محەمەد گۆران: گومانی تێدا نییه كه ئەو دۆخه‌ی ئێستا به‌سه‌ر مووچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا سه‌پێنراوه، له‌درووستبوونی ده‌وڵه‌تشاری بابل و شارستانییه‌تی سومه‌ری تاكو ئێستاكه وێنه‌ی نه‌بووە…
محەمەد گۆران: گومانی تێدا نییه كه ئەو دۆخه‌ی ئێستا به‌سه‌ر مووچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا سه‌پێنراوه، له‌درووستبوونی ده‌وڵه‌تشاری بابل و شارستانییه‌تی سومه‌ری تاكو ئێستاكه وێنه‌ی نه‌بووە…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز مامۆستا محەمەد گۆران چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە ”موچەی فەرمانبەران لە ململانێی نێوان هەولێر و بەغداد“ دا
بۆپێشه‌وه: له‌ساڵی ٢٠٢٠ دا ته‌نها هه‌شت مووچه‌و به‌شێكیان به‌لێبڕینه‌وه بووه، کە دراوه‌ته مووچه خۆران، له‌و هه‌شت مووچه‌یه‌ش سێ مووچه‌ی هی ٢٠١٩ بووه، واتا له‌ساڵی ٢٠٢٠دا ته‌نها پێنج مووچه دابه‌شكراوە. ئه‌وه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی مووچه خۆراندا ده‌بێت؟
مامۆستا محەمەد: گومانی تێدا نییه كه ئەو دۆخه‌ی ئێستا به‌سه‌ر مووچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا سه‌پێنراوه، له‌درووستبوونی ده‌وڵه‌تشاری بابل و شارستانییه‌تی سومه‌ری تاكو ئێستاكه وێنه‌ی نه‌بووه، چینێكی سه‌رووی ده‌سه‌ڵات وه‌ك گه‌نه خۆیان بنووسێنن به‌كورسی حوكمڕانییه‌وه، نه‌توانای به‌ڕێوه‌بردن و ژیانێكی شایسته به‌كۆمه‌ڵگەیان هه‌بێت، نه‌ئاماده‌ش بن كورسی بۆ كه‌سانێكی شایسته جێبهێڵن.
هۆكاری ئه‌م ته‌نگه‌ژه‌ی هه‌رێم تێیكه‌وتووه، به‌شێكی مێژووییه و په‌یوه‌ندی به‌میساقی میللی و په‌یوه‌ندی نێوان تورك و ئینگلیزه‌وه هه‌یه، و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش په‌یوه‌ندی به‌چینی سه‌رووی كورده‌وه هه‌یه كه له‌رێگای رێككه‌وتنێكی په‌نجا ساڵی، ئابووری هه‌رێم به‌ستراوه‌ته‌وه به‌ئابووری توركیا، له‌كاتێكدا هه‌رێم هێشتا به‌شێكه له‌حكومه‌تی عێراقی عه‌ره‌بی.
كاریگه‌ری ئه‌م دۆخه داسه‌پاوه‌ش، هێنده‌ی ماددییه، دوو هێنده‌ش مه‌عنه‌وییه. ڕە‌شبینییه‌كه‌ی ئێستای خه‌ڵكی و رێكخراوه‌كان گه‌یشتووه به‌و قۆناغه‌ی، له‌ده‌رچه‌یه‌ك بگه‌ڕێن، چۆن مووچه راسته‌وخۆ له‌به‌غداوه دابه‌شكرێته سه‌ر فه‌رمانبه‌ران!؟.
بۆپێشه‌وه: مووچه داخوازی نییه، به‌ڵكو مافێكی ڕه‌وایه و پێویسته له‌كاتی خۆیدا دابه‌شبكرێت، هۆكار چییه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم، پابه‌ند به‌دابه‌شكردنی مووچه نابێت، ئایا به‌راستی داهات نییه یان هۆكاری دیكه‌ی له‌پشته؟
مامۆستا مەحەمەد: ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق داوای نه‌وت و داهاتی ده‌روازه ناوه‌خۆییەکان له‌هه‌رێم بكات له‌به‌رامبه‌ر پێدانی سەدا حه‌ڤده‌ی١٧٪ داهاتی عێراق كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌و پاره كه‌متریش ده‌هات، پاشان دۆخی ژیان به‌جۆرێك گۆڕا ئه‌و كوردانه‌ی هه‌نده‌ران، هه‌ندێك ده‌یان ساڵ بوو كوردستانیان نه‌بینیبوو، له‌خۆشی پاره زۆرییه‌كه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان؟ ئێستا كه هه‌رێم نه‌وت و داهات ڕاده‌ست ناكات كه‌واته ده‌بێ زۆر له‌و سه‌دا حه‌ڤده زیاتری ده‌ستكه‌وێت! به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌مجاره پاره‌كه ناگاته ده‌ست مووچه‌خۆر و چینی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگە، هه‌ر له‌چینی سه‌رەوەی ده‌سه‌ڵات، ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرێت!.
بۆپێشه‌وه: كێ به‌رپرسی یه‌كه‌مه له‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا یان ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم؟ یان به‌رپرسیاره‌تی هه‌ر یه‌كه‌یان چییه و چۆنه؟
مامۆستا مەحەمەد: حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیاره له‌و دۆخه، چونكه نه‌ئاماده‌یه نه‌وت و داهات ته‌سلیم بكات، نه ئه‌وكاته‌ی خۆیشی نه‌وته‌كه ده‌فرۆشێت، پاره‌كه‌ی دیار بێت!. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رێم مووچه‌ش نادات، به‌ڵام ده‌یان ملیار دۆلاریش قه‌رزار بۆته‌وه بەپێی قسەی خۆیان نزیکەی ٢٨ ملیار دۆلار قەرزارن؟ ئێستا هه‌رێم نه‌وت ده‌فرۆشێت وڵاتی ئورده‌ن نه‌وت ده‌كڕێ، ئینجا هه‌رێم قه‌رزاره و هه‌موو كه‌رته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندرووستیی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئورده‌ن له‌هه‌رێم له‌پێشتره. به‌درێژایی مێژوو كورد دوو چینی هه‌بووه، سه‌روو و خواروو، هه‌میشه چینی سه‌روو ده‌ستی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته هه‌رێمایه‌تی و زڵهێزه‌كان تێكه‌ڵكردووه و خۆشترین ژیانی كردووه؟ ئێستا چینی سه‌رووی كورد له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆكه، خۆشتر له‌ملیاردێره‌كانی مۆناكۆ و تۆكیۆ و ڤییه‌نا و نیۆرك و دوبه‌ی ده‌ژین، چینی خواره‌وه‌ش رووبه‌ڕووی ژیانێكی كوله‌مه‌رگی كراوه له‌شێوه‌ی خێڵه‌كانی ئه‌سیوپیا و سۆماڵ و ئه‌ریتریا له‌بێخاوه‌نی سه‌رگه‌ردانن!
بۆپێشه‌وه: چۆن ده‌ڕواننه سه‌ردانی وه‌فدی هه‌رێم بۆ به‌غدا له‌په‌یوه‌ند به‌مووچه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم؟ ئایا ئه‌م شاندانه نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانن یان حزبه تاڵانچییه‌كان؟
مامۆستا مەحەمەد: چوونی وه‌فده‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غدا ته‌نها بۆ كات كوشتن بووه تاكو ئێستاكه، به‌ڵام له‌دوای هاتنی دیموكراته‌كان بۆ كۆشكی سپی، پێناچی هه‌رێم چیدی توانای درێژه‌دان به‌و یاری مشك و پشیله‌یە هه‌بێت!
بۆپێشه‌وه: هۆكار چییه به‌غدا هه‌رێم و هه‌رێم به‌غدا به‌پابه‌ند نه‌بوون بەڕرێككه‌وتنامه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات؟ كام له‌م دوو لایه‌نه پابه‌ندی ڕێككه‌وتنی نێوانیان نابن؟
مامۆستا مەحەمەد: گومانی تێدا نییه كه عه‌ره‌بی سوننه و شیعه‌ی عێراق، ئه‌وانیش سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و به‌دوای هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌ن، به‌ڵام هه‌رێم و عێراق، به‌غدا و هه‌ولێر، له‌مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و داهات، هه‌ولێر هه‌میشه پاساو ده‌داته به‌غدا، چونكه نه‌وت ته‌سلیم ناكات، بۆیه له‌و لایه‌نه‌وه جێگای داخه كه بڵێین به‌غدا له‌بابه‌تی بودجه و مووچه و نه‌وت ڕاستگۆتره و عه‌قڵی ئه‌وان ده‌وڵه‌تدارییه نه‌وه‌ك ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌هه‌رێم حوكمڕانی ده‌كات.
بۆپێشه‌وه: له‌به‌رامبه‌ر به‌بێ مووچه‌یی و نه‌بوونیدا، ماوه نا ماوه، مووچه خۆران و خه‌ڵكی بێكار و نه‌دار ده‌ست ده‌به‌ن بۆ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان، كه‌چی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌بری وه‌ڵام به‌داخوازییه‌كانیان، ده‌ست بۆ زه‌بروزه‌نگ و گرتن و كوشتار ده‌بات، چۆن ده‌ڕواننه ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات؟
مامۆستا مەحەمەد: هه‌ر بوونی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ساڵی ١٩٢١ كیانێكی ناسرووشتی بوو كه له‌لایه‌ن سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی ئینگلیز دروستكرا، و وه‌ك ته‌ڵه‌یه‌ك ویلایه‌تی موسڵی كوردی لكێنرا به‌ویلایه‌تی به‌غدا و به‌سرای عه‌ره‌بی. جارێكی دیكه له‌ساڵی ١٩٩١ به‌ڕاپه‌ڕین و هێزی چه‌كداری سیسته‌م گۆڕا. دوای پێنج ساڵ، جارێكی دیكه له ٣١ی ئابدا به‌شێوه‌كی دیكه‌ی ناسرووشتی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات ئاڵوگۆڕ كرا و تائێستاش هه‌ڵبژاردنه‌كی خاوێن نه‌كراوه.
بۆیه هه‌بوونی ئه‌و سیسته‌م و قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌شێوه‌كی سرووشتی نه‌هاتووه تاكو به‌سرووشتی و به‌سندوقی ده‌نگدان ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات بكرێت. هه‌رێمی كوردستان، وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا نییه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ناوچه‌كه هه‌رێمیشی له‌گه‌ڵدا بێت، كاتێك تۆی وه‌ك هاوڵاتی قبووڵه به‌حوكمدارییه‌كه‌ی ڕازی بێت، ئه‌گینا ئاماده‌یه تۆمه‌تبارت بكات و به‌زه‌بروزه‌نگ وه‌ڵامت بداته‌وه.