نەوال سەعداوی ژنە یاخی لە ستەمی سەر ژنان و کۆنەپەستی بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا!

0

نەوال سەعداوی ژنە یاخی لە ستەمی سەر ژنان و کۆنەپەستی بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا!

نەوال سەعداوی وەکو ناسراوترین ژنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی عەرەبی، وەکو ناسراوترین ژنی یاخی لەستەم و بێمافی ژنان و راوەستاو بەرامبەر بە کۆنەپەرستی ئیسلامیدا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا ماڵئاوایی یەکجاری کرد.

نەوال سەعداوی، هەموو تەمەنی خۆی ئاوێزانی خەبات بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بۆ رووبەڕووبونەوەی ستەم کیشی سەر ژنان و بۆ وەستانەوە بەرووی کۆنەپەرستی دەسەڵات و رەوتە ئیسلامیەکان کرد… لەو راستایەشدا بووە قوتابخانەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی سنور بڕ و ناسراو، کە بەسەدان هەزار ژنی لە رێگای خەبات و نوسینەکانیەوە، ئاشنای ستەمە ئاشکراو و شاراوەکانی ژنان کرد، رێگای خەبات و یاخی بوون، ریگای پشتبەخۆ بەستن و بەرەنگاربوونەوەی فێرکردن… چوارچێوەی تابۆ و یاساغەکانی تیک ڕماند و نەترسانە چووە باسی ئەو پرسە هەستیارانەی کە دەست بۆ بردنیان حەرام بوو… لەڕیگای باسەکانی سەبارەت بە “ژن و سیکس” “پیاو و سیکس” و باسی جەستەی ژن و پەرەی بەکارە، خەتەنە، پرسی شەرەف، حجاب… کەلتوری دواکەوتوانەی کۆمەڵگەی و پیاوسالاری و ئیسلامیزمی دایە بەرەخنە.  ئەوەتا لە دەربڕینێکیدا دەڵێت”

“ژنیش حەزی لە پیاوە، ئایا دەبێت پیاو حیجاب بپۆشێت، بۆ ئەوەی ئارەزووی ژن نەبزوێنێت؟ یان ژن لە پیاو بەهێزترە و دەتوانێت، ئارەزووە سێکسییەکانی جڵەو بکات؟

جڤاک ژن فێر دەکات چۆن خۆی لە دەستدرێژیی پیاو بپارێزێت، بەڵام پیاو فێر ناکات، دەستدرێژی نەکاتە سەر ژن.

ئەوە بازرگانیکردنێکی دەمامکدارە بە سێکسەوە، کە ژنان بە ناوی هاوسەرگیرییەوە، کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.

شەرەفی ئینسان، ئیدی پیاو بێت یان ژن، بریتییە لە ڕاستگۆیی. ڕاستگۆییی لە بیرکردنەوە و لە هەستکردن و لە ڕەوتاردا. ئینسانی شەرەفەمەند دوو ژیان ناژی، یەکێکیان بە ئاشکرا و یەکێکیان بە نهێنی.

سەماکار لەشی خۆی بە کاڵا دەزانێت و بە مەبەستی بازرگانی پێوەکردنی، نمایشی دەکات. حیجابداریش لەشی خۆی بە کاڵا دەزانێت، بەڵام دەیشارێتەوە. ژنی ڕاستەقینە، نە لەشی دەشارێتەوە، نە نمایشی دەکات.

د. نەوال سەعداوی” وەرگێرانی حەمە سەعید حەسەن

ماڵئاوایی یەکجاری نەوال سەعداوی، تەنها دەتوانێت دیارنەمانی جەسەدی ئەو بێت، بەڵام روحی خەباتکارانەو بەرەنگاری ئەو، دژە باو بوون و تێکشکاندنی حەرام کراوەکان، تیکۆشانی لێبراوانەو بی پسانەوەی بۆ رزگاری و یەکسانی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵات و بزوتنەوەو رەوتگەلی ئیسلامی، هەمیشە ئەو وەک سیمایەکی خۆشەویست و ناسراو هەموو رۆژە بینراو دەهێڵیتەوە. تا ئەو کاتەی ستەم لەسەر ژنان و بی مافیەکانیان بمێنی، نەوال سەعداوی وەکو ئاڵاهەڵگری رزگای ژنان دەمێنێتەوە، ئەو کاتەش کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوساندنەوە دامەزرا و ئاسەوارێک لە نابەربەری و بێمافی نەماو ژنانیش ئازاد بوون… نەوال سەعداوی وەک رەمزی تیکۆشان بۆ ئەو کۆمەڵگەیە، بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.