بەیانیەك بەگۆچان دەڕوات …. حەکیم میرزا

0

بەیانیەك بەگۆچان دەڕوات

حەکیم میرزا

 

 

دڵم خراپ لێدەدات

گوێم لەتەقەی كەوتنەخوارەوەی

ئینجانەیەكە لەسەر قەراغی مردن

ئەمەوێت خۆم بەرزكەمەوەو ناتوانم

ئەمەوێت قەسیدەیەكی ترت بۆ بنوسمەوەو

ناتوانم

ئەمەوێت و ئەمەوێت

 

وێنەیەكی منتلایە تكایە بەڕەشەبادا

بۆم بنێرەوە

چش ئەگەر سەرو گوێلاكیشت شكاندبێت

قەسیدەیەكم لاتە تكایە بڵاوی مەكەرەوە

هیچ نەدەبوو

ئەگەر سەرم بەلاشەمەوە نەبوایەو

ئەوەندەش گێل نەبومایە

تكایە قەسیدەكانم بەبادا بۆپۆست كەرەوە

 

دڵم خراپ لێدەدات

برادەرێكم هەیە بەدەنگی بانگی

بەیانی نەبێت خەوی لێناكەوێت

ناوی عوسمانە

تكایە قەسیدەكەم  بڵاومەكەرەوە

چونكە دەزانم تۆ دەمت پیسەو

هەزارو یەك درۆم بەدەمەوە دەكەیت

 

دڵم زۆر خراپ لێدەدات

دەزانم كەباران دەبارێت

تۆ پەنجەرەكان پێوە دەدەیت

دەرگاكان لەسەر ورتە ورتەكانی دایكم

دادەخەیت

تكایە قەسیدەكەم لاتە بڵاوی مەكەرەوە

خوا!! دەیزانێت

ئەو  قەسیدەیەم چۆن نوسیوتەوەو

هەرشەوەی

بەشێكی جەستەم پیادا داوەو

نەم هێشتووە سەرمای ببێت

 

دڵم خراپ لێدەدات

كەدەگەمە ئاست سێبەرە زامدارەكەی

خۆم حەزدەكەم  

قەسیدەكەم بۆبنێریتەوە

چونكە دەزانم لای تۆ سەرمای دەبێت

لای تۆ هەڵدەلەرزێت

دڵم زۆر خراپ لێدەدات

 

وێنەیەكم لاتە

تكایە بڵاوی مەكەرەوە

چونكە دەزانم خەڵكی گاڵتەت پێدەكات

نامەوێت هیچ شتێكی ترت بۆبنوسم

چونكە دەزانم نایخوێنیتەوەو

دەیسوتێنیت

 

دڵم زۆر خراپ لێدەدات

ئەڵێی ئەم دەڤەرە چۆڵەیە

چۆلەكەیەكی تیانافڕێت

بارانێكی تیانابارێت

گۆرانیەكی تیاسەوزنابێت

 

تكایە قەسیدەكانم بۆبنێرەوە

نامەوێت تۆزیان لەسەر بنیشێت و

بێنازبن

دڵم زۆر خراپ لێدەدات

ئەڵێی ئەم دەڤەرە سەرسپیەیە بەگۆچان

دەڕوات

 

كاتژمێرەكەی دەستم دەشكێنم

لەگۆڕستان گۆرانیەك دەڕوێنم و

شیعرێكی بۆ دەكەمە چەترو كراسێكی ئاودامانی لەبەردەكەم

دڵم زۆر خراپ لێدەدات

ئەڵێی حوزنی یەكەم بەیانی جەژنەو

هیچ كەسێك پیرۆزبایی لێ ناكات

 

تكایە قەسیدەیەكم لاتە

بەكوژراویش بێت

بۆم بنێرەوە

دڵم زۆر خراپ لێدەدات

ئەڵێی ئەم بەیانیەی دایكمە

هەرتەماشای دەرگاكەی دەرەوە

دەكات

Leave A Reply

Your email address will not be published.