”ژن کوشتن“    نووسینی/ شنە بابە علی

0

لەهەرێمی كوردستان بووەتە دیاردەیەكی بەربڵاو و مەترسیدار، ناو بە ناو شەپۆلێكی ژن كوشتن هەرێم دەگرێتەوە، وەك ئەوەی لەچەند مانگی ڕابردوودا بینیمان، ٩ ژن بەدوای یەكدا كوژران، كە شێوازی هەندێك لە كوشتنەكان، مەترسیدار و نامۆبوون، بەتایبەت شێوازی كوشتنی شنیار كە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە سوتێنرا. گرفتی گەورەی دیاردەی ژن كوشتن، خراپ مامەڵەكردنە لەگەڵ دۆسیەكانی توندوتیژی دا، ڕێوشوێنەكان چوارچێوەی ئیدانەكردنیان تێنەپەڕاندووە و هەنگاوی كرداری نەنراوە بۆ سنوردانان بۆ ژنكوژەكان. ڕێوشوێنە یاسایی و كۆمەڵایەتیەكان، لەبری ئەوەی دیاردەكە سنوردار بكات و تێڕوانینی كۆمەڵگا بەرامبەر ژن كوشتن بگۆڕێت، كەچی مامەڵەی هەڵە، پەرەیداوە بە ژن كوشتن و لە حاڵەتەوە بردویەتی بۆ دیاردە! كاتێك ژنێك دەكوژرێت، خێرا كۆمەڵگا دابەش دەبێت، بەشێكی خەڵك ئیدانەی تاوانەكە دەكەن و هاوسۆزن لەگەڵ قوربانیەكەدا، بەڵام بەشێكی تر، پاڵپشتی تاوانبارەكە دەكەن و ئەو مافەی پێدەدەن كە ژیان لە ژنێك وەربگرێتەوە، لەكاتێكدا هیچ هۆكارێك نیە شەرعیەت بە ژن كوشتن بدات، چونكە پێش دەستبردن بۆ كارتی كوشتن، چەندین ڕێگەی تری عەقڵانی هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە دواجار كوشتنیان بەدوادا دێت.. دەبێت شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەكانی ژن كوشتن بگۆڕێت، ڕای گشتیان لە دژ دروست بكرێت، لە رێگەی دام و دەزگا پەیوەندیدارەكان و ڕێكخراو و میدیاوە هۆشیاری بڵاو بكرێتەوەو ژن كوشتن تەحریم بكرێت، ئەمەش كاركردنی عەقڵانی و هەنگاوی وردی دەوێت، هێنانە سەرهێڵی هەموو چین و توێژەكانی پێویستە، بە جۆرێك هەوڵبدرێت كۆمەڵگا لەسەر بنەمای ڕەگەزی دابەش نەبێت، بەڵكو لەسەر بنەمای ژیان دۆستی یەك بخرێت. خاڵێكی تر كە لەپاڵ هۆشیاری گشتی و تەحریم كردنی ژن كوشتندا گرنگە، ڕێوشوێنە یاساییەكان بەرامبەر ژن كوژەكان توندوتۆڵ بكرێن، هیچ دەرەچەیەك نەهێڵرێت بۆ دەربازكردنی ژن كوژ لە چنگی یاسا، گەر ئەمە كرا، بێگومان ئەوانەی خاوەنی بیری ڕەجعین و ناهۆشیارن، ناوێرن دەست بۆ كارتی ژن كوژی بەرن. بەداخەوە، ناهۆشیاری و سەروەر نەبوونی یاسا و سوڵحی عەشایەری وایانكردووە، زۆرێك لە ژن كوژەكان بەئاسانی لەدەست یاسا دەربازیان ببێت، یاخود هەندێكجار ژن كوژەكان وەك پاڵەوان وێنا دەكرێن، گوایە لەو ڕێگەیەوە لەكەی سەریان سڕیوەتەوە، بێ ئاگا لەوەی هیچ كارێك هێندەی ژن كوژی نامۆ و ناشیرین و بێزراو نیە. گەر ژن كوژەكان هۆشیاربایەن، لە قێزەونی لێسەندنەوەی ژیان لە مرۆڤێك تیگەشتبان، هەرگیز دەستیان بۆ كارتی ژن كوشتن نەدەبرد، بەڵام بێگومان خەڵكی ڕەجعی و ناهۆشیار و ناحاڵی لە ژیان، دەبێت بە یاسا جڵەو بكرێن و لە نێو كۆمەڵگادا وەكو كەسێكی نەفرەتلێكراو تەماشا بكرێن، تا چیتر بیر لە كارتی قێزەونی ژن كوشتن نەكەنەوە. پێش ڕێوشوێنە یاساییەكان، هەوڵدان بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا گرنگترە، چونكە زۆرجار تانەی كۆمەڵگا، پاڵ بەژن كوژەوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی تاوانەكە، خۆ ئەگەر تێڕوانینی كۆمەڵگا بۆ دۆزەكانی ژن گۆڕا، ئەوا زۆرێك لە كێشەكانی ژنان چارەسەر دەبن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.