دیمانە لەگەڵ د. مێژوەرد نەجمەدین کەریم، یەکێک لە پێکهێنەرانی تۆڕی هاوکاری تەندروستی… سەبارەت بەچۆنیەتی پێكهاتن، ئامانجەکان، کارەکانی، سەرچاوەی دارایی…

0

دیمانە لەگەڵ د. مێژوەرد نەجمەدین کەریم، یەکێک لە پێکهێنەرانی تۆڕی هاوکاری تەندروستی…

سەبارەت بەچۆنیەتی پێكهاتن، ئامانجەکان، کارەکانی، سەرچاوەی دارایی…

 بۆپێشەوە: بیرۆکەی پێکهێنانی تۆڕی هاوکاریی تەندروستی چۆن دەستی پێکرد و لە کێ پێکهاتووە؟ هەر لە سلێمانی پێكهاتووە، یان لەشارەکانی تریش؟

مێژوەرد نەجمەدین: بارودۆخی نالەباری کۆمەڵایەتی و ئابووری ئێستای خەڵکی کوردستان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ پێکهێنانی تۆری هاوکاری تەندروستی .

ئەم تۆرە  بەشێکە لە تۆری هاوکاری کۆمەڵایەتی، کە ساڵی ۲٠۲٠ بەهۆی بارودۆخ و  گوزەرانی نالەباری خەڵکی کوردستان لە کاتی نەخۆشی کۆرۆنا لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان ڕاگەیەنرا. تۆڕی هاوکاریی تەندروستی تەواوکەری کار و ئامانجەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتیە بەو پێیەی کە کێشەی خەڵکی هەژار و نەداری کوردستان تەنها لایەنی ئابووری نییە، بەڵکو یەکێک لە کێشە گەورەکان مەسەلەی وێران بوونی کەرتی تەندروستی و تەندروستی خەڵکە، ئێمە لە سەرەتای کار و دروستکردنی ئەم تۆڕە تەندروستیەین، لە هەوڵداین زۆرترین پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لەم پڕۆژەیەدا پێکەوەبین، بەڵام لە ئێستادا ئەم تۆرە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک پزیشک و کارمەندی تەندروستی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، کە لە زۆر ناوچە و شارەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بۆ نمونە (ئەڵمانیا، ئوستورالیا، بەریتانیا، سویسرا ) ئەندام و هاوکارمانن.

بۆپێشەوە: ئامانج لە پێکهێنانی تۆڕی هاوکاریی تەندروستی چییە؟

مێژوەرد نەجمەدین: ئامانجمان گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستییە بەکەسانی هەژارو کەمدەرامەتی ناو شارەکان و لادێکان و شوێنە دوورە دەستەکان، کە هەژاری وای لێکردون نەتوانن دەستیان بگات بە هیچ چارەسەرێکی تەندروستی، ئامانجمانە گیانی هاوکاری لە کۆمەڵگەدا بەهێز بکەین و هاودڵی و بەتەنگەوەهاتنی بەشی هەژاری کۆمەڵگەی کوردستان، فراوانتر بکەینەوە، هۆشیاری تەندروستی ببەینە ئاستێکی باشتر .

بۆپێشەوە: تۆڕی هاوکاریی تەندروستی چۆن هاوکاری خەڵکی کەم دەرامەت و هەژار دەکات؟ 

مێژوەرد نەجمەدین: تۆرەکەمان لە هەوڵدایە لە ڕێگەی تیمی گەڕۆکی پزیشکی بە تایبەت بۆ ئەو شوێنانەی کە ئاسان دەستیان بە توانایی پزیشکی ناگات و دانانی کلینیکی بێبەرامبەر کە بە پێی تواناییەکانمان خەڵکانی کەم دەرامەت لێی سودمەندبن وە ناردنی ئەو نەخۆشانەی لەڕێگەی هەردوو تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی و تەندروستیەوە بۆ ئەو کلینیک و شوێنە تایبەتە پزیشکییانەی کە هاوکاری تۆرەکەمانن، وە ئەمانەوێ (پشکنین، نەشتەرگەری، دەرمان) ی  بێ بەرامبەر بگەیەنیینە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکارییە.

بۆپێشەوە: هاوکاری خەڵکی نەخۆش و کەم دەرامەت، پێویستی بە ئیمکاناتی مادی و تەندروستی هەیە، سەرچاوەی ئیمکاناتی مادی و تەندروستی ئەم تۆڕە کوێێە؟

مێژوەرد نەجمەدین: تۆڕی هاوکاریی تەندروستی لەلایەن چەند پزیشکێکی دەرەوەی کوردستان، بڕێکی زۆر کەرەستە و ئامێری پزیشکی پێشکەش کراوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ دانانی کلینیکەکەمان بگاتەوە کوردستان، تا ئێستا گەورەترین هاوکارییە  بۆ تۆرەکەمان، وە هەروەها لە هەوڵداین پەیوەندی بکەین بە هەندێ کەسایەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە‌کانەوە، ئەوانەی لەم بوارەدا کار و هاوکاری دەکەن، ئەمە بێجگە لەوەی پێشوازییەکی زۆر لەلایەن کارمەندانی تەندروستیەوە لە تۆڕەکەمان کراوە و ئامادەییەکی گەورەی پشتیوانی و کاری خۆبەخشی نیشاندراوە،  لێرەوە ئەمەوێت زۆر سوپاسی هەموو ئەو کەسە مرۆڤدۆستانە بکەم کە هاوکارمانن. ئێمە ڕێکخراوێکی بێلایەنین بۆیە سوپاسی هەر کەس و لایەن و ڕێکخراوێک  ئەکەین کە هاوکاری مادیمان بکات بۆ خزمەتی زیاتری خەڵکی کوردستان و لەڕێگەی ئێمەوە هاوکاری تەندروستی بگەیەنێتە نەخۆشی کەمدەرامەت.

بۆپێشەوە: کەسانێک کە پێویستیان بە ڕینوێنی و هاوکاری تەندروستی ئێوە بێت چۆن و لە چ رێگایەکەوە، دەتوانرێت پەیوەندی بە تۆڕەکەتانەوە بکات؟

مێژوەرد نەجمەدین: ئەو کەسانەی پێویستیان بە یارمەتی ئێمەیە دەتوانن لەڕێگەی ئەو ژمارە مۆبایلانەی کە لەسەر پەیجی فەرمی تۆرەکەیە، یان لەڕێگەی نامە ناردن بۆ  پەیجەکەمان، یان لەڕێی ئیمەیڵی تایبەت بە تۆرەکەمان، هەروەها لە ڕێگەی تۆڕەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتیەوە کە لە زیاتر لە دە شار و ناوچەی کوردستان هەیە ، پەیوەندیمان پێوە بکەن و زانیاری تەواومان پێبدەن لەسەر نەخۆشەکە .

د. مێژوەرد نەجمەدین کەریم . تۆڕی هاوکاریی تەندروستی 

پزیشکی پایە بڵندی فریاکەوتن / نەخۆشخانەی شار 

خوێندکاری بۆردی کوردستانی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان

Leave A Reply

Your email address will not be published.