دیمانەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ عەبدوڵا مەحمود سەبارەت بە دادگای هەولێر و سزای زیندانی بەسەر هەڵسوڕاوانی سیاسی و رۆژنامەنووساندا

0

دیمانەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ عەبدوڵا مەحمود سەبارەت بە دادگای هەولێر و سزای زیندانی بەسەر هەڵسوڕاوانی سیاسی و رۆژنامەنووساندا

ئۆکتۆبەر: لە چەند رۆژی ڕابردوودا دادگای هەولێر حوکمی زیندانی بەسەر(٥) هەڵسوڕاوی سیاسی و رۆژنامەنوس سەپاند. بەرلە دادگاش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت وتی کە ئەوانە رۆژنامەنوس نین و جاسوسی وڵاتانن. ئێوە چ قسەیەکتان هەیە لەسەر ئەو قسانەی سەرۆکی حکومەت و ئەو حوکمەی دادگا؟

عەبدوڵا مەحمود: سەرەتا گرتنی ئەو کەسانە بەشیوەی مافیایی و رفاندنیان و ئاگادارنەکرنەوەی کەس و کاریان، و پاشان ڕیگەنەدان بە کەسوکاریان تا سەردانیان بکەن، تاوانێکی ناڕەواو نایاساییە. هەروەها هێشتنەوەیان لە زیندان بۆ ماوەی شەش مانگ، بێ ئەوەی دادگایی بکرێن تاوانیکی تر و کردەوەیەکی نایاسایی ترە. ئەو قسانەی سەرۆکی حکومەت یان لە راستیدا ئەو تۆمەتە قورسانە بەر لەوەی گیراوەکان دادگایی کرابن، تاوانێکی گەورەیەوە ئەگەر دادگایەک ببوایە دەبوو سەرۆکی حکومەت!! روبەڕووی دادگا بکرێتەوە لەسەریان…

ئەوە کە سەرۆکی حکومەت! بەر لەدادگایی کردنەکە تۆمەتی تێکدەر، جاسوسی کردن، نۆکەرایەتی دایە پاڵ گیراوەکان، پێشداوەری و وروژاندنێکی ئاشکراو لیخنکردنی هەلومەرجی دادگاییکردنەکەیە بەر لە دادگایی و هەڵخراندنی رای گشتی و گوشار خستنە سەر دادگا، دەخاتە ڕوو. وە تۆمەت بەخشینەوەیەکی ئاوا پوچی یاساو دادگای لە زمانی سەرۆکی حکومەتەوە خستە ڕوو.

  لەوانەش واوەتر ئەو تۆمەتانەی سەرۆکی حکومەت!! درۆی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی خستە ڕوو، لەوانەش دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ دەسەڵاتی ڕاپەراندن و جێبەجێکردن، وە نیشانیدا کە دادگا لە ژیر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا، ناسەربەخۆ و تەواو گوێ لەمست و ئامڕازی دەستی دەسەڵاتە بۆ سەرکوت و تۆقاندن و بێدەنگەکردنی دەنگە ناڕازی و رەخنەگرەکان…

ئۆکتۆبەر: دادگاییکردنی ئەو (٥) کەسە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا. زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دژی بوون. لەئاستی جەماوەریدا سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی دادگا کرا تا کار بەوە گەیشت نێچیروان بارزانی بڵێ ئەوە حکومی کۆتایی نییەو مەسرور بارزانیش بڵێ با سەربەخۆیی دادگا بپاریزرێت و کەس دەخالەتی تێدا نەکات. بەڕای ئێوە تاچ رادەیەك فشاری جەماوەری دەوری هەبوو لەسەر ئەم هەڵوێستانەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت؟

عەبدوڵا مەحمود: نارەوایی گرتنەکان، هەوڵدان بۆ هەڵخراندنی پێشوەختەی رای گشتی و تۆمەت بەخشینەوەی بەر لەدادگایی لە زمانی سەرۆکەوە، راگرتنی زیندانیەکان بۆ ماوەی شەش مانگ بێ لێپرسینەوە، دەستگیرکردنیان لە جەرگەی نارەزایەتی جەماوەریدا بە دژی نەبوونی موچە و ناعەدالەتی… پاشانیش بریاری قورسی دادگا لەسەر ئەوەی گروپ چاتیان هەبووە بۆ گۆڕینەوەی زانیاری رۆژنامەنووسی… وە کارنامەی پێشوتری دەسەڵات و دادگاکانی و سیناریۆ لە پێشدا ئامادەکراو پاکەتیەکانیان… هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی بلۆکی ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان زوو بێنە دەنگ و نارەزایەتی جەماوەری بەدوای خۆیدا بهێنێت. ئەم شەپۆلە لە نارەزایەتی دەربڕین لەسەر ئاستی جەماوەری بە وەرێخستنی کۆبونەوەی نارەزایەتی و وەڵامی میدیایی فراوان و لەسەر ئاستی فەرمیشدا ناچاربوونی ناوەندە فەرمیەکان و رێکخراو گروپە ئینساندۆست و مرۆڤ دۆستەکان و رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی فەرمی بەشێکی زۆر لە وڵاتەکان بۆ ئیدانەی بڕیاری دادگا، کاریگەری و گوشارێکی فراونیان لەسەر دەسەڵات و دادگا!! دروست کرد. لێدوانی نیچیر بارزانی و پاشان ریزێک لە بەرپرسە حزبی و حکومیەکان! بۆ ڕیزگرتن لە دادگا و سەربەخۆی دادگاکان، تا ئەوەی کە ئەمە دوا بڕیار نییە، لە ژێر ئەو گوشارە جەماوەی و فەرمیەدا بوو، لایەنێکی تریشی بۆ خامۆشکردنەوەی تورەیی شەقام و هەوڵدانە بۆ گێرانەوە شکۆ، بۆ دادگا پوچەکانیان.

ئۆکتۆبەر: ئایا پێتانوایە ئەو کاردانەوە جەماوەری و سیاسیەی دژ بە وبڕیارەی دادگا نیشان دراوە دەتوانێ بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە؟ ئەگەر بڕیارەکە هەڵوەشایەوە چ کاردانەوەیەکی ئەرێنی دەبێ لەسەر پرسی ئازادی سیاسی لە کوردستان؟

عەبدوڵا مەحمود: لەگەڵ ئەوەدا دەسەڵات بەگشتی و پارتی و دادگا و دەسەڵاتی دادوەری بە تایبەتی کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە، لێدوانەکانیان ئەوە نیشان دەدات، کە ئاڵوگۆڕێک لە بریاری دادگا و سزاکەدا پێک بێت و سزاکە سوک بکەن. بەڵام نابێ بیرمان بچێت، ئەو لێدوانانە بەشیکی بۆ خاوکردنەوەو پاشەکشە پێکردن بە نارەزایەتی جەماوەرییە و هیشتا دەسەڵات و دادگا هیچ بریارێکیان نەداوە و وەکو دەوترێت لەوانەیە سیناریۆ دانپیانانی گیراوەکان، کە لەبێگومان ژێر گوشار و هەڕەشەدا، رێکخراون بڵاوبکەنەوە و بەمەش دەیانەوێت کەسایەتی ئەم گیراوانە بشکێنن و لەو ڕێگایەشەوە، دەنگە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە بترسێنن. بۆیە ئەگەر ئەم شەپۆلی نارەزایەتی و تورەییە خاوببێتەوە کاریگەری سلبی دەبێت. زامنی ئەوەی کە دادگا!! ناچاربێت بڕیارەکە بەتەواوەتی هەڵبوەشێنیتەوەو تەواوی زیندانیەکان ئازاد بکات، لە گرەوی بەردەوامی دان بە نارەزایەتیەکان و بەرینکردنەوەی دایە…

دیارە ئازادکردنی گیراوەکان لە ژێر گوشاری جەماوەری نارازی و بلۆکی بەرگریی لە ئازادی و ئازادییەکان، بە سودی بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە تەواو دەبێت و کاریگەری زۆریشی لەسەر پرسی دادگا و ئازادیەکان لە داهاتودا، دەبێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.