ماریا نەوال سەعداویەكەی ئێمە بوو كەم ژیا و دروست نابێتەوە… نووسینی: گوڵزار عەلی

0

ماریا نەوال سەعداویەكەی ئێمە بوو كەم ژیا و دروست نابێتەوە

نووسینی: گوڵزار عەلی

ماریا بوونی تۆ زۆر پێویست بوو بۆ ئەو جەهەننەمەی كە ڕۆژانە پرشنگی گڕەكەی ژنان دەهاڕێت و دەیانكات بە خۆڵەمێش.

ماریا بە لە دەستدانی تۆ بزووتنەوەی ژنان و بەرەی ئازادیخوازی كەسێكی بلیمەتی گەورەی وەك تۆی لە دەستچوو. كەلێنێكی تێكەوت، بە مانای وشە كە دەكرا شوڕشی ئازادی ژنان لەسەر دەستی تۆ بەرپا بكرابایە.

ماریا ئەیزانی گەر ئازاد نەبێت وەك ئەوە وایە نەژیا بێت؛ هەر چەند ماریا ئەیزانی و پێویستیشی بەوە نەبوو هیچ كەسێك پێی بڵێ ژیانت لە مەترسیدایە و دوژمنت زۆرە، چونكە حەقیقەتی دەزانی بۆی جێگای پرسیار بوو چۆن تا ئێستا لە ژیاندا ماوە، ئەو چاوەڕێی مەرگی خۆی ئەكرد بێ دوودڵی ئەوەشی ئەزانی رۆژیك نێرێك لەو هەموو نێر ڕق ئەستوور و شمشێر بەدەستەی کۆمەڵگە باوك و دایك و برا و مام و خاڵ و خێڵ و مەلا و مزگەوت هتد.. دێن و خەڵتانی خوێنی ئەكەن، ئەیزانی ئازادی ئەو پارویەكی گەورەیە بەقوڕگی کۆمەڵگەدا ناچێتە خوارێ بێ قوربانیدان.

   زۆرێك لە كەسانی توێژە جیاواز و بەناو ئازادیخواز و ڕۆشنبیر، لە سوشیال میدیا خۆیان بە باوك و دایك و براو خوشك و كەسی ماریا دەچواند پێیان وا بوو ئەگەر ئەوان لە نزیكەوە بیان ناسیایە، لێێ نزیك بوونایە فێریان ئەكرد كە ئازادی ئاوا نابێت، كراسی ئەو ئازادییە كە خۆیان بڕوایان پێیە، بەبەری ئەویان ئەبڕی!

 ئاخر تۆیەك تا ئێستا ماریا لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بەمناڵ بزانیت پێت وابێت ئێشتا تەمەنی تەواو كامڵ (ناضج) نییە، ئەبێت دەستی سۆزو بەزەیی بەسەردا بهێنێت و پێی بڵێت نابێت. تۆ جگەرە بە ئاشكرا بكێشیت، جلی نیمچە ڕووت لەبەربكەیت، وسنگت دەركەوێت، و لە سوشیال میدیا پۆستت هەبێت، و قسە لەگەڵ هاوڕێ كوڕەكانی سوشیال میدیا بكەیت، پێی لێ ڕابكێشیت بە خواستی خوت!! ؟ تۆ بێیت دەرسی ئازادی پێ بڵێیتەوە! ئاخر تۆیەك تا ئێستا هەزمی گۆڕینی ڕەگەزی گەنجەكانت پێ ئاسایی نەبێت بە باوك و دایكی گەنجی ماڵی هاوڕێكەت بڵێیت ئەوە ئێوە كچێكتان هەبوو ناوی تری هەبوو؟ ئەوە خۆ بووە بە كوڕ ناوەكەشی گوریوە!!

ئەگەر كوندۆم لە گیرفانی كوڕەكەت بوو ئاساییە بۆت و قسەشی لەسەر ناكەیت، بەڵام ئەگەر لە جانتای كچەكەت شتێكی وا ببینیت دنیا ژێرەو ژوور ئەكەن،  تۆ جاری لەوە نەگەیشتویت كە ئەوە خسوسیەتی ئەوە، چۆن ڕێگا بە خۆت ئەدەیت هەر سەیری جانتاكەشی كەیت كە خۆی لەماڵ نەبوو ژوورەكەی ئەگەڕێیت، باشە تەلەفۆنەكەنیان  كۆدی هەیە، بە كچەكەت بڵێیت كە چووینەوە بۆ كوردستان باجلەكانی ئەوێت پۆشتە بن، لەلای كەس نەڵێیت بە تەنیا ئەژیم لە ئەوروپا! ئەگەر چوونە زانکۆش ئەبێت هەلبژاردنەكەی بەدڵی ئەو بێت نا بێت زۆر دوور كەویتەوە،  هەموو ویكەندێكیش (كۆتایی هەفتە) ئەبێت لەلای خۆیان بن، نەوەكا بچنە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێكانیان ڕەوشتیان شڕبێت، ئەگەر چوشن پێی ئەلێت زوو وەرەو با دڵم لە لات نەبێت كاكی ئازادی ناس، پێی ئەلێیت قسە زۆر مەكەن، لە ناو بازاڕ جوابی پیاوەكان نەدەنەوە، ئەگەر تانەیان لێدان لە كوردستان، با نەبین بە بنێشتە خۆشەی ماڵی مام و خزمەكان، لە تیك تۆك و ئەنێستا گرام پۆستتان نەبێت. ئەگەر جلی كچەكەی و هاوڕێكانی نیمچە ڕووت بوو، لە جێی خواستی تۆ نەبوو بە بیانووی ئەوەی ساردە ئەلێت ئەوە سەرمات نییە ئەو جلانەت لەبەردایە!؟ یانی پێت وایە ئەو خۆی نازانیت ساردە یان گەرم! ئەگەر تۆ نەیڵێیت راستەوخۆ نەڵێیت بۆ جلی وات لەبەر كردووە بۆ ئەوەی دەبڵ مۆراڵێكەی خۆی بشاریتەوە. ئەگەر خۆیان جوان كردبێت ئەپرسیت بۆ وا خۆت جوان كردووە خێرە؟ تۆیەكی ڕۆشنبیر تائێستا دركت پێ نەكردووە نازانیت ئەوە هەمووی مافی تاكە نەك ئازادی. تۆیەك تائێستا شانازی بە شەهادەی دكتۆر و مامۆستا و موهەندیس و پارێزەری بكەیت، پێت وابێت ئەوەی شەهادەی نەبێت وە لەوە كەمتری هەبێت ئینسانە دەرەجە دووەكانی كۆمەڵگەن، با بیرت بخەمەوە مێشك چۆلەكە؛ ماریا خوێندەواریەكی واشی نەبوو؛ خاوەنی هیچ جۆرە شەهادەیەكیش نەبوو، ئەوەی ئێستا لە دنیای عەولەمە و سەرمایەداریدا ئینسانەكانی پێ جیادەكرێتەوە دەیانكاتە كاڵاو و دەرەجە دوو وەك رۆبۆت بەكارئەهێنرێن، شەهادەكانیان جێگایی شانازی خۆیان و تاكەكانی كۆمەڵگەیە، ماریا تۆ نە نامەی ماستەرەكەت كردە پارو و بیكەیتە  قوڕگی خەڵك و بەنانی رۆژ بیفرۆشیتەوە. تۆ هیچ وانەیەكت لەسەر فێمینیزم و پەروەردە و مافی مرۆڤ و یەكسانی جەندەریت نەخوێندبوو، هاوڕێی هیچ كام لە نوسەر وشاعیر وچیرۆكنووس و گۆرانی بێژو و چالاكوان و مافناس و سیاسیی نەبوویت. بەڵام  ئەوەی تۆ بۆت گرنگ بوو بنەمای ئازادی و ژیان و یاخی بوون و دەرچون بوو لە زیندانێكی دەروونی كە کۆمەڵگە و خێڵ و بنەماڵە تا ڕۆح سنوردار و قۆرخی كردبوویت.

بۆیە یاخی بوون و ئازادی لەلای تۆ نەسنوری دەناسی و نە بەهای نیشتمان و نەتەوەو دین و زمان، ئازادی جیهانێكی هاوبەشی بێسنورت دەخواست كە بۆ هەمووان بێت بێجیاوازی. مرۆڤ تا دیلە ژیانی مانایەكی قووڵی هەیە، هیچ شتێك وەك دیلی و كۆیلایەتی مانا نادات بە ژیان، چونكە ئەو كات مرۆڤ لە شەڕێكی مەزندایە بۆ ئازادی، بەڵام هیچ شتێك وەك ئازادی مانای ژیان ناخاتە مەترسیەوە، هیچ شتێك وەك سەربەستی لەسەر مانای ژیان پڕ مەترسی نییە. لە ئازادیدا مرۆڤ شەیدایی و خولیای خۆی بۆ مانا لە دەستدەدات. مرۆڤی ئازاد دەشێ مرۆڤێكی بێمانا بێت، بەڵام گەورەیی مرۆڤ ئەوە نییە لە كۆیلایەتیدا بۆ مانا بگەڕێت، بەڵكوو ئەوەیە لە ئازادیدا بۆی بگەڕێت، بۆیە تا مرۆڤ ئازاد نەبێت ئەم بەرامبەركێ و بەگژداچونەوەیە دژ بەو سنوورانەی بە دەوری ئینساندا كێشراوە تا كۆتایی پێ نەیەت قوربانی و خەبات و بەگژداچونەوەیەكی بەردەوامی دەوێت، تا ڕزگاری یەكجاری ئینسان و دنیایەكی خاڵی لە ستەم و چەوساندنەوە و دنیایەکی باشتر بۆسەرجەم مرۆڤایەتی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.