٦ ساڵ زیندانی بۆ گیراوەکانی بادینان، بڕیارێکی ڕەقی بەعسیانەیە!

0

٦ ساڵ زیندانی بۆ گیراوەکانی بادینان، بڕیارێکی ڕەقی بەعسیانەیە!

١٦ ئەم مانگە دادگای هەولێر بریاری  ٦ ساڵ زیندانی بەسەر پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی بادینان، بەپێی یاسای ژمارە ٢١ ساڵی ٢٠٠٣ بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیییدا، سەپاند.

داسەپاندنی بڕیارێکی ئاوا قورس و ناڕەوا کە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو جگە لە چات و گۆڕینەوەی بیروڕاو زانیاری گشتی، لەبەردەست نییە، بریاڕیکی بەعسیانەی پارتی و بزوتنەوەی کوردایەتییە، بۆ دادگاییکردنی ئازادی و کاری رۆژنامەگەری و ترساندنی هەر دەنگ و هەر جوڵەیەکی ئازادیخوازان لە پێناو ماف و داخوازییە زۆر سادەکانی خەڵکی کوردستان.

دادگایەک لەسەر چاتکردن و گۆڕینەوەی بیروڕا و زانیاری گشتی، سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەر چالاکوانان و ڕۆژنامەنووساندا بسەپێنێت، هیچ نییە جگە لە دادگایەکی قورمیشکراو گوێ لەمستی ئەو دەسەڵاتەی کە بەکردەوە هیچ ئاسایشێکی بۆ جەماوەری کوردستان و ئازادیییەکان نەهێشتۆتەوە، و بە خۆشخزمەتی و کرێگرتەیش بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بۆتە فاکتەری سەرەکی تێکدانی ئاسایشی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی.

دادگای ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە، کە لە ماوەی ٣٠ ساڵدا، هیچ بەرپرسێکی حزبی و بنەماڵە، هیچ دزو تاڵانچییەکی ناسنامە دیار، بازرگانێکی مافیایی، وە هیچ نۆکەرێکی وڵاتە چنگ بەخوێنەکانی ناوچەکە و بکوژانی دەیان هەڵسوراوی سیاسی و رۆژنامەنووسان، هەزاران ژن کوژی… دادگایی نەکردبێت و سزایەکی بۆیان نەبووبێت… هیچ نییە جگە لەوەی کە ئەو دادگایە، دادگایەکی دەست حزبی بکوژ و ببڕەو ئامرازی سەرکوتی یاسایی!! دەسەڵاتی میلیشیایی حزبییە. دادگایەکی لەو چەشنە، نەک هەر بریارەکانی هیچ مەشروعیەتێکی یاساییان نییە، بەڵکو خۆی مەحکوم بەدادگایی کردنە، بە یاسایەک کە بنەماکەی پاراستنی بەهاکانی ئینسان و مافەکانی بێت.

ئەم بریاڕەی دادگا، پێویستە ڕووبەڕووی دەنگی نارەزایەتی شەقام و هەموو ئینسانێکی سیاسی ئازادیخواز، رۆژنامەنووسان و لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، دادوەرانی ڕیزگرتن لە یاسای شارستانی و پیشکەوتنخواز… لەناوخۆ و دەرەوە ببێتەوە. ئەم سزا بەعسیانەیە بەمۆری میلیشایەوە پێویستە هەڵبوەشێتەوەو سزادراوان و گیراوەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە…

بۆپێشەوە

١٧/٢/٢٠٢١

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.