نەهرۆی کەسنەزانی و سەرانی یەکێتی نیشتمانی! نووسینی: سەردار عەبدوڵا

0

نەهرۆی کەسنەزانی و سەرانی یەکێتی نیشتمانی!

دەسەڵاتی بۆرژوازی لە کاتی قەیرانەکاندا کە رووبەڕووی ناڕەزایەتی جەماوەری دەبێتەوە بەهۆی شکاندنەوەی قەیرانەکانی بەسەر جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و خەڵکی هەژاردا، ناچار  دەبێ بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی پەنا ببات بۆ هەموو سەرکوت و درۆ و فێڵ و چەواشەکاریەک. خەڵکی کوردستان لە ماوەی ٣٠ ساڵی ئەم دەسەڵاتەدا ئەم دیاردەیان بینیوە بە چاوی خۆیان، ئێستا ئەم دەسەڵاتە  متمانەی دۆڕاندووە و چیتر خەڵک باوەڕی پێ ناکا.

قەیرانی مووچە دیارترینی ئەو قەیرانانەیە  کە ئەم دەسەڵاتە دزو تاڵاچییەی بە جێگایەک  گەیاندووە پەنا بۆ شێخ و فریوکاریەکانی ببات. لەم کاتەدا شێخ نەهرۆی کەسنەزانی باشترین ئامرازە بۆ ئەم فریوکاریەی دەسەڵات.  سەرانی دەسەڵاتەکەی یەکێتی بە تایبەت بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمارو پاڤێڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی  و وەزیری گەشت و گوزار، یەک لە دوای یەک سەردانی شێخ نەهرۆیان کرد بۆ کردنەوەی پڕۆژەی بە کەربەلاکردنی شاری سلێمانی و کردنەوەی مەزارگەیەک بۆ گۆڕی باوکی شیخ نەهرۆ تا بەڵکو دەروێشەکانی سەردانی بکەن و لەم ڕێگاوە سەرمایەگوزاری بکەن، گوایا لە بەرژەوەندی خەڵکی نەداری کوردستان دەبێ وەک نەهرۆ خۆی وتی چارەسەری کێشەی مووچەی پێ دەکات. ئەوەی نەهرۆ وتی درۆیەکی تازە نییە، سەرانی دەسەڵاتی کوردی هەمیشە ئەم قسەیان دووبارەو چەند بارە کردوەتەوە ئەمجارە ئەم دەسەڵاتە ئەم درۆیە بە شيخ نەهرۆ دەکا، چونکە بۆ گەمژاندنی  خەڵک ئامرازێکی گونجاوە بۆیان. بۆ ئەوەی بزانین شێخ نەهرۆ بۆچی ڕاست ناکا سەرەتا دەبێ بزانین شێخایەتی و سۆفی گەری و دەروێش کۆکردنەوە لە سەر بنەمای درۆ وە فڕوفێڵ و فریوکاری لە منداڵدانی کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەوارو دواکەوتوو لە دایک بووە، چونکە کۆمەڵگەی بێ ئاگا و دەسەڵاتی زۆردار  پیاوی فێڵبازو ساختەچی دروست دەکا بۆ ڕۆشنایی ئەمە با بگەڕێینەوە بۆ کتێبەکەی ئەحمەد کسرەوی کە پێش حەفتا ساڵ باسی هاتنی  شێخ و سۆفی گەرایی دەکا:

(كسرەوی دەربارەی رەگ‌ و ریشەی سۆفیگەری دەڵێت “سۆفیگەری هەروەك زۆر شتی دیكە لەفەلسەفەی یۆنانیەوە سەریهەڵداوە، دامەرێنەرەكەی پلوتینۆس-ی فەیلەسوفە كە پێیوایە سەرچاوەی جیهان‌و هەمووی ئەوەی هەیە یەك شتە ئەویش خودایە‌، هەمو شتەكانی تر لەو جودا بونەتەوە، بۆیە پێویستە مرۆڤ گیرۆدەی مادیگەری نەبێ‌‌و خۆی رادەستی چێژو خۆشییەكانی دنیا نەكات، ئەوەی گۆشەگیر‌و بێخود بێت دەتوانێت پەیوەست بێتەوە بەخوداو پەروەردگارەوە”.

كسرەوی ئاماژە بەوە دەكات كە لەسەدەكانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە ئەم جۆرە بیركردنەوە فەلسەفییە یۆنانیانە رویانكردە وڵاتی موسڵمانان‌و رۆژهەڵات‌و ئەمانیش زیاتر بڕەویان پێداو زۆری نەخایاند سۆفیگەری گەشەی كردو تەكیەو خانەقا دامەزرا بۆ ئەوانەی تەركی دنیایان دەكردو جل‌و بەرگێكی زبریان دەپۆشی، ئەو دەڵێت “ئیتر شێخەكانی سۆفیگەریش پاگەندەی ئەوەیان دەكرد كە نوێنەری پێغەمبەر‌و خودان، هەمو شتێكی ئەم دنیایە بەدەستی ئەوان دەسوڕێ‌‌و تەنانەت کار گەیشت بەوەی بڵێن ئیزرائیلیش بەبێ‌ رەزامەندی شێخ عەبدولقادری گەیلانی گیانی كەسی پێناكێشرێت”)*

ئێستا وا زانیمان بناغەی سەرهەڵدانی شێخ و سۆفی گەری چییە، ئەنجا  دەبێ بزانین شێخ نەهرۆی کەسنەزانی و دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز بە دوای چییەوەن؟ لە وەڵامدا ئەمانە بەدوای ئەوەوەن سێکتەرێکی تری  ئابوری زیاد بکەن بۆ کوردستان، بەڵام ئایا سەرمایەکەی بۆ کێ دەبێ؟ دیارە چەندین سێکتەری ئابوری لە ماوەی ٣٠ ساڵدا بۆ کێ بووە ئەمەشیان هەر بۆ ئەوە، نەوت، گومرگ، بازرگانی، کۆمپانیاکان، باجەکان، پارەی ئاو و کارەبا هتد … ئەو سێکتەرە ئابوریانەن کە لە لایەن سەرانی ئەودەسەڵاتەوە قۆرخ کراون بۆ خۆیان خەڵکی کوردستانیش بێبەش کراوە لە داهاتی ئەمانە .

ئەمجارەیان ئەم سێکتەرە ئابوریەی شێخ نەهرۆش زیاد دەبێ  بۆیان، جیاوازیەکەی ئەوەیە شێخ نەهرۆش دەبێتە شەریکە دزی ئەم دەسەڵاتە لەمەودوا. ئەمانە هەموو پێکەوە خەریکی کەڵەکەی سەرمایە دەبن چونکە سیستەمی ئابوری ئەمانە سەرمایەدارییە لە سیستەمێکی لەم جۆرەدا هەژاری هەر زیاد دەکا و دەوڵەمەندیش زیاتر دەوڵەمەندتر  دەبێ بۆیە قازانجی کردنەوەی تەکیەو مەزارگە و مەرقەدی کەسنەزانی بۆ ئەو چینە دەوڵەمەندە دەبێ خەڵکیش بەدرۆ و بەفێڵ دەخەنە حاڵەتی چاوەڕوانیەوە. بۆ ڕاستی ئەمەش دەکرێ ئاوڕێ لە خەڵکی کەربەلاو نەجەف و کوفە و بەغدا  بدەینەوە بزانین چەندە سوودمەند بوون لە شوێنە “پیرۆزییە ئاینیەکان”!!. هەموو دەزانین خەڵکی برسی و بێکارو هەژاری  ئەم شارانە بۆ ماوەی دە مانگ لەسەر جادە بوون دژی دەسەڵاتی دزو گەندەڵی میلیشیای عێراق. ئەگەر بە بووونی شوێنی پیرۆزیەکان!!  بوایە و لە بەرژەوەندی خەڵکەکەیدا بوایە دەبوایە ئەو خرۆشانە گەورەیی جەماوەر هەرگیز ڕووی نەدابایە، چونکە خەڵکەکەی تێرو تەسەل دەبوو!!! .

لە لایەن دەسەڵاتەکەی یەکێتیەوە شێخ نەهرۆ بەکاردێت وەک بەشێک لە پرۆژە چاکسازیە درۆینەکەی، بەڵام لە لایەن شێخ نەهرۆ خۆیەوە پرۆژەکەی بەکار دەهێنێ بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سیاسی خۆی وەک دەڵێن خۆی ئامادە دەکا بۆ پلەی سەرۆک کۆماری عێراق،  دیارە ئەمەش بە پشتیوانی ئەمەریکایە، چونکە ئەمریکا دەیەوێ هێزێک لە عێراقدا دەسەڵاتی هەبێ لە بەرژەوەندی خۆیدا بێت بەدوای شکستی بەدیلەکەی دوای رووخاندنی سەدام کە بووە هۆی بەهێزکردنی پایەگای ئێران و لاوازی خۆی لە ناوچەکەدا. بە چەندین بەڵگەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شێخ نەهرۆ پیاوی خودی ئەمریکایە. بۆیە ئەو پێشبینیە جێی خۆیەتی کە ئەمەریکا ئەمجارە دەیەوێ سەرۆکێکی سۆفی گەرا لە عێراق دا دابنێ لە بەرانبەر ئێران و شیعەو سوونەی سەلەفی و داعشیدا.

هەرجۆرە خۆشباوەڕیەک بە پروپاگەندەکانی یەکێتی و شێخ نەهرۆ وەک ئەو خۆشباوەریەیە کە دەروێشەکان هەیانە بە شێخ نەهرۆ. مووچەو مافەکان بەهێزو فشاری خەڵک بەدەست دێت، نەک بە بەڵێنە هەنگوینیەکانی دەسەڵات و شێخ نەهرۆی کەسنەزانی.

سەردارعەبدوڵا حەمە

١٢/١/٢٠٢١

تێبینی : 

* ئەو دوو پەرەگرافەم لە نوویسنێک وەرگرتوە کە لە ماڵپەری ئاوێنە لەسەر کتێبەکەی ئەحمەد کسروی سەبارەت بە شیخ و سۆفی گەری چاپ کراوە، زیاتر لە ٧٠ ساڵ پێش ئێستا بۆ شارەزایی زیاتر ئەم لینکە بکەرەوە…

 

 

https://www.awene.com/detail?article=41156

Leave A Reply

Your email address will not be published.