شەپۆلێک لە خۆکوژی و کوشتنی ژنان و نیگەرانی سەرۆک! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

 شەپۆلێک لە خۆکوژی و کوشتنی ژنان و نیگەرانی سەرۆک!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لەم چەند هەفتەی رابردوودا، شەپۆلێکی بەرین لە خۆکوژی و ژن کوژی، لەژێر سایەی دەسەڵاتی پیاو سالار و دژە ژنی هەریمدا، روویدا. چەندین ژن لەلایەن کەس و کار و کەسانی نزیکیانەوە گیانیان لێ سەندرایەوە و تیرۆرکران، چەندین ژنیش بۆ راکردن لە دۆزەخی ژیانیان و بێ ئومید بوونیان لە ژیان، دەستیان چووە گیان خۆیان و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا…

سەرۆکی حکومەتی هەرێم!! لەبەرامبەر بەو شەپۆلە لە خوێنڕیژی ژنان، نیگەرانی!! ڕاگەیاند و وتیشی” هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە”… هەندێک نووسەری دژە ژنیش نیگەرانی ئەوە بوون کە بەشێک لە میدیاکان، هەواڵی ئەم ژن کوژییەیان بڵاوکردۆتەوەو زیاد لە پێویست گەورەیان کردووەو گرنگیان پێی داوە.

ژن کوژی و ناچاربوونی ژنان بەخۆکوژی، بێوەستانەو کەم هەفتەو تەنانەت رۆژ هەیە، ژنێک یان چەند ژنیک نەکوژرێت، یان ژنێک یان چەند ژنێک دەست بۆ خۆکوژی نەبەن… ریشەی ئەم هەلومەرجە سەختە کە ژنانی روبەڕووی بێ مافی، چەوساندنەوە، توندوتیژی روحی و جەستەیی تا تیرۆکردنیان دەگەڕیتەوە بۆ نیزامی لینگەوقوچی سەرمایەداری و ئەو بێمافی و ستەمەی لە منداڵدانی ئەم سیستەمدا رەگی داکوتاوە، بەڵام ئەم ئاستە لە ژنکوژی و ئەو رادەی لە خۆکوژی ژنان، لە وڵاتانی وەکو عیراق و کوردستاندا، بەجیا لە سیستەمی سەرمایەداری، پەیوەندی بە پیکهاتەی ئەو دەسەڵات و یاسایانەوە هەیە، کە بەسەر کۆمەلگەدا زاڵکراون. راستە لەهەموو دنیای سەرمایەداریدا ستەم و بێمافی ژنان هەیە، خۆکوژی و کوشتنی ژنان هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا یاساو لیپرسینەوە و بەدواداچوونیش هەیە. رودانی کوشتن و بێمافیەکان، وەکو روداوی شەرم ئاوەر لییان دەڕوانرێت و کۆمەڵگە لەبەرامبەریاندا هەستیارەو دەسەڵاتی سیاسی و یاسایش ناچارە دەست بداتە لیپرسینەوە و گرتنەبەری ڕیکاریی جۆراو جۆر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان. ئەوەی دەسەڵاتە رەشە میلیشیایەکان، سەربازی و دیکتاتۆریەکان، دەسەڵاتە ئیسلامیەکان، دەسەلاتە سەڕچاوەگرتووەکان لە شەریعەت، جیا دەکاتەوە لە ولاتانی ئەوروپایی و پێشکەوتوو، ئەوەیە کە دەسەڵات لە وڵاتانی وەکو عێراق و ژێر سیبەری دەسەڵاتی میلیشییاییدا، خۆی بەشێکی فەرمی لە ستەم و بێمافیەکانی ژنانە و ئەو ستەم و بێمافیەش بە یاسایی کراوە… تێکەڵکردنی دین و سیاسەت، دین و پەروەردەو فیرکردن، دین وەکو سەرچاوەی یاساکان، رودانی تیرۆر و کوشتنی ژنان دەکاتە روداوێکی ئاسایی و تا ئەو ڕادەیەی کۆمەلگەش وەکو پێویست پی هەراسان و هەستار نەبێ. جێگای ڕامانە ئەم شەپۆلی ژن کوشتنە یەک حزبی سیاسی نەجوڵاند بە بەیان و راگەیاندنێک ئیدانەی ئەم تاوانکارییە بکەن!!

کوشتنی ژنان لە کوردستان وەکو هەر کوشتنێکی تر تەماشا ناکرێت… کوشتنی ژن وەکو کوشتنی بە دەستی ئەنقەست لێی ناڕوانرێ و بەو پێیەش سزای یاسایی بۆ کوشتنی ژن، وەکو کوشتنی کەسێکی تر نییە… پاساوی پاریزگاری لەشەرەف، قودسیەتی خیزان، ڕیگای داوە تاکی ژن پیناسەی لە بەرامبەر تاکی پیاودا لەخوارتر بیت، چونکە چەمکی شەرەف بە ژنەوە بەستراوەتەوە. بە پێی یاسای سەرچاوەگرتوو لە شەریعەت ژن پلە دوو، لاوازەو فەزڵی پیاو بەسەر ژناندا بە بنچینە وەرگیراوە…چەند ژنە و تەمێکردنی ژن لەلایەن پیاوەوە بەشێکە لە حوکمی ئیسلام و ئەمانەش لەیاساکاندا جیگیر کراون…

ئەگەر لەیەک رۆژدا دەیان ژن بکوژرێن یان ناچار بەوە کرابن خۆکوژی بکەن… دەسەڵاتی سیاسی مێشیش میوانی نییە، سەرۆکی حزبەکان ناچار بە کۆبونەوەیەکی نایاسایی ناکات… لە کاتێکدا بۆ وەرگرتنی پۆستەکان، بۆ برا بەشی لە داهات و دزییدا، بۆ قسەباسکردن لەسەر پرسی زۆر ناچیز و لاوەکی سەرۆکی یەکەمی حزبەکان کۆدەبنەوە… نووسەرانی سەر بە بزوتنەوەی کوردایەتی و رەوتە سیاسییە ئیسلامیەکان، لە رتوشکردنی رەوایدان بەم واقعیەتە قێزەونەدا رۆڵیان کەم نییە.

سەرۆکی حکومەت دەڵێ نیگەرانم!! ئەی کەوایە کی دەستی گرتوون بچین ئەو یاسا دژە ژنانە بگۆرن، بکوژانی ژنان وەکو بکوژی هەر ئینسانێک رادەستی دادگا بکەن و دیوەخانەکانی سوڵحی عەشایەری دابخەن…

فرمیسکی تیمساحی هەڵوەراندن بۆ ژنان گیانی هیچ ژنیک لەدەست پیاوسالاری ناپارێزێت…سوکایەتی و لیدان و تیرۆرکردنیان کەم ناکاتەوە، دۆزەخی خیزانی بۆ ژنان ناگۆڕێت…

بۆ سنورداکردن و کەمکردنەوەی کارەساتی ژنکوژی و خۆکوژی ژنان، دەسەڵات بەرپرسی یەکەمە، دەسەڵات بەجیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و خوێندن و پەروەردەو یاساکان، بە جیگیرکردنی یاسای مەدەنی، بە لیپرسینەوەو سزادانی یاسایی بکوژانی ژن، وەکو بکوژی ئینسان، دەتوانێت رادەی ئەم کارەساتەی لە هەرێمدا هەیە کەم بکاتەوە هاوکاتیش کۆمەڵگە هەستیار بکاتەوە بەرامبەر بە پرسی ژنان و ئەو زوڵمە هەزار سەرەی لەسەریانە.

دیارە دەسەڵات بەخۆشی خۆی نە دەست بۆ گۆرانی یاساکان دەبات و نە بکوژانی ژنان رادەستی یاسایەکی مەدەنی و دەکات و نە دیوەخانی سوڵحی عەشایەریەکان دادەخات. بۆ ئەوەی دەسەڵات ناچار بکرێت، دین و دەوڵەت و سیاسەت، دین خوێندن و پەروەردە، دین یاساکان لە یەکتری جیابکاتەوە، پیویستی بە گوشاری بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە پێشکەوتنخوازەکان هەیە… لەهەر جێگایەکی دنیاشدا ئەگەر ماف و ئەرکی ژنان تا ڕادەیەک گۆرانکاری بەسەردا هاتبێت و بەشیکی لە مافەکانی ژنان بە یاسا جێگیر کرابیت… ئەوە تەنها ئاکامی گوشاری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان بووە.

سەرۆکی حکومەتیش بۆ ئەوەی نیگەرانیە فریوکارییەکەی بگۆرێت بە نیگەرانی واقعی، پێویستە رووبەڕووی بزوتنەوە کۆمەلایەتیە ئینسان دۆست و پیشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکان بیتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.