هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەکام پەیام؟

0

هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەکام پەیام؟

ژمارەیەک لە چالاکوانی لاوی مەدەنی ژن و پیاو، بەمەبەستی ڕووبەرووبوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان بەهاوکارێ رێکخراوەی CDO هەڵمەتێکیان راگەیاند…

ئەم هەڵمەتە کە بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەست بەکارەکانی دەکات، وەکو خۆیان دەڵێن هەنگاوەکانی مەیدانین و بە بەسەرکردنەوەی خێزانەکان لە کوچەو گەرەکی شارەکان دەست پێدەکەن و هەڵمەتەکەیان درێژە پێدەدەن. دەستبردن بۆ هەنگاوێکی لەو بابەتە هەرچەندە سەرەتایش بێت، ئەگەر بە نەخشەوە کارەکانی ئاراستە بکات و پرسی زوڵمی سەر ژنان و وەستانەوە بەرووی توندوتیژی ژنان ئامانجی سەرەکیان بێت و مەیدانی و بەکردەوە دەست بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە ببات و سەرچاوەکانی توندوتیژی و زەمینەکان و لایەنەکانی پشتی ئەو توندوتیژییە بێ ئەمانە دژی ژنان، ڕابگەیەنێ، دەتوانێت رۆڵی کاریگەر بگێرێت و ببێتە ئەلگۆ و فۆرمێکی تر بەدژی توندوتیژیدا.

زوڵمی سەر ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، لە هەڕەشەو چاوسورکردنەوەوە تا لێدان و ئازاردانی جەستەیی و دەرونی و تادەگاتە تیرۆر و ناچارکردنی ژنان بە خۆکوژی… هێندە دیاردەیەکی شەرماوەرە، کە ئینسان دەتوانێت هەموو رۆژێک هەواڵی جەستەی کوژراوی ژنێک، یان تابلۆیەکی هەڵقرچاویان لە میدیا و هەواڵەکاندا ببینێت.

هاوکاتیش ئینسان دەتوانێت یاسا دژە ژنەکان ببینێت، دەسەڵاتی دژە ژنیش ببینیت، تێکەڵ کردنی دین و یاساکان، دین پەروەردە، دین فێرکردن، مینبەری هەزارسەری ژەهر رشتن کە ژن وەکو ئینسان تەماشا ناکات، ببینێت.

چ ئەم گروپەو چ هەر رێکخراو و هەڵمەتیك کە لە ژیر ناوی بەرگری لە ژنان و مافەکانیان، دەست بۆ دەبەن ئەگەر لە کارەکانی خۆیدا و لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەکەیدا، نوکە ڕمی لە یاسا دژە ژنەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەرع نەبێت. ئەگەر دەسەڵاتی کۆنەپەرستی حزبە دەسەڵات بەدەستەکان، ریسوا نەکات. ئەگەر سازش لەگەڵ خێلی مەلای موچەخۆر و بەڵاشخۆر بکات… چەندە بانگەشە بۆ مافەکانی ژنان و بەرگری لێکردنیان بکات، جگە لە درۆیەک هیچی تر نمایش ناکات.

کەم نین ڕیکخراوە بەناو ژنانەکان، ئین جی ئۆکان، کەمپەینەکان، کەچی توندوتیژی لەدژی ژنان بی ئامانە، هەمەلایەنەیە، دەسەڵاتی حزبی لەپشتە، رەوتە ئیسلامیەکانی لە پشتە. ریزی بەرینی مەلای فتواچی لە پشتە، میدیا و راگەیاندنی بەربڵاوی لەپشتە، یاسای لەپشتە، پاسەوانی بەرگری لە کۆنەپەرستی لە پشتە… چوونە جەنگی ئەمانە لانی کەمی چاوەڕوانیەکە کە لەهەر گروپێک هەبێت، کە بانگەوازی بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکات و باسی رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دەکات…

Leave A Reply

Your email address will not be published.