حزبە سیاسییە بۆرژوازییەکانی کورد نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن! 

0

حزبە سیاسییە بۆرژوازییەکانی کورد نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن! 

دەسەڵات و حزبە سیاسییە بۆرژوازییەکانی کورد نوێنەرایەتی پرسە سیاسی و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن!

کێشمەکێشی نێوان بزوتنەوەی ناسیونال/ ئیسلامی عێراق و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، لە جەرگەی ململانێیەکی فراونتردا، لەسەر پرسی بودجە و پشکی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢١ دوبارە دەستی پێکردۆتەوە.

پرس و پشکی بودجە، بەشێک یان گۆشەیەک لەململانێیەکی فراوانترە کە لە نێوان بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و بزوتنەوەی ناسیونال/ ئیسلامی عیراقدا، لە ئارادایە. ململانێی نێوان ئەم دوو بزوتنەوەیەش بە پلەی یەکەم سیاسی و لەسەر دەسەڵات و لەرێگای دەسەڵاتیشەوە لەسەر پاوانی داهات و هەژموونییە بەسەر سامان و بەتایبەتیش نەوت دایە.

لە گەڕی دانووستاندنەکانی ئەم جارەدا، کە تایبەتە بە بەشی هەرێم لە بودجەی گشتیدا، ئەگەر هەردوو لا ڕێک بکەون و یان نا… هیچ لەو ململانێی سیاسیە ریشەدارتر و مێژوویە ناگۆڕیت کە بزوتنەوەی دینی و ناسیونالیستی عەرەبی لەگەڵ بزوتنەوەی کوردایەتی هەیانە، لەسەر پرسی سیاسی و حقوقی و رادەی دەسەڵات و پشکی هەرێم لە داهاتی عیراقدا. بەڵام چۆنیەتی ڕیکەوتنەکە کاریگەری… لەسەر پرسی سیاسی و حقوقی و پێگەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەبێت.

ئەوە ڕۆشنە کە بزوتنەوەی شیعەی سیاسی و ناسیونالیستی عەرەب، لەکاتی روخاندنی دەسەڵاتی بەعسەوە تا ئێستا، سەرباری ناکۆکی نێوانیان و پەرتەوازییان، توانیویانە پاشەکشە بە پێگەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بکەن. ئاستی داخوازییەکانیان لەسەر هەرێم زیاد و دەسەڵاتەکەشیان سنوردارتر و  تاڕادەیەکیش پابەندیان کردوون، بەدەسەڵاتی ناوەندییەوە.

ئامانجیش لە سنوردارکردن و لاوازکردنی بزوتنەوەی کوردایەتی، هێنانەخوارەوەی ئاستی چاوەروانیەکانیان و پاشەکشەپێکردن بە تەماحی سیاسییانە. لەو نێوەدا پرسی داهات و لەناو داهاتیشدا پرسی نەوت و غاز مەسەلەی میحوەرییە.

بەهەر ئەندازە مەلەفی داهات و نەوت لەدەستی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەربێت، بەهەمان ئەندازەش تەماحی سیاسییان بەرەو پوکانەوە دەبرێت. هەر ئەوەشە بۆتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی مل بە رادەستکردنی پرسی نەوت نەدات و بە دووریش دەزانرێت هیچ رێکەوتنێک لەسەر ئەو پرسە بە مەنزڵی خۆی بگات. ئەمەش یەکیک لە مەبنای شکستی هەموو ئەو رێکەوتنانەیە کە لەنێوان بەغدا و هەرێمدا روودەدات.

ئەگەر بازنەی” سازان، شەڕ، سازان” چوارچێوەی جەنگ و ململانێی سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی بەعسدا، پێک دەهێنا. ئەگەر جەنگ و پێکدادانی سەربازی بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی بەعس بوو بۆ سازان بەمەبەستی بەشداری کردنییان لەدەسەڵاتدا، ئەوا لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعسەوە بازنەی” هەرەشە، سازان، هەرەشە” جیگای گرتۆتەوە، بەڵام بۆ ئامانجێکی تر کە ئەمجارەیان، هاوبەش بوونە لە داهات و سامانی عیراقدا.  ئەو چەکەش کە ئەمجارە هەرەشەی پێدەکرێت، نە دەستبردنەوە بۆ یاخی بوونی سەربازی و نە دەستبردنە بۆ بەدەستەوەگرتنی ئاکامی ریفراندۆم و بۆ جیابوونەوە، بەڵکو فایلی نەوتە. بەڵام فایلی نەوتیش راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ململانێییەکی سیاسی قوڵترەوە، وە شەتەک دراوە بە پرسی چارەسەرنەکراوی کێشەی کوردەوە. هەر بۆیە هەر کاتێک بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی لە رێکەوتن لەسەر پرسی داهات و نەوت لەگەڵ بەغدا ئومێد بڕ دەبن، پەنا دەبەنەوە بۆ بەدەستەوە گرتنی ئەو فایل و دۆسیانەی دەرهاویشتەی پرسی کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستانن، وەکو کەرکوک، ناوچەی کیشە لەسەر، سنور…تاد.  کاتێکیش لە رازین لە بەشی بودجەو داهات، باسێکیان لەسەر هیچ کام لەپرسە بناغەیی خەڵکی کوردستان، نییە. ئەمەش نیشان دەدات تا ئێستا پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان و بە چارەسەرنەگەیشتنی گەورەترین خێر و بەرەکەتە هەم بۆ مانەوەی خۆیان و هەم بۆ بەدەستەوەگرتنی لە پێناو ئامانجی تر.

واتە هێشتا پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان، ئەو کارتەیە کە بزوتنەوەی کوردایەتی هەمیشە بەدەستیەوە دەگرێت وەکو کارت و هەڕەشەیەک لە پێناو داهات و نەوت و مانەوەی ئەو دەسەڵاتەی لە ساڵی ١٩٩١ وە، لەدەستی گیربووە. لەوەش زیاتر هەر ئەم پرسەش بۆتە ڕیگایەک تا بزوتنەوەی کوردایەتی لەدڵی قوڵترین ئەزمەی ناوخۆیی خۆیدا، دەستی بۆ ببات و خۆی پێ ئابدیت بکاتەوە و خەڵکی ناڕازی کوردستانیشی پێ بترسێنێت. هەروەکو ئەوەی کە هەرەشەی دەرەکی هەمیشە کارتیک بووە بۆ مانەوەی خۆیان و لەلایەکی تریشەوە بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان.

ئەوەی کەوای کردووە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەمیشە کارتی کێشەی خەڵکی کوردستان و کێشەکانی تریان لەگەڵ بەغداوە بەدەستەوە بێت، واقعیەتێکی تاڵە، بەڵام واقعییە. ئەو واقعیەتە تاڵەش ئەوەیە کە چەپ و کۆمۆنیزم بەکردەوە دەستی لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەرداوەو بەتەواوەتی بۆ بزوتنەوەی کۆنەپەرستی کوردایەتی جێی هیشتووە. کە ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە چەپ و کۆمۆنیزمی توشی لاوازی کردووە.

لە نەبوونی هێزو بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانەو چەپ و کۆمۆنیستیدا، بزوتنەوەی کوردایەتی سەرباری ئەو نەفرەتە گشتی و جەماوەرییەی رووبەرووی بۆتەوە، خۆی بە پرسە واقعیەکانی خەڵکی کوردستانەوە هەڵواسیوەو خاوەندارێتیەکەی پاوانی خۆی کردووە، لە پێناو خواست و ویستی بۆرژوازی کورددا.

ڕێکەوتنی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ بەغدا، یان رێک نەکەوتنیان لەسەر پرسی داهات و بودجە و نەوت و سامان، بەشێکە لە ململانیی بزوتنەوە بۆرژوازییەکان لە عێراقدا و بەدیاریکراوی درێژکراوەی بەرامبەرکێی بزوتنەوەی کوردایەتییە لەگەڵ بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئیسلامی و ناسیونالیستی عروبی، بەڵام کاریگەری و زیان و دوکەڵی ئەو ململانییە، لەسەر چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگەی عێراق و کوردستانە.

بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی کە بەهیچ جۆرێک نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان و خواستەکانی ناکەن، پێویستە کەناربخرێن، هەنگاوی گرنگیش لەو راستایەدا نوێنەرایەتی کردنی ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستانە لەلایەن بلۆکی چەپ و کۆمۆنیزمەوە.

 ڕاماڵینی دەسەڵات خواستی رەوای چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگەیە، یەکێکیش لەو دۆسیانەی کە چەپ و کۆمۆنیزم پێویستە بە کردەوە نوێنەرایەتی بکات، کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی و نوینەرایەتی کردنی کێشەکانی ئێستای جەماوەری کوردستان لەگەڵ بەغدایە. سامانی نەوت و غاز و نا نەوتی، داهات و بەرهەمی چینی کریکار و بێبەشانی سەرتاسەری عیراقە، ئەوان خاوەنی ئەسڵی سامان و داهاتی عیراقن، کە بۆرژوازی لە ئاستی عیراق و کورستاندا لەلایەن باڵە جیاوازییەکانیەوە بەدەستیانەوە گرتووە. بۆ دەرهێنانی ئەو سامان و داهاتە لەدەستی باڵە رەنگاو رەنگەکانی بۆرژوازیی عێراقیدا، هەنگاوی یەکەم لەدەسەڵات خستن و ڕاماڵینیانە، بەلام ئەمە بەبێ ئەوەی چینی کریکاری و جەماوەری نارازی بۆ ریکخراو ئامادەبکرێت، شوینیک ناگات. لەوەش زیاتر پێویستە چینی کرێکار و بێبەشانی لەدەوری پرۆژەی سیاسی رێکبخرین و لەخەباتیکی ریکخراو ئامانجدارانەدا هاوسەنگی هێز بۆ راماڵینیان ئاڵوگۆری بەسەردا بێت. سوکان و ئاراستەی جوڵانەوەی راماڵینی دەسەڵات لە رێگای بەدەستەوە گرتنی پرسە سیاسییە بناغەیەکانەوە، لەلایەن کۆمۆنیزمەوە نوێنەرایەتی بکرێت. ئەمە زامنی راماڵینێکە کە ئاییندەو بەرهەمەکەی بۆ چینی کریکار و بێبەشان دەبێت.

 سەرەتای ئەپریلی ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.