حەسەن مارف: سروشتی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەرەی کوردستانیەوە تا دەگاتە نۆیەمین کابینەی حکومەت بریتیە لە بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی هەردوو حزب بەگشتی و بنەماڵەکانیان بەتایبەت…

0

حەسەن مارف: سروشتی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەرەی کوردستانیەوە تا دەگاتە نۆیەمین کابینەی حکومەت بریتیە لە بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی هەردوو حزب بەگشتی و بنەماڵەکانیان بەتایبەت…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ‌بەڕێز حەسەن مارف هەڵسوڕاو و چالاکی مەدەنی و  کارمەندی تەندروستی سەبارەت بە ”موچەی فەرمانبەران لە ململانێی نێوان هەولێر و بەغداد“ دا

 بۆپێشەوە: موچەی موچەخۆران و خزمەتگوزارییەکان لە قورگی شێردایە، چۆن دەکرێت دانی موچە و خزمەتگوزارییەکان لە قورگی ئەم شێرە دەربهێندرێت؟

حەسەن مارف: بەڕاستی مووچەی مووچەخۆران و خزمەتگوزاریەکان لەقورگی شێر دایە و لەشێر دڕندەتریشدایە! سەبارەت بەچۆنیەتی سەندنەوە و دەرهێنانی لەقورگی ئەم دڕندەیە تەنها و تەنها بەیەکخستن و یەکگرتوی خەباتمان دەکرێت بۆ دەرهێنانی لە قورگی ئەودڕندەیەو بگێڕدێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە هاووڵاتی و فەرمانبەرانی مافخوراون لەژێر دەسەڵاتێکی بەناو خۆیی و لە ڕاستیدا مافیا ئاسا ڕەفتار.

بۆپێشەوە: خەڵکی بێبەشی کوردستان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی، بوونەتە قوربانی ململانێی نێوان بەغدا و هەولێر، چۆن دەکرێت خەڵکی کوردستان و موچەخۆران چیتر نەبنە قوربانی ململانێی ئەم مافیایەی هەردوو دەسەڵات؟

 

حەسەن مارف: ئێمە خەڵکی بەش مەینەت مووچەخۆران تاکە قوربانی و زەرەرمەندی ئەم نێوانەین. بۆ دەربازبوون لە م ململانێیە،  دەکرێت ئێمە بەڕوونی و بەڕاشکاوی فشاری هەمەلایەن بۆ سەر هەردوو دەسەڵاتی هەرێم و ناوەند بەرین، بەپێی ئەو یاسا دەستورەی لەهەرێم و ناوەند هەن. مووچەخۆرانی خەڵکی هەرێم مافی سەرەتایی و بێ ئەملاولای خۆیەتی  شایستە دارایی و پشکی بەرکەوتەی خزمەتگوزاری پێبدرێت، و بێنەدەرەوەی ئەم ململانێیە نادروست و پڕلەکێشەیە.

 

بۆپێشەوە: هۆکار چییە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بۆ موچەو خزمەتگوزارییەکان، بەسەرکەوتن ناگەن؟  

حەسەن مارف: هۆکاری سەرنەکەوتن وبەئەنجام نەگەیشتنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بۆ مووچە و وخزمەتگوزاریەکان، دەگەڕێنمەمەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار:

١- نادروستی و هەڵە لەچۆنیەتی ناڕەزایەتییەکان دوبارەکردنەوەی بایکۆت کردن و دوورکەوتنەوە لەناوەندی کار کەخۆی دەبێت خەباتی مانگرتن بێت لەناوەندی کار ، چونکە بایکۆت دوورت دەخاتەوە لەهاوکارو هاوخەباتەکانمان.

٢- بەحزبی کردنی هەموو بەڕێوەبەری شوێنی کارو تەنانەت بەرپرسی هۆبە و بەشەکان خەڵکی حیزبی و گوێڕایەڵی دەسەڵاتی لێ دانراوە.

٣-  وەڵامی نادیموکوراسی و سەرکوتگەرانە و پێشێلکردنی هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکان لەکاتی ناڕەزایەتییەکان، و  کوشتن و تۆقاندن و گرتنی چالاکوانان و خەڵکی هەڵسوڕاوی ئەم  بوارە.

د- لەیەک دابڕان و پەرتەوازەیی خەڵک بەهۆی پەتای کۆرۆنا، و  ویستی دەسەڵاتی سیاسی بۆ پەکخستنی – کەرتی گشتی و هەڵتۆقانی کۆمپانیا حیزبیەکان لەبری دام ودەزگا دەوڵەتی و خزمەتگوزارییەکان.

٤- نەبوونی سەندیکا و ڕێکخراوی جەماوەری و پیشەیی کارا و دوور لە هەژموونی حزبی.

بۆپێشەوە: زامنی سەرکەوتنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بۆ موچە و خزمەتگوزارییەکان چییە؟

حەسەن مارف: یەکخستن و هاوئاهەنگکردنی ئەم خەباتە لەنێوان شاروشارۆچکەکان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد، هاو زەمانکردنی ناڕەزایەتیەکان و داواکاریەکان وڕێگری کردن لەوەی حزب و ڕێکخراوەکان بۆ بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بن، بەتایبەت حزبەکانی ناو دەسەڵات و پرۆسەی سیاسی لە کوردستان. کەئەمە ئەزموونێکی خراپی داوە بەخەڵکی ناڕازی.

 

بۆپێشەوە: ڕیشەو هۆکاری ململانێی نێوان دەسەڵاتی سیاسی بەغدا و هەرێم، چییە؟ بۆچی بەردەوام لەکێشەو ململانێدان، بەتایبەتیش لەسەر موچە؟

حەسەن مارف: ڕیشەی ململانێی نێوان هەرێم و بەغداد ڕووە ڕاستیەکەی پلە و پۆست و تاڵانی و بەشە تاڵانییە لای هەردوولایان، بەڵام ڕوپۆشکردنی ئەم ململانێیە بەڕوپۆشی قەومی و دینی و نیشتمانی بۆ خۆی لای ئەمان هیچی ڕیشەی نییە. دەکرێت خەڵکی مووچەخۆرو بەش مەینەتی هەرێم  وەك ئەرکی دەوڵەت دەسەڵاتی سیاسی ئەرکدار کات بە دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییەکان.

بۆپێشەوە: بەرپرسانی هەرێم، زوربەی مانگەکان دەڵێن ئەگەر بڕە پارەی بەغدا هات، موچە دابەش دەکەین، کەواتە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ڕۆڵی چییە ئەگەر هەر چاوەروانی پارەی بەغدا بێت بۆ دابەش کردن؟

حەسەن مارف: تاکە ڕێگەی دەرچوونی خەڵک لەنێوان ئەم ململانێیە، بەو پێیەی هەرێم چاوەڕێی ناوەندە بۆ دابەشکردنی نیومووچە وبڕینی خزمەتگوزاریە گشتیەکان. هەرێم جگەلەوەی وەک خەزنەدارێکی(محاسبێكی) دەست پیس و گوماناوی و سەربار بەسەر شانی خەڵکەوە هیچی تر نییە. بەبڕوای من سروشتی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەرەی کوردستانیەوە تا دەگاتە نۆیەمین کابینەی حکومەت بریتیە لە بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی هەردووحزب بەگشتی و بنەماڵەکانیان بەتایبەت و شانخاڵیکردنەوە لە بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر ماف و ژیان و گوزەران و ئاسایشی خەڵکی کوردستان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.