کرێکاران تەنها بەڕاوەستاوی و یەکگرتوویی ڕیزەکانیان دەتوانن خواستەکانیان بەدی بهێنن! پەیامی پشتیوانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار بۆ کرێکارانی مانگرتووی چیمەنتۆی تاسڵوجە

0

 کرێکاران تەنها بەڕاوەستاوی و یەکگرتوویی ڕیزەکانیان دەتوانن خواستەکانیان بەدی بهێنن!

پەیامی پشتیوانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار بۆ کرێکارانی مانگرتووی چیمەنتۆی تاسڵوجە

بەدوای ساڵانێکی زۆر لەهەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامی کرێکارانی چیمەنتۆی تاسڵوجە، بۆ گێڕانەوەی قازانجی ساڵانەو دەستەبەرکردنی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کارو پێدانی شایستە داراییەکانیان، دوای بەرزکردنەوەی چەندین یاداشت و کۆبوونەوەی نوێنەرانی کرێکارانی کارگەکە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارگەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، سەرەنجام دەستیاندایە مانگرتن و… لەنێوکارگەدا کۆبوونەوەو ڕێگایان گرت لە بارکردن و بردنە دەرەوەی چێمەتۆی بەرهەمهێنراوی کارگەکەو داوایان کرد کەوەلام بەو خواستانەیان بدرێتەوە کە ساڵانێکە خستویانەتە بەردەم بەڕێوەبەری کارگەو لایەنی پەیوەندیدار لەوەزارەتی کاری حکومەتی هەرێم.

ئەم مانگرتنەی کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە، لەگەڵ ئەوەدا کردەیەکی ڕەواو بەرهەقە، بەلام لەفەزای سیاسی ئێستای کوردستان و لەدۆخێکدا کە هەژاری و بێکارییەکی فراوان یەخەی بەچینی کرێکار گرتوەو سەرمایەداران وخاوەن کۆمپانیاکان بەگرێبەستی کاتی و بەدواخستن و لێبڕینی کرێ وبەسەپاندنی هەلومەرجێکی سەختی کار بەسەر بەشە جیاجیاکانی کرێکاراندا، حەرەکەتێکی پێشڕەوانەو ڕوولەپێشی کرێکارییە و دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ فێربون و بزواندنی بەشەکانی کرێکاران بەرامبەر بەو سزاو زوڵمانەی کەخاوەنکارو کۆمپانیاکان لەکرێکارانی دەکەن. هەربۆیە ئێمە و سەرجەم بەشەکانی تری کرێکاران لەکوردستان، نەکە هەردەبێ پشتوانی گەرمی ئەم هەنگاوەو ئەم مانگرتنەی کرێکارانی چیمەنتۆی تاسڵوجە بکەین و لەکەناریاندا ڕاوەستین، بەڵکو دەبێ لێوەی فێربین و هەنگاو و دەرسەکانی لەناوەندەکانی تری کاردا بەدەستەوە بگرین، ودوپاتی بکەینەوە.

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار هەروەک ئەوەی لەماوەی دووساڵی ڕابردووی دەستبەکاربوونی خۆیدا لەنزیکەوە ئاگاداری هەوڵەکانی کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجەو نوێنەرەکانیان بووە بۆ گێرانەوەی شایستە دارایەکانیان لەکەناریاندا ڕاوەستاوە، لەم پەیامەیدا پشتیوانی گەرمی خۆی بۆ ئەم مانگرتنەو وخواستی کرێکاران ڕادەگەیەنێ و بەتەواوی تواناوە هەوڵدەدات کەدەنگی کرێکارانی مانگرتوو بەگوێی کۆمەڵگەو ناوەندە جیهانی و ناوخۆیەکاندا بگەیەنی و پشتیوانی فراوانی کرێکاران ولایەنگرانی بزوتنەوەی کرێکاری بۆ ڕابکێشێت. بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار تەئکید دەکاتەوە، کە ئەزمونی کرێکارانی چیمەنتۆی تاسڵوجەو نوێنەرانیان، ئەوەمان پێدەڵیت کە نەحکومەت و نەخاوەن کۆمپانیاو نەبەڕیوەبەرانی کارگە، لەخەمی ماف و داوای کرێکاراندا نین و نابێ کرێکاران هیچ چاوەڕوانیەکیان لێیان هەبێت، بەپێچەوانەوە ئەوە تەنها کرێکاران خۆیانن کە بەراوەستاویی وسوربونیان لەسەر خواستەکانیان و بەخەباتی یەکگرتوانەیان دەتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن.

سەرکەوێت مانگرتنی کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە!

پایەداربێت هاوپشتی کرێکاریی!

بلاوکراوەی دەنگی کرێکار

Leave A Reply

Your email address will not be published.