زانیار وەلی: ئەگەر خەڵکی ئەم زۆنە بە خواستی خۆیان هەرێمێکی نوێ دروست بکەن و ڕۆڵیان تێیدا هەبێت و بتوانن چارەسەری ئەو قەیرانانە بکەن کە پێوەی گیرۆدەن، ئەوە بژاردەیەکی باش دەبێت بۆ خەڵك…

0

زانیار وەلی: ئەگەر خەڵکی ئەم زۆنە بە خواستی خۆیان هەرێمێکی نوێ دروست بکەن و ڕۆڵیان تێیدا هەبێت و بتوانن چارەسەری ئەو قەیرانانە بکەن کە پێوەی گیرۆدەن، ئەوە بژاردەیەکی باش دەبێت بۆ خەڵك…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز زانیار وەلی توێژەری زانستی لە زانکۆی کۆیە، سەبارەت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پرسی لامەرکەزی.

بۆپێشەوە: بە هەرێمکردنی زۆنی سەوز، دەتوانێت  گرفت و کێشەکانی ئەو زۆنە چارەسەر بکات؟

زانیار وەلی: بابەتی بەهەرێمکردنی زۆنی سەوز، یاخود لامەرکەزی ئیداری دوو بابەتی جیاوازن. تا ئێستا ڕوون نییە ئەوەی لە ئارادایە هەوڵێکە بۆ (بە هەرێمکردنی زۆنی سەوز) یاخود لامەرکەزیی ئیداری وەك ئەوەی ناوی لێندراوە. ئەگەر مەسەلە بە هەرێمکردنی ئەو زۆنە بێت، ناتوانێت کێشە و گرفتەکانی ئەو ناوچەیە چارەسەر بکات، لەبەر ئەوەی دوو پارت لە پێکهێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو پارتی سەرەکی پێکهێنەری ئەو حکومەتە (یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان)ن، کە هەردوو پارتەکە هەموو نفوز و کاریگەریان لەو زۆنەیە، کەواتە هەر هەمان ئەو پارتانەن لەو هەرێمەدا دەبنەوە پارتی سەرەکی، ئیدی کە ئێستا نەیانتوانیوە ڕۆڵ بگێڕن لە چاککردنی گیروگرفتەکانی ئەو زۆنە، بەبڕوای من ئەوکاتەش ناتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن ببێتە هۆی چارەسەریی ئەو کێشە و گرفتانە؟!

کەوایە کێ بەو پڕۆژەیە هەڵدەستێت، ئەگەر هەمان ناشەفافی و بزربوونی داهات و نادادپەروەری بەردەوام بێت هیچ کێشەیەکی ئەو هەرێمە (هەرێمی زۆنی سەوز) چارەسەرنابێت و هەر هەمان دۆخی ئێستا لە هەرێمێکی قەبارە بچووکتر دووبارە دەبێتەوە، ڕەنگە زۆر قوڵتریش ببێتەوە.

 ئەو زۆنە فرە حزب و جەمسەر و هێزی جیاوازە، بە ئاسانی ئەو هێزانە ناتوانن لەگەڵ یەکدا کاربکەن بەم بیرکردنەوە و کلتورە سیاسیەی کە هەیە، لە ئەنجامدا ئەمە سەردەکێشێت بۆ فەوزا و ململانێی توند لەسەر ئەوەی کامیان دەتوانێ کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو هەرێمە نوێیە بکات و قازانجە گەورەکان بۆخۆی بێت.

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەی بە هەرێمکردنی زۆنی سەوز بکەن؟

زانیار وەلی: خەڵکی ئەو زۆنە پێویستە وشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە بکات. ئایا ئەمە خواستی خەڵکە؟ ئایا کۆمەڵانی خەڵك دەیانەوێت ئەو هەرێمە دروست بێت و ئەمە خواست و داوای ئەوانە؟ ئایا ئەم هەرێمە بەڕێوبەرانی کێ دەبن؟ ئەو هەرێمە چارەسەری چ دەکات؟ لە سەرووی ئەمانەشەوە ئایا خەلك ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە دەبێت، نامۆبوونی خەڵکی کوردستان بە هەرێمی کوردستان ئەوەیە ڕۆڵی خۆیان نابینن لە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، ئەگەر هەرێمی سەوزیش دووبارە بوونەوەی هەمان دۆخ بێت، کەوایە قازانجی خەڵك چییە؟

ئەگەر خەڵکی ئەم زۆنە بە خواستی خۆیان هەرێمێکی نوێ دروست بکەن و ڕۆڵیان تێیدا هەبێت و بتوانن چارەسەری ئەو قەیرانانە بکەن کە پێوەی گیرۆدەن، ئەوە بژاردەیەکی باش دەبێت بۆ خەڵك.

بۆپێشەوە: کاردانەوەی دەسەڵاتی هەولێر و بەغدا لەبەرامبەر بە پرسی بە هەرێمکردنی زۆنی سەوز چۆن دەبێت؟

زانیار وەلی: دەسەڵاتی هەولێر کە بریتیە لە دەسەڵاتی (پارتی دیموکراتی کوردستان) کە پارتێکی دەسەڵاتخوازە و خەونی دەست بەسەرداگرتنی هەموو هەرێمی کوردستانی هەیە، هەرگیز بە شتێکی وا ڕازی نابێت، دەیانەوێت ناڕەزایەتی و دژایەتیەکەیان ببەستنەوە بەبابەتی نەتەوەییەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا مەسەلەکە پەیوەندی بە ناسیۆنالیزمەوە نییە، بەڵکو ژانی دەسەڵاتخوازی قۆرخکردن و لەدەستچوونی ئەو داهاتەیە کە لەو زۆنەوە بەدەستی دەکەوێت. نەوتی (کێڵگەی نەوتی تەقتەق) و گازی سرووشتی (گەرمیان) دوو سەرچاوەی داهاتی گەورەن بۆ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد، کەوایە کاردانەوەکەیان ڕوونە.

 سەبارەت بە بەغداش مامەڵەیەکی دیکە لەگەڵ ئەو پرسە دەکات، لەلایەکەوە بۆ ترساندنی زۆنی زەرد دەیەوێت وای نیشان بدات کە ئەوان کێشەیان نییە و پێیان باشە ئەو هەرێمە دروست بێت و پشتیوانی دەکەن تا دەسەڵاتی زۆنی زەرد مل بە هەموو داواکانی بەغدا بدەن لە مەسەلەی داهاتەکان کە ئێستا کێشەیەکی گەورەیە لە نێوانیان.

 هەروەها ئەوانەی بە چاوێکی ناسیۆنالیستانە و مەرکەزییەوە سەیری ئەو پرسە دەکەن، ئەو بابەتە دەوروژێنن و پێیان وایە بەم شێوەیە کێشەی کورد وەکو کێشەیەکی نەتەوەیی لاواز و دابەش دەبێت و ئەو دوو هەرێمە لە دژی یەك هەمیشە بەیەکدا دەدات و لە ئەنجامدا دەوڵەتی مەرکەزی بەهێزەوە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و دەوڵەتێکی مەرکەزی بەهێزدەبێتەوە.

 بۆپێشەوە: وڵاتانی ناوچەکە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی کوردستان دەکەن؟

زانیار وەلی: وڵاتانی ناوچەکە وەکو هەمیشە دەست لەو بابەتە وەردەدەن و گەمەیەکی نوێی دەزگا موخابەراتی و جاسووسیەکان دەبێت. بۆ لاوازکردنی کێشەی پرسی نەتەوەی کورد ئەو بابەتە بەکاردەهێنن، ئێران و تورکیا و سوریا کێشەی کوردیان هەیە، بەم شێوەیە ئەوان وادەکەن نیشانی کوردانی وڵاتەکانیان بدەن کە: سەیربکەن کوردانی ئەو هەرێمە، ناتوانن چوار پارێزگا بەیەکەوە لە هەرێمێکدا بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوەببەن و دابەش دەبن، کەوایە هەموو هەوڵێکی ئێوەش بۆ مافی چارەنووسی خۆتان سەرەنجامەکەی بەم شێوەیەیە و هەر لە سایەی دەوڵەتێکی بەهێزدا بمێننەوە لە قازانجتانە.

لە لایەکی دیکەشەوە هەر وڵاتە و بۆ بابەتی بازرگانی و داهات و قازانجی ماددی خۆی  سەیری ئەو پرسە دەکات، کە تا چەندە ئەو بابەتە لە قازانجی ئەواندایە!

دەوڵەتانی زلهێزیش بیر لە قازانجی گەورە و مامەڵە لەگەڵ هێزی گەورە دەکەن، نەوەك دوو هەرێمی بچکۆلانە!

بۆپێشەوە: تا چەندە لاتان وایە دەسەڵاتی سیاسی بەغدا لەباری یاسایەوە مل بەهەرێمکردنی زۆنی سەوز دەدات؟     

زانیار وەلی: لەباری یاساییەوە بەغدا مل بۆ ئەو بابەتە نادات. چونکە ئەوان خەونی ئەوەیان هەیە زیاتر مەرکەز بەهێز بکەن، و هەرگیز لە کلتور و بیرکردنەوەیان دا فیدڕاڵی راستەقینە بوونی نییە، دەسەڵاتی بەغدا(شیعە) نایەوێت عێراقێکی فیدڕاڵی هەبێت، هەرێمی سلێمانی دروستبێت، مەسەلەی هەرێمی سوننە دێتەوە گۆڕێ، کە ململانێیەکی چەندین ساڵەیە لە دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراقی بەناو فیدڕاڵەوە. هەروەها هەندێ لایەنی شیعەی عێراقیش داوایەکی وەهایان دەبێت، بەم کلتورەی لە عێراقیشدا هەیە و بەوجۆرە پێکهاتە خێڵەکی و مەزهەبیەوە، ئەم بابەتە سەردەکێشی بۆ ململانێی توندی نەتەوەیی، مەزهەبی،  خێڵەکی. ئیدی هەرچی ڕاستدەبێتەوە و دەیەوێ ببێتە ئاغای ناوچەیەك وخۆی بەڕێوەی ببات و کەسی دیکەی تێدا ئۆقرە نەگرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.