بۆ ئازادکردنی گیراوەکانی بادینان، هێز و گوشاری جەماوەری پێویستە!

0

بۆ ئازادکردنی گیراوەکانی بادینان، هێز و گوشاری جەماوەری پێویستە!

نزیکەی پینج مانگە ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوانی نارەزایەتیە جەماوەرییەکان و چەندین رۆژنامەنووس و مامۆستا، لەلایەن دەسەڵاتی پارتیەوە لە زیندان توندکراون… تاوانێک!! کە ئەو سەدان کەسە کردویانە بانگەواز بۆ خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربرین بووە، بە بێ موچەیی و  دۆخی نەخوازراوی ژیان.

دەستبردنی پارتی بۆ ئەم شیوە لەمامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران و ڕفاندن و زیندانی کردنی کەسە چالاک و هەڵسوڕاوەکان، بۆ ماوەی چەندین مانگ چاوەڕوانکراوە… حزب و لایەنێکی سیاسی ئامادەبێت بەچەندین مانگ موچە موچەخۆرانی نەدات، لانی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیانی دابین نەکات… لەبەرامبەریشدا پەیتا پەیتا باج و رسومات بخاتە سەر هاوڵاتیان و سەرانی قاچاغچی و بازرگان و سەرمایەدارە حزبیەکانیش بە ئاشکرا خەریکی تاڵانی و دزی بن… هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە هەر کەس و هەڵسوڕاوێک دەنگی بەرزکردەوە نارەزایەتی دەربڕی لە زیندانی توند بکات… ئەمەش نیشانەی ترسە لە تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری و خۆشیان باش دەزانن، نارەزایەتی جەماوەری و ویستی ڕەوای هاوڵاتیان لەڕیگای سەرکوت و ترساندنەوە بە شوێنێک ناگات و خامۆش ناکرێتەوە، بەپێچەوانەوە رق و تورەیی جەماوەری زۆتر دەکات… ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی تریش کە ئیستا بەشداری دەسەڵاتن، وەکو پارتی بەرپرسی ئەم سەرکوت و توندوتیژییەن و بێدەنگیشیان بەرامبەر بە سەرکوت و زیندانی و تەنانەت دەنگ دەرنەهاتنیان لەبەرامبەر بە کوشتاری چەنین خۆپێشاندەر، ئەوە دەخاتە ڕوو… کە دەسەڵاتی سیاسی ئیستا و لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتدا، هەموویان چۆن تۆمەتبارن لە برسیکردن و موچە بریندا، ئاواش بەرپرسیاری سەرکوت و زیندانیکردن و کوشتاری خۆپێشاندەرانن… جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان و هەر حزب و لایەنێکی سیاسی و جەماوەری و پیشەیی و تا دەگاتە هەر کەسایەتیەک کە بانگەشەی بەرگری لە ئازادی و مافی ئینسان دەکات، ئەرکیانە گوشار و ڕیکاری کاریگەری فراوان بخەنە دەستورەوە بۆ ئازادکردنی زیندانیەکان و رادەستکردنی تۆمەتبارانی سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران…

Leave A Reply

Your email address will not be published.