نەورۆزی ئێمە هێشتا بەڕێوەیە! ئیبراهیم حسێن

0

نەورۆزی ئێمە هێشتا بەڕێوەیە!

ابراهیم حسێن

جەلال تاڵەبانی لە کاتی خۆی  جووڵانەوەی شورایی و چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستانی بە کانی بەهارە وەسف کرد کە کاتێک بەهار بەسەر چوو، دەچنەوە و وشک دەبن و وتی ئەوەی دەمێنێتەوە ڕوبارە گەورەکانن. بەهاری خۆشبینی و خۆشباوەڕی بە کوردایەتی هەر زوو گۆڕا بە ژیانکردن له زستانی سەختی کوردایەتی بۆ چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، گۆڕا بە شەختەبەندانی دژە ژنی و کۆنەپەرەستی و شێوە ژیانێکی پەست و ناقابیل، جەنگ و کوشتاری لێشاوێک ئینسان و گەنجی بێدەرەتانکراوی جەنگی کۆنتڕۆڵی سەروەت و داهات و دەسەڵات لە نێوان جۆبارە سەرەکییەکانی کوردایەتی و سەرهەڵگرتنی بە لێشاوی گەنجان. دوو وەرزی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەیەکەوە دەستیان پێکرد، بەهاری کوردایەتی و بەدەسەڵات گەیشتنی بۆرژوازی کوردایەتی و زستان و شەختەبەندانی بێمافی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش.

لەکەناری فیرعەوناوەکانی ئەم بۆرژوازییە، نەوەیەکی بێئایندە چاوی بەدنیا هەڵهێنا کە تەنانەت دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە ژیان و کارێکی شەرافەتمەندانەی نەبوو، دەرفەتی ئەوەی نەبوو کە بەپێی ستانداردەکانی ژیانی ئەم سەردەمە بیر لە ژیانی خۆی بکاتەوە. وڵاتێکی تاریک و بێ کارەبا، دوور لە سیستەمێکی خوێندنی مۆدێرن و سەردەمیانە، ژنکوژی و دژەژنی و پیاوسارییەکی بێ هەوسار کە بوو بە مۆری عارێکی گەورە بە گەردنی ئەم فیرعەوناوایەی بۆرژوازی، حەوشە و باغێکی کراوە بەڕووی سەرمایە و کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی لەسایەی ئەو ئازادییە ڕەهایەی کە بۆیان فەراهەم کرا بوو لەسایەی حوکمی چەک و تفەنگچییەکانی کوردایەتی، هەر کارێک بکەن و تا دەتوانن لەو بەهەشتە ئازادەی سەرمایەدا، کەڵەکەی سەرمایە بکەن.

لە دڵی ئەم زستان و شەختەبەدانەی دەسەڵاتی کوردایەتی، دڵی ئینسانیەتی کرێکار و بێبەش بۆ ژیانێکی باشتر هەروا لێدەدا، نەویستن و ڕەتکردنەوەی ئەم هەلومەرجە، سەرباری زۆر و سەرکوت و درۆ و فریوکاری، ئێستا لەهەر کاتێک زیاتر خۆی گۆڕاوە بە سیمایەکی جێگیری ژیان و تەقەلای چینایەتی کرێکاران و جەماوەری بێبەش. بە جۆرێک هەر ماوەنا جارێک ئەم نەویستن و ڕەتکردنەوە کە ڕۆچۆتە قوڵایی کۆمەڵگە، لەسەر زمان و دڵەکان و لە کونجی ماڵەکانەوە، دەپەڕێتە سەرشەقامی شارەکان.

ئەگەر ئەو مرۆڤایەتییە کرێکار و زەحمەتکێشە سەرباری هەموو ئەرک و زەحمەت و ڕەنجەی کە دەیکێشێ لەسایەی کۆنەپەرستیی بۆرژوازی و کوردایەتی هێشتا لە دڵی ئەو دواکەوتوویی و بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە ڕێژەیەکی گەورەی وادا دەتوانێ دڵ بە ژیان ببەستێ و دڵ بە ژیان خۆش بکا و بڕژێتە دەشت و کێوەکان، نیشانەی عەشق و عەلاقە و توانستی ئەوە بۆ ئازاد ژیان و خۆشبەخت ژیان و دەتوانین بیهێنینە بەرچاو ئەگەر ئەو لێشاوە، قفڵی خورافەی  نەتەوە و خورافەی جۆراوجۆری بۆرژوایی لەسەر ویژدان و هەستی لابچێ، چ دەریایەک لە ژیاندۆستی، لە یەکسانیخوازی و داهێنان و خوڵقاندن دەتەقێتەوە و سەردەکا. بێگومان بێ پەستەکی کوردایەتی و نەتەوە پەرەستی، مرۆڤایەتی خۆی جوانتر و ڕەساتر دەتوانێ ببینێ و بۆ ژیان و بۆ ئازادی بڕەقسێ. کوردایەتی و خورافەی نەتەوەچێتی تەنیا داهۆڵێکە کە ئەو جوانی و پاکی و شەرافەتە ئینسانییەی داپۆشیوە.

لە پشتی ئەو دڵخۆشی و شادییە بە ژیان، زایەڵەی بەهارێکی قەشەنگ دێتە گوێ، بەهاری ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی کەمایەتییەکی بۆرژوازی کوردایەتی کە ژیانی ئازاد و بەختەوەری لەو مرڤایەتییە کرێکار و زەحمەتکێشە درێغ کردوە، کە زستانێکی سەختی بێمافی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری داسەپاندوە، بەهاری شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستی کە دەست بۆ ڕیشەی دەبا، کە دەست بۆ ڕیشەی خۆشبەخت نەژیان و ئازادانە نەژیانی ئەمڕۆ دەبا. بەهاری ئێمە، نەورۆزی ئێمە بەڕێوەیە و زایەڵەی لە ترپەی هەر دڵێک کە بۆ ئازادی و خۆبەشبەخت ژیان لێدەدا، لە هەر ناڕەزایەتی و ڕەتکردنەوەیەکی هەلومەرجی ئێستا، لە گەڕەک و کۆڵان و شارەکانی مەملەکەتدا دەجۆشێ و بە پێچەوانەی نوقڵانەی تاڵەبانی، ئەوەی کە ئێستا ڕوباری سەرەکییە خواستی گەورەی کرێکاران و ژنان و لاوانە بۆ تێپەڕاندنی زستانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردایەتی.

٢١.٣.٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.