غەفور نادر هیرانی: هەمووكەس دەزانێت كێشەی خەڵكی كوردستان هیچ پەیوەندی بە بابەتی ناوەند و نا ناوەندێتی حكومڕانیەوە نییە. قاچاخی نەوت، گومرگی سنورەكان، باج، بەهەدەردانی زەوی‌و زار، ئەو هەموو جەمسەرە زلانەی دەسەڵات لێرە كێشەیە، نەك لامەركەزیەت…

0

غەفور نادر هیرانی: هەمووكەس دەزانێت كێشەی خەڵكی كوردستان هیچ پەیوەندی بە بابەتی ناوەند و نا ناوەندێتی حكومڕانیەوە نییە. قاچاخی نەوت، گومرگی سنورەكان، باج، بەهەدەردانی زەوی‌و زار، ئەو هەموو جەمسەرە زلانەی دەسەڵات لێرە كێشەیە، نەك لامەركەزیەت…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز غەفور نادر هیرانی؛ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان سەبارەت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پرسی لامەرکەزی.

 بۆپێشەوە: ئایا بە هەرێمکردنی زۆنی سەوز، قەبارەی دەسەڵاتی هەرێم بچوک ناکاتەوە؟ و دەسەڵاتی بەغدا لەبەرامبەر هەرێمدا زۆر ناکات؟

غەفور نادر هیرانی: هەرچەندە بەهەرێمكردنی سلێمانی بەوشێوەیەی كە باسدەكرێت، زیاتر وەكو ئەوە وایە كورستان بكرێتە دوو قەوارە، چونكە لەگەڵ خۆیدا، باس لە بەرێوەبردنی سامانی ژێر زەوی‌ و سەر زەویشە, پێموایە لەڕووی دەستوورییەوە ئیشكالیەتی زۆری هەیەو یاساناسان ڕەئی جیاوازو ناكۆكیان لەسەری هەیە، كوردستان جگە لە هەیمەنەی دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەت (توركیا-ئێران) لە ژێرچاودێری ئەمریكادایە. سەرنج بدەینە ئەو هاوكارییە ماددیانەی ئەمریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو قەوارەی دەستووری لە دوای ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، بۆمان دەردەكەوێت كە بڕیارێكی ئاوا، بێهەڵكردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریكا كارێكی مەحاڵەو ڕەنگە بۆ یەكێتی كە دەسەڵاتی ڕەهای زۆنی سەوزی هەیە، خۆكوژییەكی سیاسیی بێت.

  بەڵام لە بنەڕەتدا ئەگەر ئەوە سەربگرێ‌، وەكو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت، ئەوا قەوارەی كوردستان نەك هەر بچووك دەكاتەوە، بەڵكو نزیكی دەخاتەوە لە نەمان. بێگومان ئەوە دەرفەتی سیاسەتی (پەرتكەو زاڵبە)ی، زیاتر بەناوەند دەدات‌ و لە داهاتوودا بەرێگەی بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانییەوە دەتوانێت هەیمەنەی خۆی بەسەر هەردوو زۆنەكەدا زاڵ بكات. دەسەڵاتی ناوەند بەشێوەیەك بەسەر هەرێم زیاد دەبێت، دوور نییە قەوارەكەی خراپتر لە ناوچە سوننە نشینە عەرەبەكانی بەسەربێت، ئەوان وەكو عەرەب ڕەنگە هاوسۆزیی دەوڵەتانی عەرەبییان لەپشت بێت، بەڵام كورد كە ئەوەی نییە، تەنها دەبێت خەریكی كەمپین‌و پاڕانەوە بێت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا تا فریای بكەون، بێگومان بەهۆی ئەزموونی ناشرینی حكومڕانیشیان ئەو هاوسۆزییە نێودەوڵەتییە وەكو جاران نەماوە.

بۆپێشەوە: بیرۆکەی بەهەرێمکردنی زۆنی سەوز، کاردانەوەیە بەرامبەر بە دەستڕۆیشتوویی پارتی؟ یان پرۆژەیەکە بۆ گەشەپێدانی زۆنی سەوز؟

غەفور نادر هیرانی: هەرگیز ئەو بیرۆكانە بۆ گەشەپێدانی زۆنی سەوز نییە، ڕاستە خەڵكانێكی دڵسۆز كە نائومێدبوونە لە گەشەكردنی ئەو زۆنە‌و پێیانوایە، یاخود دەیانەوێت بڵێن، هۆكارەكەی تەنیا هەیمەنەی پارتییە بەسەر كایەی ئیدارەدانی حكومەت، بەڵام یەكێتی زۆرباش لەوە تێدەگات كە ئەسڵی كێشەكە لەناو خۆیدایەو ئەو بەشە بودجەو پارەیەی كە وەریدەگرن ناچێتە گیرفانێكی ئەمینەوەو جەمسەرە جیاوازو زۆرەكان لەبەرژەوەندی خۆیان بەكاریدەهێنن، ئەوەش بەو مانایە نییە كە خەڵكی بادینان‌و هەولێر لەوپەڕی ریفاهیەتدان‌و كێشەیان نییە. پێموایە كێشەكانی ئەوانیش زۆرەو ناڕەزایەتی و توڕەیی لەوێش زۆر زۆرە.

زۆنی سەوز بە لامەركەزی گەشە ناكات، خەڵكی كوردستان ‌و  هیچ كەس  چیرۆكە سكانداڵیەكەی مەلا بەختیاری سەبارەت بە (ژیرزەمینی پڕ لەپارە)ی بەرپرسانمان لەیادنەچووە. من لە قەزایەك دەژیم ٤٤١ دۆنم زەوی نیشتەجێبوون تەنها لەسەر یەك سەرمایەداری نزیك لەخۆیان تاپۆكراوە، و ئێستاش بە پارچە پارچە خەڵكی دەیفرۆشێتەوە. ئیدی ئەوە نموونەیەكی زۆربچووكە لەناو ئەو هەزاران چیرۆكی تاڵانكردنەی كە لەو ئیدارەیەو هەموو كوردستان دەگوزەرێت. ئەو سامانە زۆرەی لەبەردەستی تاك بەتاكی بەرپرسیانی ئێرە دایە، دەتوانن زۆنێك دروست بكەن، خەڵكی بادینان و هەولێر هانبدات كە لە نموونەی ئێرەیان بۆ بگوازرێتەوە، ئەو پاشا گەردانیەی ئێرە جورئەتی ئازادیخوازان‌و خەڵكی مەغدوری زۆنی زەردیشی لاواز كرد و مەئیوسی كردن.

 بۆیە پێموایە هەم كاردانەوەیەو هەمیش فشار بەرامبەر پارتی، بۆ پچڕینی پۆست و پارەی زیاتر، یاخود گریمانەی هەندێ لە سیناریۆی ڕەش كە لە داهاتوودا لەو زۆنە ڕەنگە ڕووبدات. بەڵام ئەگەریش ویستی خزمەتكردنی خەڵك بایە، بەو دەسەڵاتە زۆرەی لێرە هەیانە دەیانتوانی ئەو زۆنە بكەنە مەئوایەكی زۆر ئارام‌و دڵخۆشكەر.

 لایەنێكی تریش ئەوەیە، بەڕای من هەلومەرجی دەروونی ناو یەكێتی لەدوای كۆنگرەش تۆكمەو ئاسودە نەبووە، ڕوئیای زۆر جیاواز لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ شێوەی پەیوەندی هەرێم ‌و ناوەند هەیە، ئەگەر دیقەت بدەین، هەمان نەخۆشی جەستەی سیاسی بزووتنەوەی كوردایەتی لە شەستەكانی سەدەی بیستەمەوە تا ئیستاش بەردەوامە. ئەوەی ئێستاش زیاتر خۆی بە ئیدارەدانی مەلەفی نەوت‌و گازی هەرێمەوە بەرجەستە دەكات، كە بەپێی زانیاریەكان سنوری دەسەڵاتی یەكێتی خاوەنی یەدەگێكی زۆری گازی سروشتییە بەبەراورد بە زۆنی زەرد، ئەوەش ڕوئیای  بەشێك لە سەركردایەتی ئەو حزبەی بۆ شێوەی بەرێوەبەردن گۆڕیوە، هەروەكو چۆن لە ١٦ی ئۆكتۆبەریشدا هەمان بیرۆكە بەشێوەی سەربازی خۆی بەرجەستەكرد، ئەگەر ئەوە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بە دووری نازانم ئۆپەراسیۆنێكی هاوشێوەی كەركوك لە دژی سەرچاوە سروشیتەكانی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی یەكێتی‌و هێزە عێراقیەكان ئەنجام بدرێت، هەر ئێستاش لە ڕووی میدیاییەوە دەروونی خەڵكی لەگەڵ ئامادە دەكرێت.

بۆپێشەوە: بەکردەوە دەسەڵاتی زۆنی سەوز بە داهات و دەسەڵات و دەزگای ئەمنیەوە، بەدەست یەکێتی نیشتیمانیەوەیە، کێ دەستی یەکێتی گرتووە، کە مۆدیڵێکی باشی فەرمانرەوایی و خزمەتگوزاری پێشکەش بکات و ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان، زامن بکات؟

غەفور نادر هیرانی: هەروەكو لەسەرەوە باسمكرد، ئیشكالیەتەكە لە ئاسۆیی ‌و هەرەمی بوونی… ئیدارەدا نییە، بەڵكو لە شێوازی بەرێوەبردنیدایە، پارتییەك لە سلێمانی دەسەڵاتی گۆڕینی پۆلیسێكی نەبێت‌و یەكێتیەكیش لە زۆنی زەرد بەهەمان شێوە. لەولاشەوە بودجەو سەرچاوەیەكی بێشوماری داهات لەم زۆنە هەیە كێ ڕێگری لێكردوون خزمەت بكەن؟ من پێموایە كارەكتەرەكانی مەیدانی كەمپینی لامەركەزی جورئەتی لامەركەزیكردنی گیرفانی یەكێتییان لەگەڵ حكومەت نییە، چۆن دەتوانن ئیدارەیەكی شێوە لامەركەزی بۆ خەڵك دەستەبەر بكەن؟.

بۆپێشەوە: لامەرکەزی ناوەندێتی دەسەڵات لاواز دەکات و دەسەڵاتی خۆجێیی زیاد دەکات، تاچەند لاتان وایە دەسەڵات لە کوردستان، مەرکەزیی بووە، تا ئێستا پێویست بکات، بکرێتە لامەرکەزی؟

غەفور نادر هیرانی: پارتی و یەكێتی وەكو دوو شەریكی حكومڕان لە كارنامەی پێكهێنانی حكومەتدا، باسیان لە لامەركەزیەت كردووە، لەو كارنامەیەدا ئەگەر جێبەجێبكرێت، هیچ یەك لەو كێشانەی پەیوەندی بە ڕۆتین‌و مەركەزیەتی قەراری ئیداری ناهێڵێت، بەڵام لە بنەڕەتدا كێشەكە سیاسییە و خۆی لە لامەركەزیەتیدا بەیان كردووە، بەوە دەتوانن لایەنی كەم بتوانن لە دەورەی داهاتووی هەڵبژاردنیشدا ئەبدەیتی عەتفی جەماوەری خۆیان بكەنەوە. لەلایەكی دیكەوە ئەسڵ ڕووئیای سیاسییە، هەمووكەس دەزانێت كێشەی خەڵكی كوردستان هیچ پەیوەندی بە بابەتی ناوەند و نا ناوەندێتی حكومڕانیەوە نییە. قاچاخی نەوت، گومرگی سنورەكان، باج، بەهەدەردانی زەوی‌و زار، ئەو هەموو جەمسەرە زلانەی دەسەڵات لێرە كێشەیە، نەك لامەركەزیەت، من پیموایە یەكێتی وەكو چۆن لە پەیكەری حزبیدا نەیتوانی تەجاوزی پارتی بكات، بەهەمان شێوە لە ئیدارەدانیش بە تەواوی  فەشەلی هێناوە. بۆ یەكێتی لەهەمووشت گرنگتر لامەركەزیەتی داهاتەكانی ژێر دەسەلاتی خۆیەتی، نەك لامەركەزیەتی ئیدارە لەهەرێم. ئێمە وەكو خەڵكی ئەو زۆنە دەبینین، مۆنۆپۆل لە لوتكەدایە، یاری بەهەموو سامانی ئەو میللەتەوە دەكرێت، لەولاشەوە بەرپرسیانیان وەكو شەخس ئیمتیاز دەبەشنەوە لایەنگرانی خۆیان‌و وەكو كەس هاوكاری پڕۆژەكان دەكەن، ئێستا لێرە كێشە ئەوەیە، ئەو داهاتەی كە دەبوو بەدەست حكومەتەوە بێت‌و بچێتە خەزێنەكەی، دەچێتە گیرفانی حزب و هەر بەرپرسەو بەجیا بەسەر لایەنگران‌و دۆستانی خۆی تەخشانی دەكات.

بۆپێشەوە: بە کردەوە کوردستان دوو ئیدارەیە، کە هەر یەکەیان دەسەڵاتی حزبێک بەڕێوەی دەبات، کەوایە پرسی جیاکردنەوەی زۆنی سەوز گرنگیەکەی لە چیدایە؟

غەفور نادر هیرانی: بێگومان كوردستان لە جەوهەردا دوو ئیدارەیەو هیچ یەك لەوان ناتوانێ‌و دەسەڵاتی گۆرینی پۆلیسێكیان نییەو تەنانەت زۆر راستە، تێگەیشتن لەو سەرئێشەیەی ناویان ناوە لامەركەزیەت، پێویستی بە هیلاككردنی مێشك نییە، من پێموایە ئەو جۆرە لامەركەزیەتە ئەگەر وەكو ئەوەی دیعایەی بۆ دەكەن سەربگرێت، لێكەوتەیەكی دیكەی خراپیشی هەیە ئەویش ئەوەیە، كوردستان بەتەواوی لەسەر دوو حزب و لەناویشیدا دوو بنەماڵە بەتەواوی تاپۆ دەكات، هەموو مەسەلەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن‌و تەداولی دەسەڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە ئەگەر پێشتر تۆزە ئومێدێكیش هەبووبێت، لەدوای ئەو پرۆسەیەوە دەبێتە سەراب. خەڵكی كوردستان زۆر هیلاكەو بەشداری سیاسیی ڕۆژ بەڕۆژ ناچالاك دەبێت، ئەو پرۆسەیەش خەڵكی تووشی غوبن دەكات‌و بەتەواوی مەیدان بۆ هێزە ئیسلامیەكان دەكاتەوەو شكستی ناسیۆنالیزم دەكەنە هۆكارێك بۆ بەهێزكردنی خۆیان، ئەوەش لە غیابی كۆمەڵێكی هۆشیارو بێهێزی بەرەی چەپ‌و ئازادیخوازان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.