چل و دوو ساڵ تیرۆر، ئەشکەنجە، ئیعدام و ڕەشەکوژی    هەتاو عەبدولاهی

0

چل و دوو ساڵ تیرۆر، ئەشکەنجە، ئیعدام و ڕەشەکوژی

  

هەتاو عەبدولاهی

 ساڵی `١٣٥٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ساڵی  ١٩٧٨ دوای شۆڕش و قوربانی و خەبات و خوێندانی خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی ئێران کۆتایی بە دەسەڵاتی زوڵم و زۆری پاشایەتی هات، بەڵام بە داخەوە ڕژیمی ئایینی و مەترسیداری کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی خومەینی، مەلا و جەلادە خوێنڕێژەکەی جەماران کە خۆی بە نوێنەری خوا لەسەر زەوی دەزانی هاتە سەر کار. بەهاتنی کۆماری ئیسلامی و سەپاندنی دەولەتی ئایینی و دواکەتوو بەسەر خەڵک دا هەموو دەستکەوتەکانی

شۆڕش بە لارێدا چوو و کۆماری سێدارە و تێرۆر و تاوان دەسەلاتی سەدەناوەراستی خۆی دامەزراند. خومەینی و لایەنگرانی شۆڕشیان بە لاڕێدا برد و خواستی خەڵک و ئارمانەکانی شٶڕشگێڕانیان لە گۆر نا، شۆڕشێک کە بۆ هاتنە ئارای ئازادی، یەکسانی، نەمانی مەودای چینایەتی، کۆتایی بە هەژاری و برسێتی، نەمانی زوڵم و زۆر و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە، بەڵام لەلایەن دەسەلاتێکی ئایینی و دژە مرۆڤ دەستی بەسەردا گیرا.

وڵاتە زلهێزەکان کە هەمیشە چاوی تەماحیان بڕیوەتە کانگا ژێرزەوییەکان و هێزی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەهەر هەلێک کە بۆیان بڕەخسێ کەڵکی خۆیان وەردەگرن. نەمانی دەسەلاتی پاشایەتی و نەبوونی ئالتەرناتیڤی باشتر لەو بارودۆخە دا هەلی لە باری بۆ دەسەلاتدارانی دەرەوە لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا رەخساند و ڕاگەیاندنەکانیان دەستیان کرد بە پڕوپاگەندە بۆ کۆماری ئیسلامی و خومەینی تا دەسەلاتێکی ئایینی و دواکەتوو بێتە سەر کار و قەیران و کێشە لە ئێران هەربەردەوام بێ. کۆماری ئیسلامی زۆر زوو ڕوالەتی دزێوی خۆی بۆ خەڵک دەرخست و دەسەلاتی خواوەند و خوڕافە و ئایینی قیزەونی ئیسلامی بەسەر خەڵک دا سەپاند. ئایینێک کە تەژیە لە کوشتن وبڕین و توندوتیژی و دەستدڕیژی و تاوان. کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی خومەینی خوێنرێژ هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەسەڵاتە درۆیینە و خوێنڕێژەکەی ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ئازادیخوازان و جیابیرانی وەگەڕ خست. هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی لە گەروو دا کپ کرد وسیاچاڵەکانی تەژی کرد لە جیابیران وئازادیخوازان. کۆماری کوشتن وتێرۆر بۆ کوشتنی ڕەخنەگران و ئازادیخوازان و دژبەرانی دەسەڵاتەکەی هەیئەتی مەرگی دامەزراند، هەیئەتی مەرگ بە سەرۆکایەتی خودی خومەینی جەلاد، کە دەستیان بۆ هەموو جینایەت و تاوانێک ئاوەڵا بوو. ڕۆژ نەبوو خەڵکی ئازادیخواز و جیابیر هەر ئەوانە شۆڕشیان دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی بەرپا کرد لە سێدارە نەدرێن و نەکوژرێن. ڕژیمی ئیسلامی ئێران کارنامەیەکی ڕەشی لە بواری جینایەت و تاوان لە ماوەی دەسەلاتداری خۆی بەسەر خەڵک دا تۆمار کردووە. مێژوو و ڕووداوەکانی ئەو ساڵانە شایەتی ئەو جینایەت و زوڵم و زۆرەن. ساڵی ٦٧ی هەتاوی بە سەدان زیندانیی سیاسی بە تایبەت لە بەرەی چەپ و ئازادیخواز لەلایەن هەیئەتی مەرگەوە بە ئیعدام مەحکوم کران و کۆمەڵکوژ کران کە خودی خومەینی ئەو ئیعدام و ڕەشەکوژیانەی هاوئاهەنگی و سەرۆکایەتی دەکرد. ژنان کە هەمیشە بڤە بوون بۆ دەسەلاتی ئێران لەو نیوەدا زۆرترین قوربانیاندا. ژنانی ئازادیخواز کە دژ بە کۆیلەیی و حیجابی زۆرەملێ و یاسا سەدە ناوەڕاستیەکانی کۆماری ئیسلامی راوەستان بە توندوتیژترین شێواز وەلامیان داراوە. وەلامی ژنان بۆ داخوازیی بەحەقیان و مافی مرۆڤیان بە گوللە و زیندان و ئەشکەنجە و دەستدرێژی وەلامی دەدرایەوە. لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی کاتێک کچێکی زیندانی دەکرا، شەوێک پێش لە سێدارەی لە لایەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی و پاسداران و بەندیوانەکانەوە دەستدڕێژی دەکرایە سەر تا بە قەولی خۆیان لە دنیای تر نەچیتە بەهەشت، چونکە لە ئایینی قیزەونی ئیسلام دا هاتووە ئەگەر کچێک پەردەی کچێنی، کە لە کۆمەڵگەی ئێمە گەورەترین سوکایەتییە بە ژنان و تا ئێستاکەش ژنی لەسەر دەکوژرێ بمێنێ و بکوژرێ دەچێتە بەهەشت، پاسداران و جینایەتکارانی کۆماری سێدارە دەستدرێژیان دەکردە سەر کچان و مارەیان دەکردن و دواتر قورئانێک و هەزار تمەنی ئەو کاتیان دەخستە ناو قورئانەکە و پێشکەشیان دەکرد بە بنەماڵەی ئەو کچانە کە مەشروعیەت بدەن بە تاوان و دەسترێژیان و جەرگی دایک و باوکەکان زیاتر بسوتێنن، تاوانێک کە تا بە هەنووکەش هەر بەردەوامە و کۆمەڵگەی مرۆڤی لە ئاستی کەڕ و لاڵە. هەموو چین و توێژە بێبەشەکانی ئێران بوونە قوربانی سیاسەت و خوێنڕێژی ڕژیمی ئیران، بەڵام لەو نێوەدا کوردستان کە پێش لە ناوچەکانی تر “نا” ی وت بەو دەسەڵاتە و ملکەچی بڕیارەکانی خومەینی نەبوو قوربانی زیاتریدا. جەلادەکەی جەماران دوای نا وتنی کوردستان و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئەو ناوچەیە شەڕی سێ مانگەی بە دژی کوردستان ڕاگەیاند. شەڕێکی نابەرامبەر بە چەکی قورس، هێزێکی پۆشتەی تەیار بە هەموو چەکێکی کۆمەڵکوژ و هێزێکی زۆر کە هەڵگری بڕیاری خومەینی بۆ نەمان و تەختکردنی کوردستان بوون. هێزێکی تاریک بیر تەیار بە چەکی قیزەون ومەترسیداری ئایینی ئیسلام کە خومەینی و بڕیارەکانی خومەینیان بە بڕیاری خوا دەزانی و لە هیچ تاوانێک بەدژی کوردستان نەپرینگانەوە. هێرشێکی ناڕەوا کە لە لایەن خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان شکستی هێنا. خەڵکی کوردستان بە ژن و پیاو و پیر و لاوەوە لە بەرامبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستان و سوپای جەهل و نەزانیان بە چۆک داهێنا کە لە ئاکام دا خومەینی دانی بە شکستی خۆی داهێنا و ریسوا بوو، خەڵکی کوردستان مێژویەکی پڕشنگداریان بۆ خۆیان تۆمار کرد. لەو کاتەوە تا بە هەنووکە دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی زراوی لە خەڵکی کوردستان چووە و هەموو هەولەکانی خۆی خستە گەڕ تا کوردستان لە بواری ئابووری و سیاسی تەریک بکاتەوە. کوردستان کە خاوەنی هێزی کاری کارامە و نوخبەیە هەمیشە بەچاوی هەڵاواردنەوە چاوی لێ کراوە و قەت دەسەلات نەیهێشت بوژانەوە بە خۆیەوە ببینی. دوای شکستی خومەینی و دەسەڵاتەکەی لە کوردستان ڕەشبگیری و کوشتن وبڕینی خەڵک دەستی پێکرد، تا بەڵکوو بتوانن فەزایەکی ترس و تۆقاندن بخوڵقێنن و پاشەکشە بە خەڵک و جیابیران و ئازادیخوازان بکەن. پیلانێک کە تا بە ئێستا گەیشتووە شکستی خواردووە و کوردستان هەمیشە لە بەرامبەر ڕژیم و دەسەلاتە نەگریسەکەی خاوەن هەڵوێستی شٶڕشگێرانە بووە و “نا” ی وتوە بە دەسەلاتی ئایینی و سەدە ناوەراستی و دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران. رەشبگیری، ئێعدام، ئەشکەنجە، دیاردە کۆمەڵایەتیەکان، یاسای دژە مرۆڤ و زیندان و سەرکوت و زەبروزەنگ هەردەم دیاری ڕژیم بووە بۆ خەڵکی کوردستان، ئەو ڕەوت و سیاسەتە نامرۆڤانە تا بە هەنووکە هەر بەردەوامە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی سەرەڕۆیی و ملهوڕی و سیاسەتە شەڕانگێزانەکانی لە دنیای دەرەوە گوشارێکی زۆری لەسەر بووە کە هەمیشە دوکەڵی ئەو سیاسەتانە چووە چاوی خەڵکەوە. رژیم بۆ ئەوە سەرپۆش لەسەر سیاسەتە شەڕانگێز و دژە مرۆڤەکانی خۆی دانێ و ئەنگوستی تاوان بۆ لای لایەنە ئازادیخوازەکان راکێشێ و کێشە و گرفتەکانی پەردەپۆش بکا جارێکی تر وەکوو سالانی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی دەستی کردووە بە گرتن و ئیعدام و ڕەشبگیری ئازادیخوازان. لە ماوەی یەک مانگی رابردووە تا بە ئێستا دەگا، دەیان چالاکی مەدەنی و یەکسانیخواز و بەرابەری تەڵەب لە لایەن دام و دەزگای سەرکوتەوە بە دیل گیران و حوکمی ناڕەوایان بەسەردا دەسەپێ و بێ سەوشوێن دەکرێن. ڕژیم کە خەریکە ئاخر پەلەقاژەکانی دەهاوێژێ هار بووە و دەرەقەتی قەیرانە ئابووریەکانی نایە و ناڕەزایەتی ومانگرتنەکانی خەڵک تەنگیان پێ هەڵچنیوە، بۆیە خەریکە بە توندوتیژی و زیندان و ڕەشبگیری وەلامی داخوازی خەڵک دەداتەوە، پیلانێک کە دەمێک سالە بۆ خەڵک ڕوون بووە و ناتوانێ خەڵک لە داواکاری مافەکانیان پاشگەز بکات. خەڵکی ئێران لە بواری شۆڕش و خەبات بە دژی دیکتاتۆری ئەزمونی چەندین ساڵەیان هەیە و کۆماری ئیسلامی بەوە گەیشووە کە پایەکانی دەسەلاتی لەرزۆک بووە و بەرەو داڕمان دەڕوا. دوای هاتنی ڤایروس و نەخۆشی کۆڕۆنا کە دەسەڵاتی سەرمایەداری شەرمەزار کرد لە بەرامبەر قەیرانەکان و گیانی مرۆڤەکان وڵاتانی رۆژئاوایی بە بیانوی پێشگیری لە پەرەسەندنی کۆڕۆنا تا ڕادەیەک توانیان شۆڕشی خەڵک هێور بکەنەوە و رەوتی ڕوداوەکان و ناڕەزایەتیەکان بەپێی ویستی خۆیان بگۆڕن، بەلام هەروەک بینیمان سەرەڕای زەبر و زەنگ و گۆشاری ڕژیم بزوتنەوەی کڕێکاری و نارەزایەتیەکان لە ئێران نەتەنیا پاشەکشەی پێ نەکرا، بەڵکوو بە داخوازی زیاتر و ئەکتیڤتر و بە ڕێکخستنی باشتر ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکە پەرە دەستێنێ و کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا داهێناوە. بۆیە کۆماری ئیسلامی کە دەسەلاتێکی دیکتاتۆو و خوێنڕێژە باش  درکی ئەوە دەکات کە کۆتایی دەسەلاتەکەی نیزیکە و وەک هەموو دەولەتە دیکتاتۆرەکانی مێژوو لەناو دەچی. بە هیوای نەمانی کۆماری ئیسلامی و هاتنە ئارای سیستمێکی مرۆڤتەوەر و یەکسان و ئازاد کە مرۆڤەکان مافی وەک یەک و ژیانی ئاسودەیان هەبێ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.