هونەر مەولود: دەبێت هەموومان ئەوە بزانین ئەو دەسەڵاتە باکی بە ناڕەزایی و نووسین و گردبوونەوە ڕەخنەگرتن نییە،  پێویستە ڕێگایەکی تر بەکاربهێنرێت…

0

هونەر مەولود: دەبێت هەموومان ئەوە بزانین ئەو دەسەڵاتە باکی بە ناڕەزایی و نووسین و گردبوونەوە ڕەخنەگرتن نییە،  پێویستە ڕێگایەکی تر بەکاربهێنرێت…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەرێز هونەر مەولود ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی سەبارەت بە ململانێی نێوان بەغدا و هەرێم بەرەو کوێ؟

 

 بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ئایندەی ململانێکانی بەغدا و هەولێر؟

هونەر مەولود: سەرەتا ئێمە دەبێت پرسیارەکە ڕاست بکەینەوە دەبێ بڵێین ململانێکانی بەغدا و پارتی، چونکە ئەگەر بڵێین هەولێر کەواتە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی کێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە. نەخێر خەڵکی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ بەغدا نییە لەبەر ئەوەی تەنها حیزبێک و بنەماڵەیەک لە هەولێر حوکوم دەکەن نەک بەغدا.

ململانێکانی نێوان پارتی و بەغدا ئایندەیەکی نەرێنی دەبێت بەتایبەت بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و کرێکار و مووچە خۆر. دەبێت ئێمە ئەوە بزانین کە عیراق دەوڵەتە لە وڵاتانی دەوروبەر و هەتا ئەوروپا و ئەمریکاش زیاتر گرینگی بە بەغدا دەدەن لە هەموو ڕووێکەوە نەک هەولێر.

کێشەی نێوان بەغدا و هەولێریش دیارە کە کێشەیەکی نەتەوەیی نییە. بەغدا بیر لەوە دەکاتەوە تەنها حیزبێک و بنەماڵەیەک لە هەرێم حوکم دەکەن چەندین ساڵە سامانی سەر زەوی و ژێر زەویان بەهەدەرداوە، چەندین ساڵە گەندەڵی و ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی کوردی بەردەوامی هەیە لە باشووری کوردستان، کەواتە دەبێت بڵێین کێشەکەی بەغدا لەگەڵ چەند کەسێکە، نەک خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی.

بۆپێشەوە: هۆکار چییە پارتی و یەکێتی، بەیەکەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا ناکەن و هەریەکەیان بەجیا و هەرلایەکیشیان داواکاری جیا، دەخەنە ڕوو؟

هونەر مەولود: پارتی و یەکێتی وەکو دوو کارەکتەر  لەگەڵ بەغدا  گفتوگۆ دەکەن، هۆکارەکەی ئەوەیە ئەگەر بەغدا لەگەڵ پارتی کێشە لە نێوانیان درووست بێت، ئەوا یەکێتی لە بڕی پارتیش گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات. خۆی لە ئەسڵ دا هەردووکیان کوڕی یەک باوکن لەهەموو شتێکی ئەم وڵاتە شەریکن پارتی و یەکێتی سەرمایەدارن، نەک سیاسەتمەدار. بنەماڵەیین، نەوەک نەتەوەیی. داواکارییەکانیشیان هەمووی لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی و حیزبیە.

داواکارییەکانی ئەو دوو حیزبە بە هیچ جۆرێک لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم وڵاتە نییە،

ئامادە نین گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک هەتا بەغداش ئەنجام بدەن لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بە گشتی، کەواتە پارتی و یەکێتی لەژێرەوە وەک بران ئامادە نین نێوانیان لە پێناو هیچ شتێکی ئەو وڵاتە تێک بدەن، لەسەرەوەش هەردووکیان دوژمنی سەرسەختی یەکترن.

بۆپێشەوە: چەپ و کۆمۆنیستەکان دەڵێن کێشەی بەغدا و هەرێم  هیچ پەیوەندیەکی بە گۆڕینی هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و مووچەخۆانەوە نییە، و بڕواشیان بەو پەرلەمان و حکومەتەی هەردوولا نییە، دەڵێن بەدیل دەسەڵاتداریەتی خەڵکە، خەڵک خۆی دەبێت چارەنووسی خۆی دیار بکات، ئێوە دەڵێن چی، و ڕێگە چارە بەڕای ئێوە چییە و خەڵک لە کوێی هاوکێشەیەدایە؟

هونەر مەولود:  پێویستە گەل خۆی بڕیار بدات بەس چ بڕیارێک دەبێت بڕیارێکی یەکلایکەرەوە بدات، یان ئەوەتا لە ژێر دەسەڵاتی مەزهەبی و حیزبی و بنەماڵەیی بژی دوور لە ئازادی و دادپەروەری. لێرەدا دەبێت قبووڵی هەموو شتێک بکەین لەو دەسەڵاتە وەکو و مەسەلە کوردیەکە کڵاوی خۆمان بگرین باشترە، نەوەک با بیبا. ئەوا ئایندەمان دژوار و کارەساتبار دەبێت. کەواتە بۆ نەوەی دواڕۆژمان وەڵامێکی بێ بنەمامان دەبێت بەدەستی خۆمان ژیانی ئێستا و داهاتووشمان وێران دەکەین.

دەبێت هەموومان ئەوە بزانین ئەو دەسەڵاتە باکی بە ناڕەزایی و نووسین و گردبوونەوە ڕەخنەگرتن نییە،  پێویستە ڕێگایەکی تر بەکاربهێنرێت.

ئەویش باشترین ڕێگاچارە بۆ گۆڕینی بارودۆخ  بۆ ئەوەی بە ئازادی و دادپەروەری بژین، ژیانێک بە مانای وشە ئەوا پێویستی بە شۆڕشێکە هاوشێوەی شۆڕشی فەڕەنسا. پێویستی بە شۆڕشگێڕێکە وەکوو مارتن لۆتەر بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی دەربازی بێ لەو  کەڵتە کۆنە لەحیزب و بنەماڵە و مەزهەب و شێخ و مەلا و هتد.

لە ڕاستیدا ئەوەی بەشداری شۆڕش و ناڕەزایی جەماوەری دەکات، کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتن، نەوەک ئەندام پەرلەمان و وەزیر و کاربەدەستانی هەرێم و مامۆستایانی ئایینی، کۆمەڵگای کوردیش لە ئێستا سێ چین حکومی دەکات حیزب و بنەماڵە ئاین و مەزهەب سەرمایەداری، کەواتە ئەو سێ چینە لەناو نەبرێن یان کاڵ نەکرێنەوە ئەوا نابێت چاوەڕێ ی هیچی باش بکەین لەدوا ڕۆژدا

بۆپێشەوە: ئایا پرسی موچەو خزمەتگوزارییەکان پرسێکی عێراقییە یان کوردستانی، عێراق بەرپرسە لە چارەسەکردنی یان دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، یان هەردووکیان؟

هونەر مەولود: پرسی موچە و خزمەتگوزارییەکان هیچ پەیوەندی بە عیراقەوە نییە، پرسێکی تەواو کوردستانییە، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ئەو کێشانە چارەسەر بکات، نەک بەغدا. بەڵام تاکو خەڵک  ئاوا بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بێت ئەوا گەندەڵی و ناعەداڵەتی کۆمەڵگای کوردی  بەردەوام دەبێت و ئەو کێشانەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زەقتر دەبنەوە.

بۆپێشەوە: بەجیا لە فایلی نەوت، باسی ئەوە دەکرێت بەغدا داوای نوێنەرایەتیەکانی هەرێم و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی هێزی پیشمەرگەش دەکات… ئەمە چ ئاڵوگۆرێک لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنێت؟

هونەر مەولود: پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر زۆر ئاڵۆز دەبێت هەتا کار دەگاتە ئەوەی هێز بەرامبەر یەکتر بجوڵێنن، بەڵام تورکیا لەوانەیە نێوەند گیریان بکات، چونکە تورکیا ئەوەی لە هەولێر دەستی دەکەوێت لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی ناکەوێت. عیراقیش بەوەی زانیوە کە هەرێم ٥٠٠٠ پێشمەرگەی دامەزراندووە بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژ کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هاوکاری تورکیا دەکەن دژی هێزەکانی یەپەگە، کەواتە نوێنەرایەتیەکان و هێزی پێشمەرگە لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عیراق نین، زیاتر خزمەت بە وڵاتانی دەورووبەر دەکەن بە تایبەت تورکیا، بۆیە عیراق هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگەش دەکات.

بۆپێشەوە: پرسی موچە، ناوچەی کێشە لەسەرەکان، مادەی ١٤٠ ڕادەی دەسەڵاتدارێتی هەرێم… هەموویان ڕیشەیان لەچارەسەرنەکردنی پرسی نەتەوەیی دایە، ئایا لاتان وانییە کە پێویستە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت؟

هونەر مەولود: دەتوانم بڵێم لە باشوور پرسی نەتەوەیی زۆریش لاوازە، ئەویش دەسەڵات لێی بەرپرسە. پارتی بووە هۆکاری ئەوەی ئینتمای نەتەوەیی لاواز بێت  و ئینتمای حیزبیشی بەهێز کرد. لە ئێستادا  کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان هەر لەبیر کراوە، بەڵام پارتی هەرکاتێک بیەوێت هەستی نەتەوایەتی بجوڵێنێت ئەو باسانە لە کەناڵەکانیەوە دەکاتە ڕۆژەڤ. هەتاکو حیزب و بنەماڵە حکوم بکات، ئەو کێشانە چارەسەر نابێت، چونکە ئەگەر چارەسەر بێت بە زەرەری خۆیانە. هەر خۆیان هەوڵ دەدەن پرسی موچەو  كێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و ماددەی ١٤٠ هتد چارەسەر نەبێت.

ئەگەر خەون بەوە ببینین هەرێم ئەو کێشانە چارەسەر بکات ئەوا دەبێت ئاوی بینین دەستمان بشۆین، چونکە دەسەڵاتی هەرێم هەرگیز هەوڵی جدی نەداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، ئەگەر حکومەتی عیراق دەسەڵاتی تەواو بگرێتە دەست لەو ناوچانە ئەوا ئەو کێشانە بەرەو دۆخێکی باشتر هەنگاو دەنێن بۆ چارەسەرکردن.

بۆپێشەوە: شاندەکانی هەرێم لەبەغدا چەندە نوێنەرایەتی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن؟

هونەر مەولود: شاندی هەرێم تەنها نوێنەرایەتی لە حیزب و بنەماڵە دەکات و هیچیتر. باشە دەپرسین تا ئێستا شاندی هەرێم چ سودێکی بۆ خەڵکی هەرێم بەگشتی و بەتایبەت خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هەبووە؟ نەخێر هیچ سوودێکیان بۆ  کۆمەڵگە نەبووە، ئەڵبەتە زیانیان زیاتر بووە. چونکە کە دەچنە بەغدا تەنها لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی گفتوگۆ ئەنجام دەدەن. کۆمەڵگەی کوردیشیان ناشیرین کردووە لەبەرچاوی بەغدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.