دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ فوئاد سادق، یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری سەبارەت بە بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێستاو هەنگاوە عەمەلیەکان بۆ ڕێکخستنی…

0

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ فوئاد سادق، یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری سەبارەت بە بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێستاو هەنگاوە عەمەلیەکان بۆ ڕێکخستنی…

 

بۆپێشەوە: بەرین بوونەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆتە واقعیەتیكی بەرچاو حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگەی کوردستان… خاڵە بەهێزو لاوازەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری چییە؟

فوئاد سادق: دەسەڵات هەر ڕۆژەو بە پاساو و بیانووی جۆراوجۆر هێڕشی هەمەلایەنە دەکاتە سەر جەماوەری زەحمەتکێش و بەرتەسککردنەوەی ژیان و گوزەرانیان، لە بەرامبەردا بۆ بەرگردن بە هێڕشی دەسەڵات، لە زۆربەی هەرە زۆری شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا جەماوەر لە کۆڕو کۆمەڵە و دەستەی ناڕەزایەتییەدا خۆیان ڕێکخستووە، یان خەریکی خۆرێکخستنن، ئەمەش خاڵی بە هێزی ئەم بزووتنەوەیە. بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی و نەبوونی پەیوەندی تۆکمەو پتەو لەنێوان ئەم کۆڕو کۆمەڵە و دەستانەدا تەنانەت نەکردنی کاری هاوبەش لە ئاستی شارێک یان شارۆچکەیەک دا، ئەمەش خاڵی بێهێزی ئەم بزووتنەوەییە و هۆکاری سەرەکی یە بۆ یەکدەست نەبوونەوەو سەرانسەری نەبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان.

بۆپێشەوە: لە راستای بردنە پیشەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی کریکاریی و جەماوەریدا هەوڵێک هەیە بۆ پێکهێنانی دەستەی نارەزایەتییەکان لە شار و شارۆچکەکان، لە کارگە و ناوەندەکان…تاد، ئامانج لە دروستکردنی دەستەی نارەزایەتی جەماوەری چییە و ئەو دەستانە دەتوانن چ ئاڵوگۆرێک لە بزوتنەوەی نارەزایەتی کریکاریی و جەماوەریدا پیک بهێنن؟

فوئاد سادق: هەوڵی کۆڕو کۆمەڵەکانە لە هەموو شاروشارۆچکەکانی کوردستان. سەرەتا دروستکردنی دەستەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەناو شارەکان، دواتر دروستکردنی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان دەستەکاندا، لەم پرۆسە سەرەتاییەدا بە سەرانسەریی بوونەوەی بزوتنەوەی جەماوەری دەست پێدەکات، ئەمەش هەوڵدانێکە بەمەبەستی گرێدانی خەباتە پەرش و بڵاوەکان بە خەباتی ناوخۆی شارو شارۆچکەکان و خەباتی سەرانسەری و یەکپارچە و یەکگرتوو، وە رێکخراوکردنی لە دەوری پلاتفۆرمێکی شۆڕشگێرانە، کە یەکیک لە بنەما سەرەکییەکانی وەلانانی خەباتی پەرلەمانییە،  تەجروبەی سی ساڵی رابردوو نێشانی داوە کە پڕوپاگەندەی چاکسازی و هەڵبژاردن و خەباتی پەرلەمانی، نەک تەنها هێچ کاراییەکیان نییە، بەڵکوو سەرجەمیان جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک و دەستەمۆکردنیان هێچ ئاکامێکی تریان نییە و ڕێگرە لەبەردەم ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی دا.

بۆپێشەوە: دەستەی نارەزایەتی جەماوەری، لەناو خودی بزوتنەوە نارەزایەتییەکان و لە هەڵسوڕاوانی خۆیان پێک دێت، یان دەستەیەکە لەدەرەوەی بزوتنەوە نارەزایەتییەکان و شوێنی کاریان دروست دەکرێت؟

فوئاد سادق: دروست بوونی دەستەی ناڕەزایەتی لە هەردوو مەیدانەکە دەکرێ پێک بهێنرێت، واتە هەم لە ناوەندەکانی کار و هەم لەشوێنی ژیان، بەڵام تا ئەو جێگایەی کاری بۆ کراوە لە لایەن هەڵسوراوانەوە، سەرباری ئەوەی کە هەڵسوڕاوانی شوێنی کاری تێدایە، بەڵام ئەوەی ئێستا کاری بۆ دەکرێت زیاتر کۆبونەوەی هەڵسوڕاوانی شاروشارۆچکەکانی کوردستانە، لە هەر شارێک بە جیاو سەربەخۆ بە ئاگاداری و زۆر جاریش بە بەشداری هەڵسوڕاوانی شارەکانی تر بۆ بەرچاو ڕوشنی و زەمینە خۆشکردن بۆ کاری پێکەوەیی و پەیوەندی بەردەوام و وەک زمێنە سازی بۆ خەبات و تێکۆشان و ڕێکخراوی سەرانسەری…

بۆپێشەوە: پیکهێنانی دەستەی نارەزایەتی کریکاری و جەماوەری لە گرەوی چیدایە؟

فوئاد سادق: مەرجی سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و کرێکاری لە گرەوی یەکدەست بوونەوەو سەرانسەری بوونەوەیەتی لە دەور و لە چوارچێوەی رێکخراوێکی سەرانسەری و پلاتفۆرمێکی شۆڕشگێڕانە، ئەمەش بە یەکگرتوویی سەرجەم کۆڕو کۆمەڵە ودەستەکان و هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکان، یان بەشیکی زۆریان مەیسەر دەبێت، هەوڵێکیش لەم نێوەندەدا دەکرێت لە چوارچێوەی ئەم ئامانجەدایە.

بۆپێشەوە: دەستەی نارەزایەتی جەماوەری لە کێ پێکدیت و پەیوەندی ئەو دەستانە بەیەکترییەوە چۆن زامن دەکرێت؟

فوئاد سادق: یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی  دەستەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەرپرسیارێتی تاک تاکی ڕابەران و  هەڵسوڕاوانی، پەیوەندی گرتنە لەگەڵ هەڵسوڕاوانی ئەو جێگایانەی کە هەتا ئێستا کۆڕو کۆمەڵەکانیان لە دەوری یەک کۆنەبۆنەتەوە لە دەوری یەک رێکخراودا، جا لە ژێر هەر ناوونیشانێکدا بێت کە خۆیان  ئازادن لە هەڵبژاردنی دا و سەرئەنجام ئازادن لە دەستەبەرکردنی تاکتیک و دروشم و شێوازی کار ساز بۆ سەرخستنی ناڕەزاییەکانیان، بە پێ هێزو بەرچاو گرتنی هاوسەنگی هێز.

بۆپێشەوە: پیکهێنانی دەستەی نارەزایەتی کریکاری و جەماوەری، بیگومان لە پراکتیکی خۆیدا رووبەرووی دەسەڵات و خاوەن کار دەبێتەوە، ئەو دەستانە چۆن روبەرووی ئەو حاڵەتە دەبنەوە؟

فوئاد سادق: سەرەتا دەستەی ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان لە دەوری کۆمەڵێک خواست و داواکاری سەرەتایی پێکدێت لە بابەت و داواکاری مۆچە،  لابردنی باج لەسەر خەڵکی کوردستان،  سووتەمەنی بە تایبەتی نرخی بەنزین، دابینکرن و  فەراهەم کردنی پێداویستیەکانی تەندروستی  …هتد. بە یەک دەست و یەک وتە و یەک شیعار بەشداری ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان دەکەن بۆ پەرەدان بە ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان و یەکگرتوو کردنی هەم لە ئاستی محلی و هەم لە ئاستی سەرانسەری دا ، گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی جەماوەری بۆ ڕێگرتن بە هێڕشەکانی دەسەڵات و پاشەکشەکردن پێان و گەڕانەوەی  ئیرادەی جەماوەر لە ئیدارەدانی خۆیدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.