دواخستنی موچەی مانگانەی کرێکارانی ژینگەپارێز، هیچ پاساوێکی خاوەن کۆمپانیاکان هەڵناگرێ!

0

دواخستنی موچەی مانگانەی کرێکارانی ژینگەپارێز، هیچ پاساوێکی خاوەن کۆمپانیاکان هەڵناگرێ!

کرێکارانی ژینگەپارێز چ ئەوانەی لە کومپانیاکانی کەرتی تایبەت کاردەکەن و چ ئەوانەش کە لەسەر میلاکی شارەوانییەکانن، سەرەڕای ماندووبون وخزمەتێکی گەورە کەپێشکەش بەکۆمەڵگەی دەکەن، موچەیەکی یەکجار کەم وەردەگرن کەهەرگیز لەئاست بژێوی ژیانی ڕۆژانە وکارێکدا نییە کەئەنجامی دەدەن، بەڵام ئەوە خاوەن کۆمپانیاکان و شارەوانیەکانن، کەبەبیانونی دواخستنی سلفەو نەبونی پارەی پێویست لەبانکەکاندا، کێشەیەکی گەورەیان بۆ کرێکارانی ژینگەپارێز پێکهێناوەو موچەکانیان بۆ دوومانگ و بگرە سێ مانگ دوادەخەن وهیچ مانگێك نییەو نەبووە لەکاتی خۆیدا موچەیان پێبدەن. دۆخێکی ئاواش کە هەرگیز مایەی تەحەمولکردن نییە، کرێکارانی ژینگەپارێزی ناچارکردووە بەدەست لەکارکێشانەوەو مانگرتن. بەتایبەت لە قەزاو ناحیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی. لە تەکیەی کامەند ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران پێی ناوەتە ١٣هەمین ڕۆژی خۆیەوەو لەچەمچەماڵیش نزێك بە ١٠ ڕۆژە درێژەی هەیەو لەحاجیاواو ڕانیەو چوارقورنەش چەند ڕۆژێکە کرێکارانی ژینگەپارێز کاریان ڕاگرتووەو لەبەردەم شارەوانیەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان سازداوە. جیاواز لەقەزاو ناحیەکان لەشاری سلێمانیش دووکومپانیا خۆیان دەستیان لەکارکردن هەڵگرتووە.

ئەم شەپۆلە لەناڕەزایەتی کرێکارانی ژینگەپارێز، کردەیەکی بەرهەقە و لەبەرامبەر زوڵمیکدا کەلێیان دەکرێ پێی ناوەتە مەیدانەوەو هیچ پاساوێکیش هەڵناگرێ. دانی موچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا، مافێکی یاسایی و دانپێدانراوە. ئەوەشی کەخاوەن کۆمپانیاکان دەیڵێن کەحکومەت سلفەیان بۆسەرف ناکەن، وەیا ئەوەی شارەوانیەکان دەیڵێن کەپارە لەبانکەکاندا نییە، هیچ پەیوەندێکی بەکارو موچەی کرێکارانی ژینگەپارێزەوە نییە و لەم کێشەیەدا تەرەفێک نین، تەنانەت کرێکارانی ژینگەپارێز لەگرێبەستەکانیاندا ئیمزایان لەمەرجێکی ئاوای خاوەن کۆمپانیا وشارەوانیەکان نەداوە، تا موچەی مانگانەکانیان دوابخەن. ئەوەشی کەوەزارەتی کارو حکومەت، بەخاتری کۆمپانیاکان، پشت لەیاساکارپێکراوەکانی خۆیان دەکەن وهیچ کاردانەوەیەک لەخۆیان نیشان نادەن، بەڵگەی شەریکبووناینە لەو زوڵم و ناهەقیەی کە لەکرێکارانی ژینگەپاریز دەکرێت. کرێکارانی ژینگەپارێز کەتەنها سەرچاوەی داهاتیان موچەی مانگانەیانە، بەنەدان و دواخستنی موچەکانیان، لەدۆخێکدا کەگرانی و نەبوونی وباج و خەراجی دەسەڵاتداران، ژیان وبژێوی کریکاران و خەڵکی هەژارو کەمدەرامەتی داڕماندووە، شتێکی تر نییە جگە لە توندکردنەوەی سیاسەتی سکهەڵگوشین و هەژارترکردن، کەحکومەت لەژێر ناوی چاکسازیدا، بەڕێوەی دەبات.

ئەم دۆخە سەختەی کرێکارانی ژینگەپارێز وبێدەربەستی خاوەنکارو دەسەڵات، نیشانەی ئەوەیە کە نایانەوێت ئەم بەشە لەکرێکاران بەردەوام بن لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزای گشتی شارەکانی کوردستان و ئەگەریش درێژە بکێشێت ژینگەی شارەکان و ئاو و هەوایەك کەبۆخۆی ناتەندورستە هێندەی تر پیس بێت و دەیان دەردو نەخۆشی بۆسەر دۆخی ناهەمواری تەندروستی هاوڵاتیان زیاد بگات، کەتەنها بازاڕی کۆمپانیاکانی بازرگانی دەرمان گەرم دەکات.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێز بۆ خواستی سەرفکردنی موچەکانیان شایانی پشتیوانی بەشەکانی تری کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازو نارازی کوردستانەو دەبێ بەتەواوی تواناوە پشتگیریان لێبکرێ. هاوکات دەبێ ئەم زوڵم و زۆرو دەستدرێژەی خاوەن کۆمپانیاکان و ئەم هەڵویستە نامەسئولانەیەی حکومەت و وەزارەتی کارەکەی لەقاوبدڕێ و ناچار بکرێن بەوەلامدانەوەی خێرا بەخواستی کرێکاران و سەرفکردنی موچەکانیان. هاوکات داواش لەکرێکارانی ژینگەپارێز دەکەین کەڕێزی یەکگرتوو و سەربەخۆی خۆیان بپارێزن وچاو لەهێزی ڕیکخراو و سەراسەری خۆیان ببڕن ودرێژە بەناڕەزایەتییەکانی خۆیان بدەن.

کۆمیسۆنی کاروباری کرێکاران

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٩/٢/٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.