فاتیح عەباس/ چالاکوان و نووسەر: بۆ پێشەوە ئەزمونێکی نوێیە لە کاری ڕاگەیاندن و رۆژنامەگەری سیاسی سۆسیالیستی، لە چوارچێوە سیاسی و چینایەتیەکە بۆپێشەوە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی دیدگا، و تێروانین و بەهای سۆسیالیستی بۆ ناو بزوتنەوەی خۆرسکی چینی کرێکار…

0
لەدەسپێکی ساڵی پێنجەمیدا، بەشێک لە هاوکارانی بۆپێشەوە، بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕۆڵ و جێگاو ڕێگای بۆپێشەوە، دەخەنە ڕوو…
 
فاتیح عەباس/ چالاکوان و نووسەر: بۆ پێشەوە ئەزمونێکی نوێیە لە کاری ڕاگەیاندن و رۆژنامەگەری سیاسی سۆسیالیستی، لە چوارچێوە سیاسی و چینایەتیەکە بۆپێشەوە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی دیدگا، و تێروانین و بەهای سۆسیالیستی بۆ ناو بزوتنەوەی خۆرسکی چینی کرێکار…
ڕاگەیاندنی سۆسیالیستی یەک لە پرسە هەرە گرنگ و سەرەکیەکانی بزوتنەوەی شۆرشگێڕیە، و چارەنوسساز، و داهاتووی ڕەوتەکەی پێوە بەستراوە، بەتایبەتی لە دەستپێک، و سەرەتای بیناکردن و خستنە ڕووی ناوەڕۆکی پرۆژە پێشکەوتوخوازیەکە. بەگشتی لە شۆرشی فەرەنسیەوە تا ئێستا ڕاگەیاندن ئەو ڕۆلە کاریگەرە دەبینێت، هەموو بزوتنەوە سیاسیەکان بۆ سەپاندنی هەژمون و بەهێزکردنی پێگە و ئاستی جەماوەریان پشتی پێدەبەستن .
ئەوڕۆ لە جیهاندا کێشەکان ئالۆز و بەیەکداچووە، و بزوتنەوەی سۆسیالیستی پارچە پارچە و دابەش بووە، لە دۆخێکی بەو شێوەیە لەناو ئەو گێژاوە کە ناوچەکەشی گرتۆتەوە، بۆ پێشەوە ئەزمونێکی نوێیە لە کاری ڕاگەیاندن و رۆژنامەگەری سیاسی سۆسیالیستی، لە چوارچێوە سیاسی و چینایەتیەکە بۆپێشەوە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی دیدگا، و تێروانین و بەهای سۆسیالیستی بۆ ناو بزوتنەوەی خۆرسکی چینی کرێکار، و تواندنەوەی لەناو چالاکی شۆرشگێریدا، کار بۆ رێکخستنی خەباتی فکری و سیاسی ڕێکخراو، و دیموکراسی و گەیشتنە سۆسیالیزم دەکات.
مێژووی بزوتنەوەی شۆرشگێری لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕوسیا و ئەزمونی چینی کرێکار، میراتێکی کەڵەکەبووە بۆ داڕشتنی ستراتیژ و تاکتیکی گونجاو، و لەکاتێکدا لە هیچ شوێنێکی دونیا مۆدێلی ئامادەکراو بوونی نیە، بۆ پێشەوە تا ڕادەیەکی باش کاری لە سەر بنەما و پرنسیپی فکری سۆسیالیستی کردوە تا سروشتی ململانێی چینایەتی و ڕۆلی کرێکاران و پێشرەوە سیاسیەکەی دیار بکات، شوناس و ناسنامەو هێلی جیاکراوەی پێ ببەخشێت، و کار بۆ ئازادی سیاسی و ئەلتەرناتیڤ بۆ سیستەمی حکومرانی ڕۆشن بکات، و چارەسەری کردەیی بەرەو پێش ببات.
بەڕای لینین ئەرکە سەرەکیەکانی ئایسکرا، شیکردنەوەی بزوتنەوە خۆرسکەکان، و تێگەیشتنە لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیران، و لێکۆلینەوە لەو شێوازانەی خەباتی کرێکاری بەخۆیەوە دەبینێ، ئەمەش بۆ بەدیهێنانی ئەرکە شۆرشگێریەکە کە گەیاندنی بنەمای سۆسیالیستیە بە چینی کرێکار، لینین دەڵێت” دەبێ ئایسکرا تەنها کار لەسەر بزوتنەوەی خۆرسکی کرێکاران نەکات، بەڵکو لەسەر تۆێژینەوە تیوری دیاردە بەرجەستەکراوەکان بکات، دەبێ تیشک بخاتە سەر ڕاستیەکان، پروپاگەندە بۆ مەسەلە سیاسی و کاری رێکخراوەییش بگرێتە خۆ”؛ بۆ پێشەوەش دەبێ ئاراستیەکی سەربەخۆ و یەکانگیر و سنورداری بۆ هەموو بابەتەکان هەبێت، و نابێ تێکەڵەیەک بێت لە ڕای ناکۆک و دژ بەیەک، کار بۆ نزیک کردنەوە و یەکخستنی سۆسیالیستەکان بکات، نەک ڕەنگدانەوەی ڕایە جیاجیاکان بێت، سنورێکی جیاکراوە و ڕۆشنی هەڵوێستەکانی بخاتە ڕوو، و سۆسیالیستەکان کۆبکاتەوە، و دەرگاش بۆ دایەلۆگ بکاتەوە، یەکێتی فکر و تێروانینی ئایدیۆلۆژی بخوڵقێنێت، بەرەنگاری ئاراستەکانی تری بەناو سۆسیالیستی ببێتەوە، ئەمە بە مەبەستی نزیکبوونەوە و دانانی هێڵی جیاکراوە، ئایسکرا گۆرەپانێکی ململانێی فکری بوو دژی ئەو ئاراستانەی دەیانویست بزوتنەوەی سۆسیالیستی بەلارێدا ببەن، وتارەکانی لینین لە ئایسکرا (بەچی دەستپێبکەین؟)، و (کار چییە؟) کە دواتر لە کتێبێکدا بڵاویکردەوە، خەبات بوو دژی ڕەوتی سەندیکالیزم، و ئیکۆنۆمیستی ناو بزوتنەوەی سۆسیالیستی روسیا، و دەستنیشانکردنی ئەرکەکانی ئەو بزوتنەوەیە شۆرشگێریە، و دانانی هێڵی جیاکردنەوە و بەهێزکردنی ناسنامەی سۆسیالیستی ڕەوتەکە بوو، هەر وەکو پێش ئەوەش لینین ڕەوتی سۆسیالیستی لە پۆپۆلیزم جیاکردەوە .
بۆ پێشەوە دەبێ بابەتەکانی تەنها بۆ چینێکی دیاریکراو نەبێت، کار لە وردەبۆرژوازی شارەکان و پیشەیی و جوتیارانی لادێ بکات و ڕای گشتی دروست بکات، و سیاسەتێکی ڕاست و دروست لەناو جەماوەرێکی فراوان پەرەپێبدات، تەنها بڵاوکردنەوەی فکر و پەروەردەی سیاسی و بەدیهێنانی هاوپەیمانی سیاسی نییە، و تەنها هاندان نییە، بەڵکو ڕێکخەری بەکۆمەڵە. بۆرژوازی دوای هەژمونی بە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی، و بەدیهێنانی پشتگیری فکری و جەماوەری توانی کۆنترۆڵی دەسەڵات بکات، بۆیە ململانێ لەسەر دەسەڵات ململانێیەکی ئایدیۆلۆژیە و ڕاگەیاندن بەشێکە لەو ململانێیە ئایدیۆلۆژیە؛ بۆ پێشەوەش دەبێ بەو کارە هەڵسێت، هەر بە نمونە ئێمە ڕۆڵی ڕاگەیاندنمان زۆر بە روونی لە شەڕی کەنداوی یەکەم بینی کاتێ ئەمریکا بریاری داگیرکردنی عێراقیدا .
کارکردن لەسەر ڕای گشتی وەك ئەوەی کەناڵە جیهانیەکان دەیکەن کە چەندان جار هەواڵێك بڵاودەکەنەوە و لە ڕێگەی ئەم دووبارە بوونەیەوە کار لە ڕای گشتی دەکەن، لای خۆشمـــان میدیای حزبی و بە نــاو سەربەخۆش کەمی نەکردووە لە بە لاڕێدابردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردســـتان و بردنی بە ئاراستەی مانەوەی پایەکانی ئەم دەسەڵاتە، نەک بایەخدان بە کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵك، بە نموونە لە کاتی هەڵمەتی سوپا فاشیستەکەی ئەردۆغاندا بۆ سەر باشور، ڕاگەیاندنەکان پەکەکەیان دەکردە بیانوو بۆ هێرشی تورکیا، ئەمەش بەشێک بوو لە چەواشەکاری، ئاشکرایە کە فاشیزمی دەوڵەتی تورکیـــا ڕەگێکی ڕیشەداریی هەیە و مێژووی ئەم فاشیزمە بەرامبەر بە کورد و کەمایەتییەکانی تری ناو تورکیا لە مێژووی بوونی پەکەکە زیـــاترە.
ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرێت کە هیچی کەمتر نییە لە دامەزراوەکانی کۆمەڵگە، لەوانەیە پرۆژەیەکی ڕاگەیاندن ببێتە پارتێکی سیاسی وەک لە لای خۆمان کە چۆن (کەی ئێن ئێن) و (ئێن ئاڕ تی) لە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی کە کاری لەسەر ختوکەدانی خەڵک دەکرد گۆڕا بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی، بێئەوەی هیچ بنەمایەکی فکری و ئایدیۆلۆژیان هەبێت، و لەکاتی ناڕەزایەتیەکاندا کاریان لە هەست و سۆزی خەڵك دەکرد و بازاڕی دەسەڵاتیان پێ گەرم کرد، و خەڵكەکەیان ڕادەستکردن. گومانی تێدا نییە ڕاگەیاندنێکی ڕاستگۆ و نزیک لە بەرژەوەندی خەڵك دەبێتە وەڵامدەرەوەی ویست و خواستەکانی خەڵك. بۆیە بۆ پێشەوە دەبێ بە کەنالی تەلەفزیۆنی و سەنتەری لێکۆڵینەوە و گۆڤاری تیۆری و سۆسیال میدیا بەهێز بکرێت، و ڕەنگدانەوەی لەسەر خەڵك هەبێت، و بۆپێشەوە و بزوتنەوە سۆسیالیستیەکەی لە بزوتنەوەی ئەنتلیجینسیایەوە بکاتە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی.
بۆپێشەوە ڕۆژنامەیەکە توانای داهێنان و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری هەیە، کە ئەوە کاری هێزێکی مێژووییە، کە پرۆژەی هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی بێ چینایەتی کردۆتە ئامانج، توێژێک لە ڕۆشنبیران و کەسانی ئەکادیمی و پسپۆری خزاندۆتە ناو ململانێی و کایەی سیاسی، بەردەوام بەرپەرچی کۆنەپەرستی و سەرکوت و دژە ئازادی و ئەفسانەی دەسەڵات دەدەنەوە، دژی وتاری پروپوچ و بێ مانای دەسەڵات وەستاون.
گرنگە کەسانی لێهاتوو و شارەزای تیۆری لە بۆپێشەوە ڕۆڵ ببینن و بواری ڕۆشنبیری و ئەخلاقی پەرەپێبدەن، کە ئەمە هاوتای هەژمونە لە بواری سیاسی و ئابوری، بۆ ئەوەی چینی کرێکار دونیابینی خۆی هەبێت، دەبێ بۆپێشەوە کار لەسەر بابەتەکانی بزوتنەوەی سەندیکایی بکات، هێز و گڕوتینی بزووتنەوەی سۆسیالیستی بە هەردوو هێڵی سەندیکایی و سیاسی پێویستە، لە تێکەڵاوبوون و گرێدانەوەی ئەو دوو هێڵەوه‌ سەرچاوە دەگرێت کە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. کاری سەندیکایی كه‌ ئاڕاستەی ژیانی کار کراوە، بۆ برەودانە بە مافەکانی کرێکاران و کاری سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتیانە .
جیهانگیری و شۆڕشی زانیاری و تۆڕەکانی گەیاندن سنوورەکانیان بەرەو کاڵبوونەوە بردووە، مەسەلەی نەتەوەیی و جیهانییەکانیان بەیەکەوە گرێداوە، وڵاتانی جیهانیان، بە کوردستانیشەوە، کردووه‌تە بەشێکی سروشتی و تێکەڵبوو بە پێکەوەژیانی ئینتەرناسیۆنالی، بەڵام ئەوەی ئەم سەردەمە لە سەرمایەداری جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە لە پرۆسەی وەبەرهێناندا، نەک تەنها کرێکار، بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتی بەرەو نامۆیی ده‌ڕوات و پانتایی بەکرێکاربوون هەموو توێژەکانی گرتووه‌تەوە، جیاوازییە چینایەتییەکان فراوانتر بوون، هەژاری و نەداری و ئاوارەبوون و پەراوێزخستن زێدە بوون. بۆپێشەوە دەبێ کار لەسەر شیکردنەوەی قەیران و تەنگژەکانی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم و سەرهەڵدان و بەیەکدانانەکانی ناو ئەو کۆمەلگایانە بکات، و ئەو هێزە نوێیانەی سەریان هەڵداوە، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوچەکە بە كوردستانیشەوە هەیە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.