تەنها چارەو ڕێباز بۆ هاتنەدەر لەو بازنەیە لە ڕێی سەرمایەگوزاری کەرتی گشتیەوە دەبێ و هەروەها جێبەجێکردنی مامەڵەیەکی دادپەروەرانە. لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە دابەشبوون لە نێو ئەو ئابووریە گەورانەدا وا لەو جۆرە سەرمایەگوزاریانە بکات لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا کە کافی نەبێت و نەتوانرێت پشتی پێببەسترێت و هەروەها لەوانەیە بە شێوەیەکی تەعەسوفیانە جێبەجێبکرێت.

هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا بە تەنها هاوکاری کردنی ئابووریە هەژارەکان وەک  ئامانجی گەشەکردنی ماوەدرێژ ناخاتە خەتەرەوە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن، وا پێویست دەکا لە سەریان کە گۆڕانی کەش و هەوا سوک بکەن و لەگەڵیشیا خۆ بگونجێنن. بەڵام ڕۆڵی میحوەری ڕوسیا و ئۆکڕانیا لە دابینکردنی وزەی جیهانی هێزی دژبەیەک دەنێرێت. ئەمەش کاری گواستنەوەی وزە سەخت تر دەکا. لە هەمان کاتدا سیاسەتمەدارانی رۆژئاوا داوای ئەوە دەکەن کە لە گۆرانی کەش و هەواوە بگوێزنەوە بۆ زیادکردنی گەڕان بەدوای سووتەمەنی وزە لە دەرەوەی ڕوسیادا. دەوڵەتان دەیانەوێت ڕێگە بگرن لە بەرزبوونەوەی نرخی گازو کەمکردنەوەی باج لەسەر وزە و قەرەبووی خێزانەکان بکەنەوە لە بەرامبەر بەرزی نرخی گازدا، هەروەها دەشیانەوێت کە هانی فراوانکردنی بەرهەمەکانی وزەی سەلامەت بدەن و بەکارهێنانیش کەمتر بکەنەوە کە ئەمەش پێویستی بە نرخی زیاترە. ئەوگۆڕینەوانە درێژە دەکێشن هەتا دوای گۆڕانی کەش و هەواش. وڵاتانی دیموکڕاسی دەیانەوێت هاوپەیمانیەک پێک بهێنن بە دەوری بەهاکانی لیبڕالیەت و ئازادی بازاردا، بەڵام بۆ کەم کردنەوەی تێچووەکانی وزە پەنا دەبەنە بەر حکومەتە ئۆتۆکڕاتەکانی وەک سعودیەو فەنزوێللا و داوایان لێدەکەن لە بەرامبەر بە شەرعی ناساندنی ڕژێمەکانیان ئەوانیش ئاستی بەرهەم هێنانی وزە بەرزبکەنەوە.

لە پشتی هەموو ئەمەشەوە ڕاستیەکی تاڵ هەیە کە دەبێ دانی پێدا بنرێت. بۆهێواشکردنەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایی، وا پێویست دەکا کە جیهان هەمووی بە یەکەوە و دەبێ چینیش لە خۆ بگرێت، بە کرداری ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە ببنەوە. هاوپەیمانە دیموکڕاسیەکان بە تەنیا ناتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن. وەختی خۆی چین و ئەمریکا هەرچەندە لەسەر هەندیک بابەتیش لە ناکۆکیدابووبن بووبن لەگەڵ یەکتر، بەڵام بۆ بابەتی گۆڕانی کەش و هەوا هەمیشە بەیەکەوە کاریان کردووە. ئێستا هەردووک سەرۆکی چین و ئەمریکاش دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو دۆخەی جارانیان. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم بابەتە  هەر بەرەو سەختی دەڕوا، چونکە هەر یەکیک لەو وڵاتانە پاڵ دەداتە لایەک و بلۆکێک. لە هەمان کاتیشدا هەر کە داخورانی گڵۆباڵیزم هەنگاوەکانی داهینان بەرەو سستی دەبات ئەویش بە تەگەرە درووستکردن لەبەردەم لێکۆڵینەوە زانستیەکاندا، بەمەش زانایان ناتوانن وەکو پێویست بگەنە چارەیەکی پێویست بۆ پاراستنی هەسارەکەمان.

کۆکردنەوەی پارچەکان

 وەستاندنی داخورانی گڵۆباڵیزم خودی خۆی کارێکی سەخت بوو، ئینجا هێرشی ڕوسیاش بۆ سەر ئۆکڕانیا ئەم بابەتەی قورستر کرد. لە کاتێکدا کە سیاسەتمەدارانی ئەمریکاو وڵاتانی تریش بە هێنان و بردنی چیرۆکی درۆ کە گوایە کرانەوەی ئابووری کارێکی باش نییە بۆ کرێکاران، لەولاوەش داگیرکردنی ئۆکڕانیا لە لایەن ڕوسیاوە و ئەنجامی گەمارۆکانیش بۆ سەر ڕوسیا وای لە ئەمریکاو چین کرد کە زیاتر لێک دووربکەونەوە. بەڵام داڕێژەرانی سیاسەت لەو نێوەدا دەستەوەستان نین. گەمارۆکانی سەر ڕوسیا زۆر کاریگەر بوون چونکە لەلایەن هاوپەیمانە بەهێزە دیموکڕاسیەکانەوە سەپێنران کە داهاتێکی بەرزیان هەیە. بۆیە ئەگەر ئوسترالیا، یابان، کۆریای باشوور، بەریتانیا، ئەمریکا، یەکیەتی ئەوروپا و بازارە گرنگەکانی تری ئابووری بتوانن بە هەمان هێزو تواناوە وەک چۆن گەمارۆیان خستۆتە سەر ڕوسیا ئاواش هاوکار بن لە ڕووی ئابووریەوە لەوانەیە وا لە چین بکەن کە ئەویش پەیوەست بێت پێیانەوە.

جا بۆ ئەوەی بەرپرسەکان ئەمە بکەن، لەسەریان پێویستە کە پەیڕەوی لە سیاسەتیکی فراوانتر بکەن. بۆ نموونە دەتوانن کە بازاڕێکی هاوبەشی گەورەو فراون لە نێوخۆی وڵاتە دیموکڕاسیەکاندا دابمەزرێنن، بۆ کەلوپەل و خزمەتگوزاری و هەتا دەگاتە ڕەخساندنی هەلی کاریش، وە پێویستە لەسەریان کە پێوەری هاوبەشیان هەبێ بۆسەرمایەگوزاری تایبەت و لە ڕیگەی سنوورەکانەوە و ئەوانەی کە پەیوەستن بە بابەتی ئاساییشی نەتەوەیی و مافەکانی مڕۆڤەوە، پێویستە لە سەریان کەش و مەیدانێکی  وا درووست بکەن کە پێشبڕکێیەکی تەندرووستیانە بکەن لە نێوخۆیاندا. بەمەش خراپیەکانی وەک گەندەڵی و بەهەدەردان لە نێو ئابووریدا کەم دەبێتەوە کە بە هۆی  ئابووری نەتەوەگەراییەوە پەیدا دەبن. هەروەها لەسەر سیاسەتمەداران و سیاسەت داڕێژەران پێویستە کە سەرمایەگوزارییەکی وا لە نێو هاوپەیمانانی ڕۆژئاواییدا دابمەزرێنن کە درێژە بکێشێ و دەوام بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی نا وەک یەکی و نا بالانسی لە نێو ئابوریەکاندا و هەروەها سوودی زیاتریشی دەبێت.

وڵاتە دیموکڕاسیەکانی جیهان ناتوانن هەموو دابەشبوونێکی وێرانکەرانە  بگێڕنەوە  کە بە هۆی داگیرکاری ڕوسیاوە ڕوودەدەن و لەژێریشەوە ڕەزامەندی چینی لەسەرە. بەڵام دەتوانن قەرەبووی زۆرێک لە زیانەکان و لە دەستچووەکان بدەنەوە. نابێت بەم بارودۆخە ڕازی ببن و دەبێ ڕڕووبەڕووی ببنەوە. هەندێک شێوەی توندوتیژی دەبێ بە گۆشەگیرکردنی ئابووریانە ڕووبەڕووی ببنەوە.

تێبینی: ئادەم پۆسن سەرۆکی پەیمانگای پێتەرسۆنە بۆ ئابووری نێودەوڵەتی.

https://www.foreignaffairs.com/articles/world/2022-03-17/end-globalization?

 

سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس      

Leave A Reply

Your email address will not be published.