“ناهۆشیاری کۆمەڵگە و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان “

0

 “ناهۆشیاری کۆمەڵگە و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان “

بەپێی زۆربەی ئەو پێناسە جیهانییانەی، کە بۆ توندوتیژی کراون، بریتییە لە: “هەموو ئەو (کردار، رەفتار، ئاماژە، قسە و جووڵانە)، کە بەبێ خواستی خۆی بەرامبەر کەسێک ئەنجام دەدرێت”. کەواتە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، شوێنەوار و کاریگەریی خۆی جێ دەهێڵێت. ئیتر لەلایەن هەر کەسێکەوە بەرامبەر کەسێکی تر بکرێت.

مرۆڤ لە هەست، غەریزە و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیاندا یەکسانن، هیچ مرۆڤێکی ئاسایی نایەوێت کەرامەتی لەکەدار بکرێت، یانیش قسە و ئاماژەیەکی ناشایستەی بەرامبەر بکرێت. زۆرجار کەسەکان لە حاڵەتی بێدەسەڵاتی، یان ناهۆشیاریدا، بەشێک لە توندوتیژییەکان قبووڵ دەکەن، بەڵام مەرج نییە ئەم بێدەنگی و بەرگەگرییە تا سەر بێت. ئەگەر وەکوو خۆی و لە کاتی خۆی وەڵام نەدرێتەوە، بە جۆر و شێوازی تر و لە کاتی جیاواز، دەرهاوێشتەی خۆی دەبێت.

ناوەناوە کەسانێک لەژێر ناونیشانی (پیاوانی ئایینی) بە ئارەزووی خۆیان و بێ سنوور قسە بە ئافرەتانی کۆمەڵگە دەڵێن، ئەوان ئایینیان کردووەتە ئەو پەنایەی، کە بۆ هەر قسەیەکی توندوتیژی بڕۆنەوە پەنای، بەهۆی بەکارهێنان و بەدەستەوەگرتنی ئایین، سۆزی بەشێک لە خەڵک ئیستیغلال دەکەن و رەوایەتیی بەم دەستدرێژکارییە دەدەن، و رۆژانەش دوبارە دەبێتەوە. ئەم دیندارییەی، کە ئەم جۆرە کەسانە بە کۆمەڵی دەفرۆشنەوە، نە بە قازانجی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و نە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بەهاکانی ئینسانە، بەڵکوو لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و کرانەوەی کۆمەڵگە، لەجیاتی ئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، هەندێ قسە فڕێ دەدەن، کە لێکترازانی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، ئەمەش لەهەر شتێ زیاتر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

کەسانی هۆشیار و بەئاگا لە پێشکەوتنە خێراکانی جیهان و سەردەمی گلۆبال و عەولەمە، تێدەگەن کە ناتوانرێت بەر بە گۆڕانکارییەکان لەسەر هەر ئاستێکی ژیاندا بگیرێت، ئەو جەهلەی، کە پێشتر بەناوی جیاجیا لە کۆمەڵگە بڵاودەکرایەوە، کرانەوە و خوێندنیان بە عیلمی ئیبلیس وەسف دەکرد. ئێستا لە هیچ کوێی ئەم گوندە جیهانییەی، بەهۆی تەکنەلۆژیاوە دروست بووە، جێگایان نابێتەوە. بۆیە ناتوانرێت ئەوەی پێشتر دەیانکردە جێی باوەڕی کۆمەڵ و لەژێر ناوی جیاواز پێگەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەکردن، ئیتر درێژە بکێشێت.

ئەوەی ئێستا لە بەشێك لەو پیاوانە یان ئەوانەی بەناوی ئایینەوە دەیانەوێ فەتوای دابەشکردنی کۆمەڵ بدەن، بەر لە هەر شتێ هەست دەکەن، کە پێگەی کۆمەڵایەتییان لەمەترسیدایە، چونکە کاتێک کۆمەڵگەیەک دامەزراوەی تێدابێت، ئەو کەسانە شوێنیان لەق دەبێت، هاوکات پێشکەوتنی کۆمەڵگە لەسەر ئاستە جیاجیاکان و ئاگایی خەڵک، جارێکی تر شوێنی ئەوان لێژ دەکات.

لە لایەکی ترەوە هەڵپەی ناوبانگ و سەرقاڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە راگەیاندنەکان بەخۆیانەوە، ئامانجێکی تری ئەم قسە فڕێدانەیە، کە سەردەمێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بوون و دواتر بەناوی ئایین و… بڵاو بوو. ئەو قسەوباسانەی، کە بەناوی ئایین و دابونەریتەوە دەرهەق بە ژنان ئەنجام دەدرێت، ئەوپەڕی توندوتیژی و بریندارکردنی هەستیانە.

هاوکات پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی و دەروونی، ناشێ مەترسییەکانی ئەم توندوتیژییە هەست پێ نەکەن، لەکاتێکدا جۆرەها کێشە لە کۆمەڵگەدا هەن، بەهۆ و بێهۆ قسەی توند و بێ بنەما رووبەڕووی ئافرەتان بکرێتەوە. هەروەها کەناڵەکانی پەروەردەکردن لە کۆمەڵگە/ خوێندن و فێرکردن، خێزان، حزب، قوتابخانە و زانکۆ، هەریەک بەپێی قەبارەی خۆی بەرپرسیارێتی و ناهەمواریی کێشەکانی کۆمەڵگەی بەردەکەوێ، هیچیان لەم ناکۆکییە کۆمەڵایەتییانەی هەن بێبەری نین، بەڵام حکوومەت و دەسەڵات لە رێکخستن و رێگەنەدان بە لە سنوور دەرچوونی هەریەک لەم کەناڵانە، بەرپرسی یەکەمە، چونکە ئەو دەسەڵاتی جێبەجێکار و بەرپرسیارە لە هەر رووداوێکی کۆمەڵ. کەواتە و دووبارە دەڵێین، حکوومەت بەرپرسی یەکەمە لە رێگەگرتن لەم توندوتیژییە.

بەکورتی، کاتی ئەوە هاتووە، ئەرک و مافی پیاوانی ئایینی لە کۆمەڵگە و چوارچێوەی کاری حکوومەتدا دیاری بکرێت، و ڕیگەنەدرێت چیتر دەست وەربدەنە ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکەکانی کۆمەڵگە، دین کاری تایبەتی کەسەکانە و پیویستە بە تەواوەتی وەکو دنیای شارستانی، لە دەوڵەت و یاساو خوێندن و پەروەردە جیابکرێتەوە و وەکو کارێکی کەسی تەماشا بکرێت… کە هەر ئەمەش خزمەت بە سەرجەم جەماوەری کوردستان و سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ دەکات…

نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

Leave A Reply

Your email address will not be published.