بەسەر کردنەوەی ئەدیب و هونەرمەندان لەم ژمارەیەدا هەریەک لە ڕزگار حەمە ڕەشید و بورهان قەردەاغی بەسەر دەکەینەوە… سازدانی: ئەحمەد جوانکار

0

بەسەر کردنەوەی ئەدیب و هونەرمەندان

لەم ژمارەیەدا هەریەک لە ڕزگار حەمە ڕەشید و بورهان قەردەاغی بەسەر دەکەینەوە… سازدانی: ئەحمەد جوانکار

ئەحمەد جوانکار: به‌لای تۆوه‌ هونه‌ر یان شانۆی ڕاسته‌قینه‌ چۆنه‌؟

ڕزگار حەمە ڕەشید: ڕەنگە ئاسان نەبێت هونەری ڕاستەقینە لە ناڕاستەقینە جیا بکەینەوە، دڵنیاش نیم پۆلێنکارییەکی لەو شێوەیە هەیە یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرێکی ڕاستەقینە بە بەراوورد بە هونەرێکی ساختە لە دەستنیشانکردنی کۆپیی و ئۆریجیناڵدا ئاسانترە، ئەوەی بۆ نموونە زۆربەی هونەرمەندە شێوەکارەکان کۆپیی تابلۆیەکی ڤانکۆخ دەکەن یان هی پیکاسۆ، هەرچەندە هەمان کەرەستەش بەکار هاتبێت و بەتەواوی و بێ هیچ جیاوازییەك هەمان تابلۆ دروسبکاتەوە، هێشتا ناتوانێت خۆی بە بەهای تابلۆ ئۆریجیناڵەکە بەراوورد بکات(مەبەستمانە باسی بەها بکەین،  نەك نرخ). چونکە تابلۆ ئۆریجیناڵەکە لەدایکبووی چرکەساتی مێژوویی خۆیەتی، وە لەسەر شانی هەموو داهێنانە هونەریی و فیکرییەکانی مێژوو تا چرکەساتی خۆی وەستاوە، درێژکراوەی ئەو هێڵەیە کە لە سەرەتاوە درێژبۆتەوە تا ئەو ساتەوەختەی کێشانی ئەو تابلۆیە. قۆناغێکی جیاوازی ژیانی مرۆڤایەتی مۆتیڤی سەرهەڵدانی شێوازە جیاوازەکانە لە بەرهەمە هونەرییەکاندا.

ڕەنگە لە گەڕانماندا بەدووی وەڵامی زیاتردا بتوانین هونەری باو لە هونەرێکی سەرکەش، لاسایی لە دۆزینەوە، مردوو لە خاوەن ئایدیای زیندوو جیا بکەینەوە. بەڵام  دیسانەوە کێشەکە لەوێدایە کە ئەوەی ئێمە بە سەرکەش و دۆزینەوە و زیندوو دەیبینین، ڕەنگە لە شوێنێکیتر و لای کەسانیتر بە لاسایی و باوو مردوو ئەژمار بکرێت. بۆیە لە هەڵسەنگاندنی کاری هونەریدا ناتوانین کۆمەڵێك پێوەری ئامادە بهێنین و بیانسەپێنین بەسەر بەرهەمەکاندا. بەڵام ئەگەر کەمێك قووڵتر ڕۆبچینە ناو بەرهەمهێنانە هونەرییەکانەوە، ڕەنگە بتوانین قسە لەسەر داهێنان و تێپەڕاندن بکەین لە ستایەڵی کارکردنی کەسێکی دیاریکراودا، لێرەدا ئەوەی ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لەو  تەماشاکردنەدا، تەنیا بەرهەمەکە نییە، بەڵکو تێکڕای ئەو پاشخان و کەرەستە و ئایدیا و ستایڵانەی لەو بەرهەمهێنانە جیاوازەدا هەموار کراون.  قۆناغێکی نوێ لە کاری هونەریی تەنیا بۆ مەبەستی نوێبوونەوە و جیاواز بوون نییە، بەڵکو بەگەڕخستنی دید و جیهانبینییەکی نوێشە بۆ ئێستا و ئاییندە..

ئەحمەد جوانکار : ئه‌ی هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن ئه‌بێ چۆنبێ ؟

ڕزگار حەمە ڕەشید:  هونەرمەندی ڕەسەن و ناڕەسەن لای من زیاتر پەیوەندی بە ئیتیکی کارکردنەوە هەیە. هونەرمەندێکی ڕەسەن لە بیرکردنەوە و ئەزموون و تێڕامانە تایبەتییەکانی خۆیەوە هەنگاو بەرەو بەرهەمهێنانی کاریکی هونەریی دەنێت. بەڵام هونەرمەندێکی ناڕەسەن، بیر و تێڕامان و ستایەڵی کەسانیتر دەهێنێت و بەناوی خۆیەوە کاریان پێدەکات. هونەرمەندێکی ڕەسەن لە ئەنجامی خۆماندووکردن و گەڕان و پشکنینەکانی خۆیەوە کارێك ئەنجام دەدات، ئەو کارە هەڵێنجراوی دڵەڕاوکێ و پرسیار و خوێندنەوەکانی خۆیەتی بۆ گرنگیی بەرهەمهێنانی ئەو کارە هونەرییە لەو ئانوساتەی خۆیدا. بەڵام هونەرمەندێکی ناڕەسەن چاوی لەسەر دۆزینەوەی ئەو بەرهەمانەیە کە لەو نێوەندە هونەرییەی خۆیدا نین و نەبینراوون، تا بیانهێنێت و بەناوی خۆیەوە بڵاویان بکاتەوە. هەموو کارێکی ڕەسەن لە کۆنتێکستی خۆیدا واتایەکی تەواو دەبەخشێت، ئەمە بەتەنیا بۆ هونەر نییە، بەڵکو بۆ هەموو بوارەکانیتری ژیانی مرۆڤایەتییشمانە. دەشێت هێڵێکی کارکردن، تێڕوانینێك یان تەنانەت تێزێکیش بخوازیت و لەپێناو بەگەڕخستنی بوارێکیتردا بەکاری بهێنین، بەڵام ناچاریت بە پیتی گەورە ناوی خاوەنەکەی بنوسیت و ئاشکرای بکەیت لە کوێوە وەرت گرتووە.

 ئەحمەد جوانکار:  هونه‌رمه‌ند له‌ چی کاتێکدا تووشی سترێس ده‌بێ ؟

ڕزگار حەمە ڕەشید: بێگومان سترێس بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ، هەموومان بە ئەندازەی جیا جیا دووچاری دەبین، بەڵام گرنگە بزانین چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەین. بۆ هونەرمەندیش بەهەمان شێوە. کاتێك بیر لە کارێکی نوێ دەکەیتەوە وەك هونەرمەندێك، خۆت لەبەرامبەر بەرپرسیارێتییەکدا دەبینیتەوە کە ڕووی لە خۆت و بینەرانیشە. ڕووی لە خۆتە چونکە دەتەوێت ئاراستەی کارکردنەکەت لەوانەی پێشووترت باڵاتر بێت. ڕووی لە بینەرانیشە، چونکە بیر لە جۆری وەرگرتن و پەرچەکرداری ئەوان دەکەیتەوە بەرامبەر بەرهەمەکەت. زۆرجار بوونی ئاستێکی دیاریکراو لە سترێس، ڕێگەخۆشکەرە بۆ دروسکردنی بەرهەمێکی باشتر، بەڵام ئەگەر سترێسەکە ئەو ئاستە ئاساییەی تێپەڕاند، دەبێتە هۆی سستبوون و تەنانەت وەستانیش لە بەرهەمهیناندا. . بە گشتی هەموو دەستپێکردنێك بڕێك لە دوودڵی و دڵەڕاوکەی تێدایە، بەتایبەتیش کە ئەنجامەکەی هێشتا نادیارە. دواتریش ساتەکانی دروستکردن تا تەواوبوونیش بە هەمانشێوە، لە کۆتاییشدا بەرچاوخستنی بەرهەمەکە. ئەم پرۆسەیە لە سەرەتاوە تا کۆتایی سترێسئامێزە، بەڵام بە بڕی جیا جیا و بەپێی هونەرمەندەکانیش جیاوازە.

*********

ئەحمەد جوانکار: به‌لای تۆوه‌ هونه‌ر یان شانۆی ڕاسته‌قینه‌ چۆنه‌؟

بورهان قەرەداغی: شانۆی ڕاستەقینە ئەو شانۆیەیە کە خزمەت بە ژیاندۆستی ومرۆڤدۆستی دەکات، هەڵگری گوتاری ئیستاتیکی ومەعریفی یە .

ئەحمەد جوانکار: ئه‌ی هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن ئه‌بێ چۆن بێ ؟

بورهان قەرەداغی: هونەرمەندی زیندوو ڕوناک ئەو هونەرمەندەیە کە بەدوای جوانی بەها بەرزەکانی مرۆف دۆستی دا وێڵە و دژە بە هەموو جوداکارییەکی ڕەگەزپەرستانە. هەمیشە هزرو ڕوانینی بۆ ژیانێکی باشترو پڕ شکۆتر دەکۆشێت، هەمیشە دژە بە هەموو پێشێلکارییەک بەرامبەر هەرکەسێک بکرێت، ئەو لە قوڵایی  بوون وهزرییەوە دژە بە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و دیکتاتۆری.

ئەحمەد جوانکار: هونه‌رمه‌ند له‌ چی کاتێکدا تووشی سترێس ده‌بێ ؟

بورهان قەرەداغی: هونەرمەند ئەوکاتە سترێس دەبێت کە دەبینێ نادادی و زوڵم و زۆر بوونی هەیەو هەمیشە گەل قوربانی ئەو زوڵم وئەو بێ مافییە دەدات، بە دیوێکی تریشدا ئەوکاتە سترێس دەبێت کە لە نێوکارەکەیدا هەوڵ دەدات وتێ دەکۆشێت بە جوانترین شێواز وفەنتازیا وهونەر کارەکەی بەرهەم بهێنێت .

Leave A Reply

Your email address will not be published.