”کوشتنی ژن ” ……… نوسینی: حەیات مەجید

0

کوشتنی ژن 

نوسینی: حەیات مەجید

کوشتن، سووتاندن، ناچاركردن بە خۆسووتاندن، سووکایەتی پێکردن، ئازاردانی ژنانە لە ھەر بارودۆخێدا بێ، بێگومان خراپترینینیان کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، کەمکردن و بێبەھاكردنی ژیانی مرۆڤە، بەتایبەت ئەوانە تاوان گەلێكن بەرامبەر ئافرەت و لەدوای ئەویش بەرامبەر بە منداڵ ئەنجام دەدرێن، ئاخر دوای ئافرەت، منداڵ قوربانییە گەورەکەیە، چونکە زۆر لەو ژنانەی رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، خێزاندارن و دایكی منداڵن، ئیدی دەبێ چارەنووسی منداڵانێك دوای كوژرانی دایكیان چی بێت؟

لە پاش ھەر توندوتیژییەک کە بەرامبەر خێزان و لەناویاندا بەرامبەر بە ژن دەکرێ، تەندروستیی ئەو منداڵانە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، رەنگە لە داھاتوودا کێشەی گەورەتر بۆ ئەوان دروست ببێت، ئەمە جگە لەو هەستە نەفرەتیەی لەناخیاندا دروست دەبێت بەرامبەر بە بکوژ، یا کەسی ئازاردەری دایکیان كە بە درێژایی تەمەن ڕق ئەستوور دەبن بەرامبەریان.
من خۆم لەسەر ئەو جۆرە کەیسانە ئیشم کردووە و شاھیدی دەیان کەیسم، کە دڵنیام سارێژبوونی برینەکانیان مەحاڵە، پڕن لە نەھامەتی و بێڕەحمیی رۆژگار، ئەمانە وا دەکا ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو توندوتیژییانە زۆر زیاتر لە لایەن ئەو منداڵانەوە لە داھاتوودا رووبدات، بەمەش نەک تەنیا کەسی بکوژ و توندوتیژ کێشە بۆ ئەمڕۆ دروست دەکات، بەڵکوو داھاتووی منداڵەکانی و کۆمەڵگەش تووشی تاوان و داخورانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن.
تازەترین کەیسی ئەم کوشتن و سووتانە، کەیسی شنیاری جوانەمەرگە، کە بووە قوربانیی دەستی پیاوێكی دڕندە، شنیار تاكە قوربانی نییە لەو کەیسەدا، بەڵکوو دوو جگەر گۆشەکەی كە لە ژیاندا دەمێنن، ئەوانیش دوو قوربانییی راستەقینەن.

شنیارەکان زۆرن، ھەریەکەیان بە چەشنێك توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێ، ھەیە بە وشە، ھەیە بە دەستدرێژی، هەیە بە گێچەڵ، هەیە بە کوشتن، شنیاریش بە سووتاندن، ئەم رووداوانە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی یاسا رۆڵی پێویست و كارای تەواوی خۆی دەگێڕێت و تاوانباران (جار هەر كەسێك بن و لە هەر پێگەیەكدا بن) بەپێی یاسا بە سزای خۆیان دەگەن، نابێ سوڵحی كۆمەڵایەتی و عەشایەری، تاوانبارانی ژنكوژی بگرێتەوە و كەیسەكان دابخرێن.

وەک چۆن لە خولی چوارەمی پەرلەماندا لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2017 لە یاسایی لێبوردنی گشتی لە ھەرێمی کوردستان، لە ماددە (9 )دا، لێبوردنی گشتی کۆمەڵێك تاوان ناگرێتەوە، یەکێک لەو تاوانانە، کوشتنی ئافرەتانە، جێبەجێکردنی یاسا وەک خۆی بەسەر ھەموو تاوانباراندا، فاكتەرێكی كاریگەر و باش دەبێت بۆ سڵکردنەوە لە كوشتنی ئافرەت و كەمكردنەوەی توندوتیژی، وا دەكات، ئەو جۆرە پیاوانە پیاوەتی خۆیان لە ئازاردانی ژناندا نەبیننەوە و وەك مرۆڤ سەیری ئافرەتەكانی نێو خێزانەكەیان بكەن، وا دەكات رێز و خۆشەویستی و دڵسۆزی بكرێتە پێوەر لەنێوان هاوسەران و خێزانەكاندا، ئەگەر نا، بە دڵنیاییەوە ئەم کەیسانە و سەدانی تریش لە داھاتوو دووبارە دەبنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.