بەشێكی تر لەدەقی قسەی من بۆ مردویەك

0

بەشێكی تر لەدەقی قسەی من

بۆ مردویەك

 

 

ئەوەندە  لەسەر سوچی  كۆڵانەكەمان

ڕامەوەستە

دڵت لەبەردەگا دامەنێ

لەگەڵ هیچ جەنازەیەك

مەڕۆ بۆگۆڕستان

ئەوەندە بەرد مەنوسێنە بەكێلی

گۆڕە كۆنەكانەوەو

بەختی خۆت تاقی مەكەرەوە

 

لێگەڕێ با دارهەنارەكان خۆیان

شتێك بڵێن

ئەو هەرمێیانەی ڕەشەبا دەیان خاتە. خوارەوە  ناكرێ سەرما دڵی شكاندبن

كەی تۆ دەگەیتە ئێرەو تامنیش

بەكۆڵێك شپرزەیی و غەڵبە غەڵبی

ئەم  زەمەنە سەر شكاوەوە

گوناهەكانی خۆم بخەمە ڕستەوەو

تا بەچاوەكانی خۆت ببینیت

لاشەم بەم خاچەوە چەندە جوانە

 

ئەوەندە لەموو لەو مەپرسە كەی باران دەباراێت

ئەرێ ئەم ڕەشەبایە بۆئەوەندە دڵ ڕەقەو

هەر دانامركێتەوە

تۆبڵێیت ئەوە سەری منبێت

بەم شەقامە چۆڵانەدا وا تلۆر دەبێتەوە

شپرزەییم خەریكە دەگاتە دەرەجەی خۆكوشتن

هات و نەهاتی من سەری لەڕۆشتنی ئاویش شێواندووە

ئەم هەنارە بێ نازانە لەخۆیانەوە

ئاوا ناقڵیشێن

ئەوە گریانی ئەو ماسیانەن كە ڕاوچیەكان

بێڕەحمانە قولاپ لەدڵیان گیر دەكەن

 

لێ گەڕێ با لەسەر قەراغی ئەم دەریایە

فرمێسكی دۆلفینێك بنوسمەوە

ئەوكاتەی پاپۆڕێك بەهەموو

سەر نشینەكانیەوە غەرق دەبێت

لەخۆمەوە قاچەكانم نالەرزێنم

كەس نازانێت بۆنینۆكی پەنجەكانم بەدان دەقرتێنم

من كەسەرم دەنێم بەدڵی مردویەكی

بەدبەختەوە تێدەگەم كەئاوێنە

چەندە غەدرێكی گەورەیی لێكردوین

 

ئەوەندە مەڕۆ بۆگۆڕستان

بەداڵغەی منەوە شەوانە مۆمێك

دامەگیرسێنەو دوو كوپی بەتاڵ

لەسەر مێزەكە دامەنێ و بیر لەخواردنەوەی قاوەیەكی سادە مەكەرەوە

شپرزەیی من خەریكە دەگاتە دەرەجەی

مەشلول بوون

ئەو پرتەقاڵانە ئاوا  لەخۆیانەوە زەرد نەبوون لەچاوەڕوانی بارانێكی  ناوەختەدا

خەریكە سەرم پڕدەبێت لەقەوانی بەتاڵ

لەفیشەكی نەتەقێنراو

 

خواردنەوەی قاوە بەتاڵم ناكاتەوە

لەم هەموو غەدرەی تۆو بێدەنگی خوا

نازانم لاشەم ئەم خاچەی جوانكردوە

یان ئەوە بریسكەی بزمارەكانی

سەر دڵمە خۆر لێی داون

ئەو هەنارانە لەخۆیانەوە نەقڵیشاون

 

ئەوە غەدری قەلەباچكەیەكی

بێ ویژدانە ئەوكاتەی چاوی زەڕنە قوتەیەك كوێر دەكات

 

چاوەڕوانی من مەكە

چی ئەنوسیت بنوسە چی دەخەیتە

ڕستەوە بیخە

هەرچی گلەیت هەیە لەسەر قەراغی

دەرگاكەی دەرەوە بۆم دانێ

بەس مەنوسە خۆشمدەوێیت

……….

حەكیم میرزا

٤/٣/٢٠٢١

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.