کۆتایی بەسێدارە و زیندانی، بەندە بەمەرگی جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە!!

0

کۆتایی بەسێدارە و زیندانی، بەندە بەمەرگی جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە!!

لەم ماوەیەی دوایدا بەدەیان کەس لە هەڵسوڕاوان و چالاکوانی مەدەنی لەلایەن هیزە رەشەکانی جمهوری ئیسلامیەوە لە شارەکانی کوردستانی ئیران دەستگیر کراون، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ١٠٠ کەس. لە نیو دەستگیرکراوەکاندا، ژمارەیەکی زۆریان بێ سەروشوێن کراون و کەس و کاریان نازانن بۆ کوێ براون و چییان بەسەر هاتووە. هیزە سەرکوتگەرەکانی جمهوری ئیسلامی لەم شەپۆلی گرتنەدا بە شیوەیەکی شەقاوانە و لەناکاو بەسەر ماڵەکانیاندا داوەو کەسانیك کە جی مەبەستیان بوون رفاندویان و دەستگیریان کردوون.

دەسەڵاتی رەشی ئاخوندەکان لە ئیران، کە لەگەڵ هاتنە سەرکاریەوە رووبەڕوی نەفرەت و تورەیی چینی کرێکار و جەماوەری فراوان بۆتەوە و تا هاتوشە ئەو نارەزایەتییە فراوانترو بەرینتر بۆتەوە، یەکێک لە چەکەکانی بەردەستیان بۆ بێدەنگ کردنی رابەرانی کریکاری و جوڵانەوە جەماوەرییەکان و ترساندنی کۆمەڵگە، دەستبردنی بووە بۆ سەرکوت و زیندانی.

لەماوەی زیاتر لە ٤ دەهە لەدەسەڵاتی رەشی ئیسلامی ئیراندا، سەرکوت و سێدارە… رووی دزیوی و ئەم رژێمە هارەی سەرمایە بووە لە ناوچەکەو دنیادا. لیستی لەسێدارە دراوان، تیرۆرەکان، زیندانی کراوەکان، ڕوانراوان… بەسەدان هەزار ئینسانن. بەڵام ئەگەر کوشتن و سێدارە سازکردن لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم رژێمەدا بۆ سەرکوتی شۆڕش و داسەپاندنی دەسەڵاتی رەشی ئیسلامی بوو، ئەوا سێدارە و دەستگیریەکانی ئیستا، بۆ بەرگرییە لە روخاندنی ئەم رژێمە و پەلە قاژەی مەرگیەتی.

شایانی باسە، لە بەرامبەر بە شەپۆلی ئەم دوایەی چونە سەرماڵان و زیندانی کردن، دەیان رێکخراوەی مەدەنی و ئینسان دۆست، نامەی نارەزایەتیان ئاراستەی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی کردووە، تا لەسەر ئەم دەستگیر کراوانە بێنە دەنگ…

دیارە ئەوەی دەتوانێت دەستی ئەو رژێمە لەسەرکوت هەڵبگرێت، تەنها بە مەرگ سپاردنیەتی، سیدارە و زیندان  و سەرکوت، سەنگسار و تیرۆریزم خاسیەتی لێک دانەبراون لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە سیاسییە بۆگەن کردووە، بۆیە ڕیگاچارەی کۆتایی بە زیندان و کوشتار و تیرۆر، توندکردنەوەی خەباتە بۆ هەڵپێچانی دەور و دوکانی ئەو دەسەڵاتە، کە نەک تەنها مۆتەکەی مەرگی هاوڵاتیانی ئیران، بەڵكو بەڵای ناوچەکەو دنیایە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.