گیراوەکانی هەولێر و بادینان و تۆمەتی سەرۆک پێش دادگایی! عەبدوڵا مەحمود

0

گیراوەکانی هەولێر و بادینان و تۆمەتی سەرۆک پێش دادگایی!

عەبدوڵا مەحمود

نزیکەی شەش مانگە بەسەدان کەس لەلایەن هیزە ئەمنیەکانی پارتییەوە رفێنران و دەستگیر کراون. ئەم دەستگیرکراونە پیکهاتوون لە مامۆستا، رۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی، رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتییە جەماوەریەکان و بەشدار لە خۆپیشاندانەکاندا. هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو سەدان کەسە، تەنها و تەنها لەسەر هاتنەمەیدانیان بووە لەپێناو داخوازییە زۆر سادەو رەوکانیان کە داواکاری موچە و نارەزایەتی دەربرین بووە بە لێبرینی موچە….

لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا، هیچ کام لەو دەستگیرکراوانە دادگای نەکراون و هیچ بەڵگەیەکی یاسایشیان لەسەر هیچ تاوانێک! لەسەر ساغ نەبۆتەوە و لەراستیدا تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، ئەوە نەبێت بە دژی تاوانی دەسەڵات کە موچە بڕین و سەرکوتە هاتوونەتە مەیدان.

بەجیا لەوەی ئەو گیراوە سیاسیانەی هەولێر و بادینان، لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا هیچ تاوانیکیان ئاراستە نەکراوە و بەو هۆیەشەوە دادگایی نەکراون، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، دوای شەش مانگ راگرتنیان لە زیندان، تۆمەتی سیخوری و تیکدەری دەداتە پاڵیان… بەمەش وەکو پیشەیی هەمیشەییان، دوبارە سیناریۆ ئامادەکانیان بەشێوی دڵخوازانە بۆ شکاند و لەکەدارکردنی ناڕازیان بەکاردەهێنن.

دەسەڵاتی تۆمەتبار بەدزی و تاڵانی ئاشکرا و سەرکوت و خۆشخزمەتی و پیشلەشکری ئاشکرا بۆ وڵاتانی دیکتاتۆری ناوچەکە، و هەوڵدانی بۆ کڵۆمدانی پەراوێزەکانی ئازادی، بە هێشتنەوەی ٦ مانگ لە دەستگیرکراوەکان بێ ئەوەی دادگاییان بکات، و پاشانیش تۆمەتی سیخوری و تێکدەردانە پاڵیان، تاوان و سوکایەتیەکی ئاشکرایە بە هەموو یاساو رێسایەک کە کەمترین رێز بۆ ئینسان دابنێت. ئاخر ئەگەر ئەو دەستگیرکراوانە بەپێی دادگا و یاسا، لەماوەی ٦ مانگدا هیچ تاوانیانیکیان ئاراستە نەکرابێت و دادگایی نەکرابن،  چۆنە ئیستا بە سیخور و تیکدەر تۆمەتباریان دەکەن؟

ئەم تۆمەتەی سەرۆکی حکومەت، کە ئاراستەی زیندانییە سیاسیەکانی هەولێر و بادینانی دەکات، بەرلەوەی تۆمەتێکیان لە دادگادا بەسەردا ساغ بووبێتەوە، خۆی تاوانە، کە یەکێتی و گۆرانیش دەکاتە هاوبەشی ئەو تۆمەتە بێ بناغەیە. کە دیارە بێ دەنگی یەکێتی و گۆڕان لەبەرامبەر دەستگیرکردنیان، نیشانەی ئەوەیە ئەو دوو حزبە چاوتیرنەبووە لە پۆست و داهات، واژۆکارانی ئەو تۆمەتە ناڕەوایەشن.

لێنەپرسینەوە لە زیندانیان بۆ ماوەی شەش مانگ و رادەست نەکردنیان بە دادگا، پاشان تۆمەت خستنە پاڵیان سزایەکی یەکجار بێ پاساو و نایاساییە، کە وینەی تەنها لە رژێمە چنگ بەخوێن و دیکتاتۆرەکانی میژوودا هەیە…

پارتی بە رفاندن و دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان و ناڕازیان و پاشان هێشتنەوەیان بێ دادگایی بۆ ماوەیەکی زۆر، و لەوەش زیاتر تۆمەت بەخشینەوە بۆ دریژەدان بە راگرتنیان لە زیندان، دەیەوێت هەموو هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە جەماوەریی و نارەزایەتیەکان بترسێنی، لەوەی دەست بۆ داواو مافەکانی خۆیان ببەن و نارەزایەتی وەرێبخەن.

جەماوەری ئازادیخواز و هەموو کەس و لایەنێکی سیاسی و جەماوەری و ئینسان دۆست، پیویستە لەبەرامبەر بەو سیاسەتە دژە ئازادی و دژە یاساییەی پارتی و تۆمەتە پوچەکانیان بێدەنگ نەبن، و داوابکەن بەزوترین کات ئەو زیندانیانە ئازاد بکرێن و هاوکات قەرەبووی ٦ مانگ هیشتنەوەیان بێ دادگایی و شکاندی کەسایەتیان بە تۆمەت خستنە پاڵ بەسەردا بسەپێنن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.