توندوتیژی هزری دژی ئافرەت نووسینی: ڤیان سلێمان

0

توندوتیژی هزری دژی ئافرەت

نووسینی: ڤیان سلێمان

توندوتیژی دژی ئافرەت وەک پرۆسەیەک بە شێوەی دیار و شاراوە و بە چەندین جۆر لە ناو کۆمەڵگەدا پیادە دەکرێت و ، زیان بە ھۆش و بیر، دەرون، جەستەی ئافرەت دەگەیەنێت. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر جۆرێک لە توندوتیژی، ئەویش توندوتیژی ھزریە لە دژی ئافرەت، ئەم جۆرەی توندوتیژی بریتیە لە بڵاوکردنەوەی جۆرە بیرورایەک لە نێو کۆمەڵگەدا، کە رەوایی دەدات بە پیاو، کە پێشەنگ بێت و بیرورای زاڵ بێت و بەکەم لە بیرورا و، توانای ئافرەت بڕوانرێت و ھانیان دەدات بۆ توندوتیژی  و بەربەرەکانێی بیری یەکسانیخواز، ھەروەھا ئەم جۆرەی توندوتیژی  ھەموو ئەو فاکتەرانە لەخۆ دەگرێت، کە کاریگەری نەرێنی دائەنێن لەسەر ئاست و شێوازی بیرکردنەوەی ئافرەت و، رێگر دەبن لە نەشونمای فیکری و پەروەردەیی و  گەشەسەندن و پێگەیشتنی تا دەگاتە پاسیڤ بوون .

   دەرونناسی ئەمەریکی (سکینەر) دەڵێت “توندوتیژی لە ھزرەوە سەرچاوە دەگرێ و پاشان دەبێتە زارەکی و پاشان کردەیی” کەواتە زۆربەی رەفتارە توندوتیژیەکان بەرھەمی ھزری توندوتیژن، ئەوەش زانراوە کە پێکەوەبەستنێک ھەیە لە نێوان ھزری مرۆڤ و ھەست و ھەڵسوکەوت و رەفتاری، رەفتاری مرۆڤیش تەنھا بەرھەم و رەنگدانەوی هەلومەرجی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ھزری مرۆڤە، دەکرێت ئەم ھزرەش لە بری چاندنی توندوتیژی و تێروانینی جیاکاری بەرامبەر ئافرەت، یەکسانی و ھاودەردی و گیانی پێکەوەیی و تەواوکاری و خۆشەویستی تێدا بچێنرێت، توندوتیژی ھزری لەبەرئەوەی فیزیکی نییە و ئاسەوارەکانی لەسەر جەستە دەرناکەون، بۆیە کەمتر ھەستی پێدەکرێت تەنانەت لەلایەن ئافرەتیش، لە کاتێکدا، کە ئەم جۆرە لە توندوتیژی سەرەتایەکە بۆ ھەموو جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی، چونکە لە کاتێکدا، کە ئافرەت بیرورای خۆی دەردەبرێت و پێداگری لەسەر دەکات روبەرووی توندوتیژی جەستەیی دەبێتەوە، ئەمەش نمونەیەکی سادەیە بۆ ناسینی ئەم جۆرە توندوتیژییە.

ئاکامەکانی توندوتیژی ھزری دژی ئافرەت زۆرن و کاریگەری نێگەتیڤیان ھەیە لەسەر باری دەرونی ئافرەت و دواکەوتویی ئاستی ھۆشیاری و پێگەیشتوویی  کۆمەڵایەتی و ویژدانی لای ئافرەت، کە ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر کۆی کۆمەڵگە دەبێت، چونکە ئافرەت رەگەزێکی سەرەکی کۆمەڵگەیە و، ھیچ کۆمەڵگەیەکیش گەشە ناکات ئەگەر ئافرەتانی توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت و رێگەیان لێبگیرێت کە ماف و ئازادی یەکسانیان ھەبێت بەرامبەر بە پیاو، ھەروەھا ئافرەت گرنگترین پێگەی ھەیە لە کۆمەڵگەدا، کە ئەویش دایکایەتیە ھەر ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبون و نەمانی ئاشتەوایی لەناو خێزان و ناکۆکی بەردەوام و لێکترازانی خێزان .

بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ھزری دژی ئافرەت کارێکی زۆر و، ماوەیەکی زۆری دەوێت، چونکە ئەم جۆرە لە توندوتیژی لە ھەموو جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی بەرفراوانترەو زیاتر لەناو کۆمەڵگەدا رەگی داکوتاوەو، و بنچینەیە بۆ جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی، گرنگترین خاڵیش، کە پێویستە لێیەوە دەستپێبکرێت بڵاوکردنەوەی ھۆشیارییە لەناو ئافرەتاندا دەربارەی ماف و چۆنیەتی داواکردنی ماف و بەدەستھێنانی، لە رێگەی بەربەرەکانێی ھزری پیاوسالاری، نەوەک خودی پیاو، لە ھەمان کاتیشدا دەزگا حکومیەکان کە تایبەتن بە بواری مافی مرۆڤ کارا بکرێن و، پێداچونەوە بە سیستەمی پەروەردە بکرێت لە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و سەرجەم دامودەزگاکانی پێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی ئەو نایەکسانیەی لە نێوان ئافرەت و پیاودا ھەیە نەمێنێت و ھەردوو رەگەز لە رۆڵ و بەرپرسیاریەتیدا ھاوتا بن و ھەموان بە ئارامی و ئاشتەوایی پێکەوە لە کۆمەڵگەیەکدا بژین کە مرۆڤ تێیدا سەروەر بێت…

Leave A Reply

Your email address will not be published.