شانۆی گاڵتەجاڕانەی پەچە بەسەر ئەندێشەی کچانی هەڵەبجە! نووسینی: هەژیر نینا

0

شانۆی گاڵتەجاڕانەی پەچە بەسەر ئەندێشەی کچانی هەڵەبجە!

نووسینی: هەژیر نینا

جارێکی تر ئیسلامی سیاسی بە هاوکاری و هاوبیری دەسەڵاتی کوردی لە کوردستانی عێراق (شاری هەڵەبجە) دیاردەی قێزەونی باڵاپۆشی بەسەر کچانێکدا، کە لە حالێکدا بیری پێشکەوتنخوازی مافی هەڵبژاردنی چۆن ژیانکردن لەناو تاکی کۆمەڵگەدا رۆژ بە رۆژ پەرە دەستێنێ و مرۆڤی ئەورۆیی خوی لە دونیایکی ئازاد و یەکساندا دەبینێتەوە کە مافی تاک دەبێت لەهەر روویەکەوە پارێزراو بێت.

وا دیارە لەم هەرێمە، ئەندێشە چەق بەستوەکان ململانێ لەگەڵ تاکدا چوونەتە /بەرەی دیاردەیەک کە مرۆڤ بەرەو هەڵدێری یەکجارەکی دەبات.

خەڵکی کوردستانی عێراق دەبێت بە ئەزموون وەرگرتن لە خەڵکی کوردستانی ئێران کە ٤٢ ساڵە لە ژێر ڕەشترین و زاڵمترین دەسەڵاتی ئیسلامی خەبات و بەربەرەکانێ دەکەن، لە شەقام و کۆڵانەکانی شار دا ئێستاش کچان و ژنان دیاردەی فرێدانی پەچەیان کردوە بە فەرهەنگی رادیکاڵی سیاسی خۆیان، ئەمە لەحالێکدایە کە رژیم هەموو رۆژێ بەفشار خستنە سەر ژنان لەو کۆمەڵگەیە، بە زیندان و شکەنجە، ‌هێشتا ورەی خەباتگێری و کۆڵنەدان بووتە کرداری رۆژانەی بەشێکی زۆر لەژنان و کچانی ئێران و کوردستان، کەوایە بۆچی ژنان و کچانی کوردستانی عێراق دەرس لەم ئەزموونە بەنرخە وەرناگرن؟ بۆ دەبێت رێکخراوەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان کاری جیدی و بەربڵاو لەناو تاکی کۆمەڵگە ناکەن؟

ئەوەی جێگای سەرنجە و دەبێت پێداگری لەسەر بکەین ئەوەیە کە، دیاردەی ئایین و هەموو ئەو کە لتوورە سەقەتە کە لە ژیان و ئەندێشەی ژنان و کچان دا خۆی دەنوێنێ، دەبێت هەمووی ئەمانە برۆنە نێوماڵەکانەوەو، وە ک ئەمری تاک چاوی لێبکرێت، نەک ببێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و لە شوێنەگشتییەکان، وەک زانکۆ و قوتابخانەکان ببێتە وانەی دواکەوتووی.

ئەوەی دەکەوێتە سەرشان و بەرپرسیاریەتی تاکی رۆشنبیرو رادیکاڵ، ئەوەیە کە، لە ناوندێکی رێکخراو کە بتوانێ سەرنجی کۆمەڵگە بۆ لای خوی ڕاکێشێ و هەروەها ببێتە ئامرازێکی هوشیاریدەرانە کە بتوانێ بزووتنەوەی ژنان لە دەوری ئامانج و رێبازێکی ئینسانی کە ژنانی چەوساوەی ژێر دەستی ئایین لەو کویلەتییە ڕزگار بکات.

خەڵک نابێت هیچ چاوەروانییەک لەدەسەڵاتێک بکەن کە خۆی بەرهەمی دواکەوتووییەو بەنەخشەوە پەرە بە نەزانی دەدا، دیارە کاریگەری کۆماری ئیسلامی و دەخاڵەتی ئەم رژیمە هۆکارێکن بۆ سیاسیکردنی رەوتی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان، دووکەڵی ئەم دیاردەیە کە ئەمرۆ لە شاری هەڵەبجە ژنانی قڕ کردوە، ئەگەر کاری چڕوپڕی بۆ نەکرێ، هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان دەگرێتەوە، هەرێمی کوردستان دەبێتە مۆڵگەی داعشی کۆماری ئیسلامی و ئایین دەستی باڵای دەبێت لە ناوچەکە.

ئەو حیزبانەی کوردستانی ئێران کە مەقەرو بارەگایان لەو هەرێمە هەیە، دەتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر خەڵک و هەروەها بەشێویەکی جیدی رەخنە لەدەسەڵات بگرن و بیری پێشکەوتووخوازی خویان بکەن بە ئامانج و کردارێک کە لە نێو تاکدا رەنگدانەوەی هەبێت، بەڵام وا دیارە تاکۆ ئێستا هیچ هەڵوێستێک لەم بارەوە نەگیراوە، یان لەوانەیە ئەمە نەبوەتە باسی میدیاو راگەیاندنەکانیان، یان بە ئەنقەست خۆیان لاڵ کردوە.

بزووتنەوەی ژنان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کەسایەتییە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان لە ئاست ئەم کردارە بەرپرسن و دەبێت سەرنجی جەماوەر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و قورسایی هێزو بیری خۆیان لەم کاتە هەستیارەدا نیشان بدە ن، باڵاپۆشی نیشانەی مەرگی ژنانە لەو هەرێمە، دروشمی با پەچەکان فرێ دەین ئەمرۆ دەبێت ببێتە دروشمی سەرەکی سەر زاری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە هەرێمی کوردستان

بژی ئازادی یەکسانی ژن و پیاو

مەرگ و نەمان بۆ فەرهەنگی کۆنەپەرستی…

Leave A Reply

Your email address will not be published.