ئەم زوڵمە هەرگیز قابیلی قبوڵ نییە! ڕاگەیاندنێک لەسەرنوسەری رۆژنامەی دەنگی کرێکارەوە بۆ بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی:

0

ئەم زوڵمە هەرگیز قابیلی قبوڵ نییە!

ڕاگەیاندنێک لەسەرنوسەری رۆژنامەی دەنگی کرێکارەوە بۆ بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی:

هەروەك زانراوە، ڕۆژی (١ئایار) لەدنیادا وەک پشویەکی رەسمی لەلایەن بەشێکی زۆر لەولاتانەوە دانی پێدانراوە و هیچ خاوەنکارێك بۆی نییە کرێکاران ناچاربکەن بەوەی کەبێتەوە سەرکار. مەگەر ئەوەی بەپێی مەرج و ڕێکەوتنی نێوان کرێکاران وخاوەنکارەکان ئەنجام بدرێت.

ئەمساڵ لەهەرێمی کوردستان حوکمەت ودەزگا پەیوەندیدارەکان پێش یەکی ئایار، ئەم ڕۆژەیان وەك پشوی رەسمی راگەیاند. بەڵام ئیدارەی کارگەی ئاسن وپۆڵای ماس کەدەکەوێتە ناوچەی بازیانی سلێمانی سزای٤٠ کارمەندو کرێکاری بەشی ئینتاجی١ی داوە، بەوهۆیەوە کە لەیەکی ئایارادا، نەچونەتەوە سەر کارەکانیان، لەکاتێکدا ئەم ڕۆژە لەلایەن حکومەتەوە وەک ڕۆژی پشووی ڕەسمی و تایبەت بەکرێکاران ڕاگەیاندراوە. بەپێی ئەوهەواڵەی کە گەیشتۆتە دەنگی کرێکار سزای ئەو کرێکار وکارمەندانەی کە نەچونەتەوە سەرکار، تاماوەی ساڵێك هیچ ئیمتیازاتێك نایانگرێتەوە..  ئێمە لەڕۆژنامەی دەنگی کرێکارەوە لەگەڵ ئەوەدا کەئەم بریارەی ئیدارەی کارگەی ئاسن وپۆڵای ماس بەدەستدرێژیەکی ئاشکرا بۆسەر مافەکانی کرێکاران و زوڵمێکی بێ پاساو دەزانین، هاوکات بەژێر پێنانی ڕاستەوخۆی یاسا دەزانین وبەمانای گوێ نەدانە بە بریاری حکومەت ودەزگا پەیوەندیدارەکان وخودی وەزارەتی کارە.

سزادانی کرێکاران و کارمەندان بەم جۆرەی کەلەلایەن بەڕیوەبەرایەتی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماسەوە، کەبەشێوەیەکی یەک لایەنەو لەسەرو یاساوە دەستی بۆ براوە، ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە لەهەرێمی کوردستاندا بەهۆی نەبوونی یاسایەکی کارەوە کە لانی کەمی مافەکانیان جێگیرکردبێ وخاوەنکارو کۆمپانیاکانی پێ مولزەم بکات، هاوکات بەهۆی بەرەڵاکردنی بازاڕی کار و ڕۆڵ نەگێرانی وەزارەتی کارو دەزگاکانی بەسەر ڕەوشی کاری کرێکارانەوە، خاوەنکار وبەڕیوەبەرایەتی کارگەکان، دەستیان درێژ بووە و لەسەرو یاساوە سزای کرێکاران بەلێگرتنەوە لەموچە وکارپێکردنی زیاتر، بڕینی دەرمالەو ئیمتیازاتەکان، تا لەسەر کار دەرکردن و زیندانی کردنیان لەشوێنی کاردا بدەن. بڕیاری ڕاگرتنی ئیمتیازاتی کرێکاران و کارمەندان بۆ ماوەی ساڵیک لەلایەن بەریوەبەرایەتی کارگەی ماسەوە، بەپاساوی ئەوەی کە لەیەکی ئایاردا نەچونەتەوە سەرکار، زوڵمێکی ئاشکرایەو هەرگیز قابیلی قبوڵکردن نییە، بۆیە دەبی کرێکاران بەرامبەر بەم زوڵم ودەست دستدرێژیە بێدەنگ نەبن و بەدەربڕینی نارەزایەتی یەکگرتوانەی خۆیان ئەم بڕیارە هەڵوەشێننەوە. هاوکات دەبێ وەزارەتی کارو دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم پێشێلکاریە یاسایە وئەم ئیعتبارنەکردنەوە بۆ بڕیارەکانی حکومەت، دەخالەت بکەن وسنورێک بۆ خاوەنکارو کۆمپانیاکان دابنێن.. هەرلێرەدا ئێمە داوا لەگشت سەندیکاو رێکخراوە کرێکاران وتەواوی ئەو خەڵکانە دەکەین کە داکۆکی لەمافی کرێکاران دەکەن بێدەنگ نەبن .

نسخەیەك بۆوەزارەتی کار

نسخەیەک بۆتەواوی سەندیکاو رێکخراوەکرێکارییەکان

نسخەیەك بۆرای گشتی

وەستامەهدی سەرنوسەری دەنگی کرێکار

٢/٥/٢٠٢١

پاشکۆی ڕاگەیەندن:

بەشێک لە کارمەندانی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس سزا دران بە پێی نوسراوێک کە لە گارکەی ماس هەڵواسراوەوە و وێنەیەکی دەست دیجیتاڵ میدیایی بازیان پرێس کەوتوە. کارگەی ماس ڕۆژی شەمە 1/5 بەهۆی نەهاتنە سەرکاریان لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا 40  کارمەندی بەشی (دەرفلەی 1)واتا ئینتاجی سزادا. یەکێک لە سزا دراوەکان بە بازیان پرێسی ڕاگەیاند : ڕۆژی چوارشەم واتا 30/4 ئاگادارکراین کە دەبێت لە ڕۆژی جیهانی كرێكاران دەوام بکەین، ئێمە كارمەندانی بەشی ئینتاج كە ژمارەمان ٤٠ كارمەندی فەنییە بێنەوە بۆ دەوام بەڵام كارمەندانی ئەو بەشە ڕەتیان كردەوە كە لە ڕۆژی تایبەت بە كرێكاران، كاربكەن بڕیاریان داو نە هاتنەوە بۆ كار لەو ڕۆژەدا، بۆیە بە بڕیارێك کە دەکرێت بەهۆی ئەو نەهاتنەوەمان بوبێت و بە بڕیاری بەڕێوبەری گارگە بڕیار درا بە سزادانی كارمەندانی ئەو بەشە بە ڕاگیرانی هەموو جۆرە پاداشتێك و ڕاگرتنی زیادەی مووچە بۆ ماوەی یەك ساڵ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.